رۆژووگرتن چۆن كاریگەری دەكاتە سەر چەوریی جگەر؟

رۆژووگرتن چۆن كاریگەری دەكاتە سەر چەوریی جگەر؟

جگەر ئەندامێكی زۆر گرنگە، گەلێك فرمان ئەنجام دەدات، رێژەی ئاسایی چەوری بە شێوەی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە جگەردا بریتییە لە 5.5%، كۆبوونەوەی چەوری لەم رێژەیە زیاتر، نائاساییە و بە جگەری چەور Fatty liver هەژمار دەكرێت. جگەری چەور كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا هاوكاتە لەگەڵ هەوكردنی خانەكانی جگەر، كاریگەریی نەرێنی زۆر دەكاتە سەر فرمانەكانی جگەر و رێگرتن لە نوێبوونەوەی خانەكانی جگەر، پاشان ئەگەر حاڵەتەكە لە قۆناغە سەرەتاییەكانیدا چارەسەر نەكرێت، ئەوا پەرە دەسێنێت بۆ مۆمبوونی جگەر Cirrhosis، كە حاڵەتێكی مەترسیدارە و تەنیا بە گواستنەوەی جگەر چارەسەر دەكرێت. رۆژوو كاریگەریی ئەرێنی لەسەر چەوریی جگەر هەیە، بۆنموونە هاندەرە بۆ پاككردنەوەی خانەكانی جگەر لە چەوریی زیاد، بەمەش ئەگەری كۆبوونەوەی چەوری لە خانەكانی جگەردا كەم دەكاتەوە، لە لایەكی دیكە رۆژووگرتن رۆڵی هەیە بۆ تاودانی خێرایی نوێبوونەوەی خانەكانی جگەر، لە گەلێك لێكۆڵینەوەی پزیشكیدا هاتووە كە رۆژووگرتن سوودی زۆری بۆ تووشبووان بە جگەری چەور هەیە، بەتایبەتی كە هاوكات بێت لەگەڵ كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی كە چەورییە تێرەكان لەخۆدەگرن، وەكو گۆشتی سوور، هەروەها گۆشتی ئەندامەكان وەكو گورچیلە، جگەر، مێشك، لەگەڵ كەرە و رۆنی دەستكرد، لەجیاتی ئەم چەورییانە دەتوانرێت كە سوود لە زەیتی زەیتوون، یان زەیتی گەنمەشامی بە بڕی سنووردار وەربگیرێت.

 

Top