ئاره‌زوو ساڵح: خه‌ون و خولیات گه‌وره بێت، كه‌مئه‌ندامى و ئاریشه‌كانى زۆر بچووك ده‌بن
ئه‌و كه‌سانه‌ى خاوه‌ن پێداویستیى تایبه‌تن ژماره‌یان كه‌م نییه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه ئیراده‌یان به‌سه‌ر كه‌مئه‌ندابوونیاندا زاڵه، ژماره‌یان كه‌مه. ئه‌وان شه‌ڕى قه‌ده‌ر ده‌كه‌ن و ڕووبه‌ڕووى هه‌موو كێشه و گرفتێك ده‌بنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى به خه‌ون و ئامانجه‌كانیان بگه‌ن. ئاره‌زوو ساڵح یه‌كێكه له‌و ئافره‌ته كۆڵنه‌ده‌ورانه‌ی كه هیچ كات سه‌ختی و ناله‌باری ژیان له خه‌ون و خولیاكانی دوور نه‌خستووه‌ته‌وه، ئه‌و وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی و پڕئه‌ندام دربَژه به ژیانی رۆژانه‌ی خۆی ده‌دات و به ئومێده‌وه له ئاسۆی داهاتووی ده‌ڕواتنێت و له گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ گۆڤارى گوڵان باسى ژیانى تایبه‌تیى خۆى ده‌كات.
ئاره‌زوو ساڵح مه‌حموود، ته‌مه‌نى 36 ساڵه و دانیشتووی شارى سلێمانییه له باشوورى كوردستان و وه‌ك خۆى باسى كرد، ده‌رچووی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییه و دایكی "كچ و كوڕێكی جوان و ڕۆح‌سووك"ـه. كه سه‌یرى وێنه و ڕوخسارى ده‌كه‌یت، دایكێكى جددى و ئافره‌تێكى به ئیراده ده‌بینى پێش ئه‌وه‌ى سه‌رنجى ئه‌وه بده‌یت كه ئه‌ندامێكى له‌شى واته ده‌ستێكى نییه. ئاره‌زوو به‌مجۆره باسى ژیانى خۆى ده‌كات: "كاتێ له‌دایك بووم، به ویستی خودای گه‌وره خاوه‌نی یه‌ك ده‌ست بووم، به‌ڵام هیچ كات ئه‌م باره جه‌سته‌ییه یان نه‌بوونی ئه‌ندامێك له ئه‌ندامه‌كانی له‌شم نه‌بووه‌ته ڕێگر له به‌رده‌م ئاسایی ڕۆیشتنی ژیانم. به‌پێچه‌وانه‌وه هێز و وزه و وره‌ی پێ به‌خشیوم و زۆر گه‌شبینانه‌تر له ژیانی خۆم و ده‌وروبه‌رم ڕوانیوه. هیچ كارێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه بۆ من سه‌خت و دژوار نییه و هیچ ڕۆژێكم به بێ خه‌نده و پێكه‌نین به‌ڕێ ناكه‌م. به جۆرێك باوكم هه‌میشه پێم ده‌ڵێت: ده‌نگی قاقا و پێكه‌نیه‌نه‌كانی تۆ له هه‌مووان بڵندتر و پاك و بێگه‌ردتره، پێكه‌نینه‌كانت پڕن له هیوا. دیاره من به هۆكاری تایبه‌ت و بارگرانیی ژیان و گوزه‌ران نه‌متوانی خوێندن ته‌واو بكه‌م، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌وه‌ستاوم و توانیومه له بوارێكی دیكه‌ی ژیان تواناكانی خۆم به‌گه‌ڕ بخه‌م و بیدۆزمه‌وه."
ئاره‌زوو باسى ئه‌وه ده‌كات كه هه‌ر له منداڵییه‌وه خوزگه و خولیاى چنین و دروومان و كاری دیزاینى بووه. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "به په‌رۆشه‌وه به‌شداریی چه‌ندین خولی چنین و دروومانم كردووه، كه له‌لایه‌ن ده‌زگای بیانی و ناوخۆ كراونه‌ته‌وه. خاوه‌نی چه‌ندین بڕوانامه‌ی جۆراوجۆرم له‌م بواره‌دا و سپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه ده‌كه‌م كه هاوكارم بوون بۆ ئه‌وه‌ی من ببم به خاوه‌ن پیشه و كاری خۆم، به جۆرێ كه بتوانم بگه‌م به خه‌ون و خولیاكانم. له ئێستادا یه‌كێك له دیزاینه‌ره ناوداره‌كانی شاره‌كه‌م و له لایه‌ن چه‌ندین كۆمپانیا و خاوه‌ن كاری دیكه‌وه پێشنیاری كارم پێ كراوه. به‌رده‌وامم له سه‌ر كاری دروومان و دیزاینی جلوبه‌رگ و ده‌توانم پیشه‌كه‌م وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی ژیانم سه‌یر بكه‌م."
ئاره‌زوو ساڵح زۆر سپاسی خێزانه‌كه‌ى به‌تایبه‌ت هاوسه‌ر و منداڵه‌كانى ده‌كات، كه وه‌ك خۆى گوتى هه‌میشه هاوكارى بوون له به‌ره‌وپێشچوونی خه‌ون و خولیاكانى، هاوكات ده‌ڵێت: "زۆر زۆر سپاسی خودا ده‌كه‌م كه به‌م شێوه‌یه منی خولقاندووه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر من ئه‌م باره جه‌سته‌ییه تایبه‌ته‌م نه‌بووایه، ئه‌م مرۆڤه‌ی ئێستام لێ ده‌ر نه‌چووبایه. هیچ كات كه‌مئه‌ندامبوونم نه‌بووه‌ته هۆی ڕێگری له هیچ كارێكی ژیانم و بگره بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی هێز و وزه و ئیراده‌ی بێ سنوورم. بۆیه ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر به كه‌مئه‌ندامبوون له‌دایك بوویت و نه‌بوویته مرۆڤێكی بلیمه‌ت و سه‌ركه‌وتوو، ئه‌وا لۆمه‌ی كه‌س مه‌كه و ته‌نیا لۆمه‌ی خۆت بكه.
كاتێك په‌یامنێرى گوڵان پرسیارى له ئاره‌زوو ساڵح كرد، كه ئایا چ هێزێك پاڵی پێوه نای بۆ كاركردن و سه‌لماندنی خۆت له كۆمه‌ڵگه؟ له وه‌ڵامدا گوتى: "ئیراده و متمانه‌به‌خۆبوونم وای لێ كردم كه بتوانم له سه‌ر قاچه‌كانی خۆم بوه‌ستم و كار بكه‌م و خۆم بسه‌لمێنم، به‌وه‌ى كه منیش هیچ شتێكم له كه‌سانی ئاسایى كه‌متر نییه و بگره زۆر زیاتیش له كه‌سانی ئاسایی به‌هێزترم، هه‌ر باوه‌ڕبه خۆبوون و متمانه‌به‌خۆكردنم، وای لێ كردم كه له كاره‌كه‌م به‌رده‌وام بم".
له وه‌ڵامى ئه‌م كۆتا پرسیاره‌شدا كه چ په‌یامێكت بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت هه‌یه؟ گوتى: "من لێره‌وه پیان ده‌ڵێم با كه‌مئه‌ندامی نه‌بێته ڕێگر له به‌دیهێنانی ئاواته‌كانتان، به هێز بن و هیچ قسه و توانجێكی كۆمه‌ڵگه نه‌تانڕووخێنێت. به‌رده‌وام بن له ژیان بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانتان، چونكه ئێوه‌ش هیچتان له كه‌سانی دى كه‌متر نییه. بێگومان خه‌ون و خولیات گه‌وره بێت، كه‌مئه‌ندامى و ئاریشه‌كانى زۆر بچووك ده‌بن."
سپۆت:
هیچ كارێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه بۆ من سه‌خت و دژوار نییه و هیچ ڕۆژێكم به بێ خه‌نده و پێكه‌نین به‌ڕێ ناكه‌م
باوكم هه‌میشه پێم ده‌ڵێت: ده‌نگی قاقا و پێكه‌نیه‌نه‌كانی تۆ له هه‌مووان بڵندتر و پاك و بێگه‌ردتره، پێكه‌نینه‌كانت پڕن له هیوا.
به هۆكاری تایبه‌ت و بارگرانیی ژیان و گوزه‌ران نه‌متوانی خوێندن ته‌واو بكه‌م
هه‌رگیز نه‌وه‌ستاوم و توانیومه له بوارێكی دیكه‌ی ژیان تواناكانی خۆم به‌گه‌ڕ بخه‌م و بیدۆزمه‌وه
یه‌كێك له دیزاینه‌ره ناوداره‌كانی شاره‌كه‌م و له لایه‌ن چه‌ندین كۆمپانیا و خاوه‌ن كاری دیكه‌وه پێشنیاری كارم پێ كراوه
زۆر سپاسی خودا ده‌كه‌م كه به‌م شێوه‌یه منی خولقاندووه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر من ئه‌م باره جه‌سته‌ییه تایبه‌ته‌م نه‌بووایه، ئه‌م مرۆڤه‌ی ئێستام لێ ده‌ر نه‌چووبایه
ئه‌گه‌ر به كه‌مئه‌ندامبوون له‌دایك بوویت و نه‌بوویته مرۆڤێكی بلیمه‌ت و سه‌ركه‌وتوو، ئه‌وا لۆمه‌ی كه‌س مه‌كه و ته‌نیا لۆمه‌ی خۆت بكه