هونەری هەڵپەڕكێ

هونەری هەڵپەڕكێ

كەسێك پێشتر شایی و هەڵپەڕكێی نەدی بێت، بەدەم كۆمەڵە خەڵكێكەوە تێپەڕ بێت كە گۆڤەندیان گرتووە، بەرانبەر بە جووڵە و هەڵپەز و دابەزی گەرم و گوڕی گەڕی گۆڤەندەكەیان سەری سوڕ دەمێنێت. لە لایەك جوانی و ڕیتم و رێك و پێكیی جووڵەی جەستەی بەشدارانی گەڕی گۆڤەندەكە سەرسامی دەكات، كە بە گوێرەی ڕیتمی مووزیك لە دیلان و هەڵپەڕكێدان، لە لایەكی دیكەوە پێی وایە ئەو خەڵكە لە ڕەوشێكی نائاساییدان، بۆیە وا لە دنیا دابڕاون و كەوتوونەتە نێو بەزمی هەڵپەڕینەوە.

ئا/ تاریق كارێزی

بۆ من و تۆ كە لە خۆشی و شادیدا دەستی یەك دەگرین و شایی و دیلان گەرم دەكەین، بابەتەكە بە جۆرێكی دیكەیە. لەو كاتەی خۆشییەكی زۆر ناخی ئێمەی تەنیوەتەوە، ئەو خۆشی و شادییە بۆمبێكی وزەی لە ناخماندا تەقاندووەتەوە، ئەگەر خەرجی نەكەین پێوەی تەوەللا دەبین. بۆیە هەر كە دەستی یەك دەگرین و دەكەوینە نێو پێچی هەڵپەڕكێوە، بێ ئەوەی كەس پێمان بڵێت یان ڕێنماییمان بكات، دڵ و جەستەمان ئاوێتە بە ڕیتمی ئاوازی مووزیكی كۆڕ و گەڕی شاییەكە دەبێت.

هونەری هەڵپەڕكێ

هەر نەتەوەیەك هونەری هەڵپەڕكێی خۆی هەیە. داب و كولتوور و میراتی شارستانی، بیر و باوەڕ و ژینگەی نەتەوە، جۆری هەڵپەڕكێیەكەی دیاری دەكات. هەڵپەڕكێ هێمای ئاشتی و تەبایی و گونجان و سازانە، بۆیە هەمووان بە دەوری بازنەی گەڕی دیلاندا ئەڵقە دەبەستن، تێكڕا مەستی نێو شادییەكی بێ سنوور دەبن. تۆ بڕوانە، تەنانەت ئەو هۆزانەی تا ئێستا لە دۆخی بەرایی ژیانی بەر لە شارستانیەتیشن، دروست وەك ئەو نەتەوانەی گەیشتوونەتە لووتكەی شارستانیەتی سەردەم، سەما و هەڵپەڕكێ دەكەن. مرۆڤ هەر مرۆڤە، ئەگەر لە نێو جەنگەڵی ئەفریقا و ئەمازۆندا بێت یان لە شاری لەندەن و نیویۆك، سیدنی و پاریس بێت، بەدەر نییە لە پێكهاتەی دەروون، لە ناخەوە هەست بە خەم و شادی، خۆشی و ترشیی ژیان دەكات. بۆ خەم و پەژارە مات و خامۆش دۆش دادەمێنێت، بگرە دەست بە گریان و باوەكەڕۆش دەكات، قوڵپی گڕی خەم ناخی دەسووتێنێت، ئەگەر بەتاڵی نەكات، دەتاسێت و دەپسێت، فەراقی لێ دەبڕێت. بە هەمان شێوە، لە ڕەوشی خۆشی و شادیدا، گڕی وزەیەكی ئەرێنی ناخی دەتەنێتەوە، دەری نەبڕێت ئیفلیج و كەفتەكاری دەكات، بۆیە مرۆڤ بە زمان و جەستە گڕی وزەی شادی لە دەروون و ڕۆحی بەتاڵ دەكات.

هونەری هەڵپەڕكێ

لە ئایینانی دێرینی كورد، ئێزدی، یارسان، زەردەشتی، مووزیك و سەما بەشێك بوون لە سرووتەكانی خوداپەرستی. ڕەگی سەما (دیلان: هەڵپەڕكێ: گۆڤەند: شایی) لە نێو میرات و كولتووری شارستانی و ڕۆحیی نەتەوەی كورددا ڕەگاژۆیە. بە لای كەمەوە دوو فاكتەر پاڵپشت بوون لەوەی كورد یەكێك بێت لە نەتەوە هەرە دەوڵەمەندەكان لە ڕووی هەڵپەڕكێوە. لە لایەك مێژووی دێرینی ئەم نەتەوەیە، بەوەی خاكی كوردستان یەكێكە لە دێرینترین زێدەكانی بەرەی مرۆڤایەتی، كاروانی ژیانی ژیارداری مرۆڤی ئەم وڵاتە، میراتی زۆری ڕۆحی و شارستانیی تێدا كەڵەك كردووە، لە لایەكی دیكەوە سروشت و ژینگەی فرە دەوڵەمەند و ژیانارای دێرین وڵاتی كوردەواری، مرۆڤی ئەم نیشتیمانەی هان داوە، لە هەموو ڕوویەكی ژیانەوەـ دەوڵەمەند و فرەخواز و فرەدەر و فرەناس بێت. خۆ ئەگەر ئەوەش بخەینە بەر نیگا، پەیدا بوونی كشتوكاڵ وەك یەكەمین شۆڕشی شارستانیەتی مرۆڤ كە لە كوردستاندا بەرپا بووە، لە پاڵ ماڵی كردنی گەلێك گیاندار، ئەمانە وەرچەرخانی زۆر گەورە بوون لە ڕەوڕەوەی مێژووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی، هەموو ئەمانە كوردستان لانكە و چاوگیان بووە.

هونەری هەڵپەڕكێ

جا بۆیە سەیر نییە كورد خاوەنی نزیكەی 125 جۆرە هەڵپەڕكێیە، خاوەنی زۆرترین میراتی مووزیك و میلۆدییە. هەڵپەڕكێ لە نێو كورددا هێندە ورد و فراوان پەلی هاویشتووە، بۆ هەر بۆنە و دۆخ و یادێك، چەندین جۆرە هەڵپەڕكێ هەن، هەر هەمووشیان بە گوێرەی ڕیتم و ئاوازی تایبەت بە خۆیان دەكرێن. ورد بوونەوە لە خەسڵەتی هەڵپەڕكێی كوردی و شرۆڤە كردنی، بۆ وتارێكی دی جێ دەهێڵین.

هونەری هەڵپەڕكێ
Top