خانمە پزیشكێكی كورد خەڵاتێكی نێودەوڵەتی لە نەشتەرگەریی مەمك وەردەگرێت
ساڵانە كۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەریی مەمك لە ئەمریكا بە هاوكاریی كۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریكا پزیشكێكی نەشتەرگەریی مەمك لە سەرتاسەری جیهان هەڵدەبژێرن و خەڵاتی سكۆڵەرشیبی نێودەوڵەتی پێ دەبەخشن، لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش پزیشكێكی كورد كە پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و مەمكە ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە لە بوارەكەی خۆی وەردەگرێت. د. نەرمین تەها مستەفا، بۆ ئەمساڵ خەڵاتی سكۆلەرشیپی نێودەوڵەتیی نەشتەرگەریی مەمكی پێ بەخشرا. هەر لەو بارەیەوە گۆڤاری گوڵان گفتوگۆیەكی لەگەڵ ساز كرد.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
د. نەرمین تەها مستەفا، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و سەنتەری نەخۆشییەكانی مەمك لە هەولێر، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا و بۆردە لە نەشتەرگەریی گشتی و لە ساڵی2006 ـەوە یەكەم پسپۆڕی ئافرەت بووە لە بواری نەشتەرگەریی گشتی لە هەموو كوردستان و هاوەڵی كۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریكی و ئەندامی كۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەریی مەمكە لە ئەمریكا. سەبارەت بە وردەكارییەكانی كار و پڕۆژەكانی ئەو خانمە پزیشكە بە گوڵانی راگەیاند:
«ساڵانە كۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەریی مەمك لە ئەمریكا بە هاوكاریی كۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریكا پزیشكێكی نەشتەرگەریی مەمك هەڵدەبژێرن لە سەرتاسەری جیهان و خەڵاتی سكۆڵەرشیپی نێودەوڵەتی پێ دەبەخشن.» هەر لەو بارەیەوە گوتی: «سوپاس بۆ خوای گەورە بۆ ئەمساڵ من هەڵبژێردرام و بانگهێشتی ئەو وڵاتە كراین. لە یەكەم وێستگەی گەشتەكەشم سەردانی ناوەندی سەرەكیی پڕۆگرامی شێرپەنجەی مەمك (The National Accreditation Program for Breast )م كرد لە شیكاگۆ لە كرد، كە دەزگایەكی پڕۆفیشناڵ و زانستییە و سەرپەرشتیی پڕۆگرامی گرنگیپێدان و چارەسەرەری شێرپەنجەی مەمك دەكات لە ئەمریكا، لەگەڵ تیمی شێرپەنجە گفتوگۆمان كرد لەسەر دوایین زانیاری لە چارەسەر و نەشتەرگەریی شێرپەنجەی مەمك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چۆن سیستەم و داتایەكی رێكوپێك و تۆكمە هاوكارە لەو بوارە. هەرەوها سەردانی بارەگای سەرەكیی كۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمریكیم كرد لە شیكاگۆ، كە نزیكەی چوار ساڵە بڕوانامەی هاوەڵی ئەو كۆلێژەم هەیە. ئەو دەزگایە دەزگایەكی زانستیی گەورەیە لە جیهان بۆ پزیشكانی نەشتەرگەری و نزیكەی سەد ساڵە دامەزراوە، زۆر خۆشحاڵ بووم بە دیتنی كۆمەڵێك پزیشك و كەسایەتیی بەناوبانگی بواری نەشتەرگەری و پاشان سەردانی سەنتەری نەخۆشییەكانی مەمكمان كرد لە نەخۆشخانەی (Northshore University Hospital) و لەگەڵ د. كاپرین یاو كە پڕۆفیسۆری نەشتەرگەریی مەمكە لە نەخۆشخانەكە چۆنیەتی پێشوازی و چارەسەری نەخۆشەكانمان بینی. هەروەها لە بڕگەیەكی دیكەی پڕۆگرامی خەڵاتەكە لە شاری ئالس ڤیگاس بەشداریی كۆڕسێكی پێشكەوتووی نەشتەرگەریی مەمكمان كرد».
د. نەرمین تەها مستەفا باسی ئەوەشی كرد كە لە كۆتا بڕگەی پڕۆگرامەكە بەشداری لە چوار ڕۆژی چڕ و پڕی كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی نەخۆشییەكانی مەمكی كردووە لە شاری ئالس ڤیگاسی ئەمریكا و نوێترین چارەسەر و لێكۆڵینەوەی شێرپەنجەی مەمكیان تاوتوێ كردووە، وەك خۆی باسی كرد، لە میانی كۆنفڕانسەكە وەك خاوەنی خەڵاتی «سكۆڵەر شیب»ی ئەمساڵ ناسێندراوە لە لایەن د جولی كە سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەریی مەمكە لە ئەمریكا، خەڵاتەكەش بۆ ساڵی 2020 بووە، بەڵام بە هۆی نە خۆشیی كۆرۆنا بۆ ئەمساڵ دواكەوتووە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە وەكو خانمێكی كورد بە وەرگرتنی خەڵاتەكەت تا چەند دڵخۆشی؟ د. نەرمین تەها گوتی: «هەستێكی زۆر خۆش بوو و شانازییەكی گەورە بوو بۆ من كە لە ڕووی زانستی پزیشكییەوە نوێنەرایەتیی خەڵك و وڵاتی خۆم كرد و خەڵاتێكی جیهانیم وەرگرت، وەكو یەكەم كەس نەوەك لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق».
سەبارەت بەوەش كە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە تا چەند گرنگی هەیە؟ گوتی: «بێگومان زانستی پزیشكی بەردەوام لە پێشكەوتن و گۆڕانكاریدایە و پێویستە ئێمەی پزیشكانیش ئاگاداری دوازانست و لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان بین، بەشداریكردنیش لەو جۆرە كۆنفڕانس و خولە زانستییانە بێگومان لەسەر خزمەتكردنی نەخۆشەكانمان كاریگەریی ئەرێنی دەبێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆ سەلامەتی و تەندروستیی خانمان چ ئامۆژگارییەكی هەیە، لە كاتێكدا كە ئێستا شێرپەنجەی مەمك لە نێو خانمان باوترین جۆری شێرپەنجەیە، گوتی: «وەكو هەموو وڵاتان ڕێژەی شێرپەنجەی مەمك لە كوردستانیش لە هەڵكشانە و هۆكاری مردنیشە، بۆیە ئامۆژگاریم بۆ ئافرەتان ئەوەیە كە دوور بكەونەوە لەو هۆكارانەی كە ئامادەباشی بۆ شێرپەنجەی مەمك دەكەن. بوونی یەكەم منداڵ لە تەمەنی زوو واتە خوار تەمەنی 30 ساڵ و شیردانی سرووشتی و وەرزشكردن ئافرەت پارێزراو دەكات، هەروەها پێویستە ئافرەتان دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی حەبی منداڵنەبوون بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ، (دە ساڵ، یان زیاتر) و لە جگەرەكێشان و مەیخواردنەوەش دووری بگرن، هەروەها ئەو ئافرەتانەی كە خزمی نزیكیان شێرپەنجەی مەمكیان هەبووە، وەكو دایك و پوور، پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و پشكنین بكەن و سەردانی پێشوەختەی پزیشكیش زۆر بە سوودە. بە شێوەیەكی گشتی زۆر پێویستە خانمان هەر كاتێك هەستیان بە گرێیەك، یان شتێكی نامۆ كرد لە مەمكیان، سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن.