ئافره‌تانى كورد له‌ رێگه‌ى وه‌رزشه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ سه‌ر شاخه‌ به‌رزه‌كانى كوردستان

ئافره‌تانى كورد له‌ رێگه‌ى وه‌رزشه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ سه‌ر شاخه‌ به‌رزه‌كانى كوردستان

ئافره‌تانى كورد له‌ رێگه‌ى وه‌رزشه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ سه‌ر شاخه‌ به‌رزه‌كانى كوردستان
له‌ ئێستادا چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌ ورێكخراو و گروپ و ده‌سته‌ دروست بوونه‌ له‌ پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌كانى شاره‌كانى كوردستان كه‌ گه‌شتى شاخه‌وانى بۆ چیاكانى شاره‌كانى كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌م گه‌شته‌ شاخه‌وانییه‌ ئه‌م وه‌رزشه‌ و هه‌م سوودێكى زۆر ده‌بینن، جگه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ى چه‌ندین كه‌سى جیاواز له‌ گروپێك و دروست كردنى ئاشنایه‌تى له‌ رێگه‌ى ئه‌م وه‌رزشه‌ و ناسینى شوێنه‌كانى كوردستانه‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌م گه‌شته‌ شاخه‌وانیانه‌، له‌ پارێزگاكانى هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆكیش رۆژ به‌ رۆژ ئه‌م گه‌شتانه‌ له‌ زیاد بوونه‌ و هه‌فتانه‌ ئه‌م گه‌شتانه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت، ئاره‌زوومه‌ندانى ئه‌م یارییه‌ شاخه‌وانیه‌ش ده‌یانه‌وێ ئه‌م یارییه‌ بكه‌نه‌ كه‌لتوور، ئافره‌تانى پارێزگاى سلێمانى ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ له‌ رێگه‌ى گروپی شاخه‌وانى هه‌زار مێرد گه‌شى شاخه‌وانى رێكده‌خه‌ن و ئافره‌تانى كوردستانیش به‌ تامه‌زرۆیه‌وه‌ ئه‌م وه‌رزشه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ى شاخه‌ به‌رزه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ،له‌م باره‌شه‌وه‌ گۆڤاری گوڵان راپۆرتێكى ئه‌نجامداوه‌.
راپۆرت: كارزان كانه‌بی
په‌یمان به‌رزه‌نجی سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى شاخه‌وانى هه‌زارمێرد بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى: ئامانجمان ته‌نیا حه‌زو خولیایه‌ هه‌م وه‌رزشیشه‌، شاخه‌وانى بریتیه‌ له‌ وه‌رزش و ئارام بوونه‌وه‌ى مێشك و ده‌روون و پاك بوونه‌وه‌ى روحه‌كان، فێربوونى خۆشه‌ویستمان بۆ ژینگه‌ و دۆستى ژینگه‌ین و ژینگه‌ پارێزین، هه‌روه‌ها ئه‌م یارییه‌ جگه‌ له‌ سوود و ئارام بوون هیچ زیانێكى نییه‌، ته‌نیا سه‌ركێشى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌ ده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا شاخه‌وانى ئێمه‌ى ئافره‌تانه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كه‌مان بۆته‌ دیارده‌ له‌ نێو ئافره‌تان، په‌یمان گوتیشى" من هه‌م راهێنه‌رى وه‌رزشیم هه‌میش شاخه‌وانى ده‌كه‌م، ئه‌و سووده‌ى له‌ شاخه‌وانى به‌ده‌ستم هێناوه‌ له‌ هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كان به‌ده‌ستم نه‌هێناوه‌، وه‌رزشیی شاخه‌وانى وه‌رزشه‌ و كالۆری زۆر ده‌سوتێنى، ئه‌وه‌ش سوودێكى زۆرى هه‌یه‌ بۆ وه‌رزشوانان، ئامانجى ئێمه‌ ته‌نیا وه‌رزش و بینینی سروشته‌ و تێكه‌ڵ بوونمانه‌ به‌ سروشت، سوودێكی زۆرى به‌ ئافره‌تان به‌خشیوه‌، چونكه‌ ئافره‌تان زۆركات بۆى ناڕه‌خسێ بچێته‌ هۆڵه‌كان بۆ زۆر نه‌خۆشى به‌ سووده‌ چاره‌سه‌رێكى باشه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ روح ئاسوده‌ ده‌كات و دڵ ئاسوده‌ ده‌كات هیوادارین ئافره‌تان زیاتر روو له‌م یارییه‌ بكه‌ن، له‌ ئێستادا ئاره‌زوو بۆ ئه‌م یارییه‌ زۆر بووه‌، وه‌ به‌لێنمان داوه‌ درێژه‌ به‌م یارییه‌ بده‌ین، له‌ باره‌ى گرفته‌كانیش گوتى" گرفتمان زۆره‌ و هیچ رێكخراو لایه‌نێك و كه‌سێك هاوكاریمان ناكات بۆ شاخه‌وانى، ئه‌م یارییه‌ كۆمه‌لێك مه‌سروفی ده‌وێ له‌ سه‌ر ئه‌ركی خۆمان بۆخۆمانى دابین كردوه‌، ئه‌م یارییه‌ پێویستى به‌ كۆمه‌لێك جل و به‌رگری پێویست هه‌یه‌ و پاره‌یه‌كى زۆرى ده‌وێ و له‌ تواناى شاخه‌وانان نییه‌، سه‌رجه‌م كاره‌كانمان به‌ كڕێ هاتوچۆشه‌وه‌ له‌ سه‌ر گیرفانى خۆمانه‌، به‌داخه‌وه‌ به‌ هه‌ر لایه‌ك ده‌لێن كه‌ پێویستمان به‌ هاوكارییه‌ هه‌ر وه‌ڵامان نادانه‌وه‌،چونكه‌ ئێمه‌ ناتوانین هه‌موو شتێك بۆ خۆمان دابین بكه‌ین، نه‌بوونى كه‌ڵوپه‌ل گرفتمان بۆ دروست ده‌كات، ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ دامه‌زراوین پێداویستى ته‌كنیكی زۆرمان پێویسته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌مان بۆ دابین بكرابوایه‌ وه‌كو شاخه‌وانى جیهانى ده‌بووین.
به‌هار عومه‌ر یه‌كێك له‌ ئافره‌تانى شاخه‌وان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى: ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ شاخه‌وانى ده‌كه‌م وه‌كو خۆشم بۆ حه‌ز و خولیا و و ته‌ندروستى و له‌ش و لاری خۆم ئم وه‌رزشه‌ ده‌كه‌م، كێشه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانین كه‌لو په‌لی پێویست دابین بكه‌ین، بارى دارایمان وه‌كو پێویست نییه‌ و حه‌ز و ئاره‌زووشمان زۆره‌ بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌، هیوادارم حكومه‌ت هاوكاریمان بكات بۆ به‌رده‌وام بوونمان له‌م یارییه‌.
ژیله‌ غه‌ریب ئافره‌تێكى دیكه‌یه‌ له‌ وه‌رزشیی شاخه‌وانى له‌ باره‌ى یارییه‌كه‌ى بۆ گوڵان گوتى: ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ له‌م یارییه‌ به‌رده‌وامم توانیومه‌ بڕه‌و بده‌م به‌ یارى شاخه‌وانى وه‌كو حه‌زوخولیای خۆم توانیومه‌ بۆ زۆر شاخی كوردستان سه‌ربكه‌وم، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى گروپه‌كه‌مان به‌رده‌وام هاوكارمانه‌، به‌ده‌رله‌وه‌ش ئه‌م یارییه‌ بۆ جه‌سته‌ و مه‌عنه‌وی زۆر باشه‌ بۆ ئێمه‌ ده‌توانی له‌ سروشت ده‌رده‌ دڵ بكه‌ى، حه‌ز و خۆشه‌ویستى له‌گه‌ڵ سروشت بگۆریته‌وه‌، له‌م یارییه‌ دڵى خۆم له‌گه‌ڵ سروشته‌ ئاشت كردیته‌وه‌، كێشه‌ى سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نى ماددی و كه‌لوپه‌لی شاخه‌وانى گرانه‌ و ئه‌و تێچووشه‌مان نییه‌ كه‌ پێداویستى تایبه‌ت بكڕین، هه‌ندێك له‌ ئافره‌تان تووشى رێگرى خانه‌واده‌كانیان ده‌بن بۆ ئه‌نجام نه‌دانى ئه‌م یارییه‌، هیوادارم له‌م ماوه‌یه‌ توانیومانه‌ چه‌ندین ئافره‌ت ببه‌ینه‌ شاخ و گرنگی به‌م بواره‌ بده‌ین.
شاگۆڵ ئیسماعیل ئافره‌تێكی ترى شه‌یداى یارى شاخه‌وانى ئه‌ویش بۆ گوڵان به‌م شێوه‌یه‌ دڵى خۆى كردوه‌ و گوتى:ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ له‌ یارى شاخه‌وانى به‌رده‌وامم و ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى گروپی هه‌زار مێردم، ئامانجم له‌م یارییه‌ باشتربوونى ته‌ندروستى و گه‌ڕانه‌ به‌ نێو شاخه‌كانى كوردستانه‌ و تا ئێستا هیچ كێشه‌و گرفتێكم بۆ دروست نه‌بووه‌، سوپاسى سه‌رۆكی گروپه‌كه‌مان ده‌كه‌م كه‌ به‌رده‌وام هاوكاری باشی ئافره‌تانی كردوه‌ ، هیوادارین ئافره‌تانى كوردستانیش زیاتر بێنه‌ نێو ئه‌م یارییه‌.

 

 

Top