پێویستە ئەم خۆراكانە بەردەوام لەماڵدا هەبن

پێویستە ئەم خۆراكانە بەردەوام لەماڵدا هەبن

ژەمێكی تەندروست پێویستی بە چێشتخانەیەكی باش ئامادەكراو هەیە. دەتوانین كە چەند جۆر خۆراكی تەندروست لە كۆگا و فریزەر و (سەلاجە) ی ماڵەوەدا خەزن بكەین و بۆ ماوەیەكی زۆر سوودیان لێوەربگرین، بۆنموونە:

• پاقلەمەنییە وشك و قوتووكراوەكان وەكو فاسولیای سپی و رەش، نۆك، پاقلە، لۆبیا، بەزالیا، نیسك كە لەپلەی گەرمیی ژووردا بۆ ماوەیەكی زۆر تێكناچن،پاقلەمەنییە قوتووكراوەكان بۆ ماوەی 2-5 ساڵ و پاقلەمەنییە وشكەكان تا 10 ساڵ.

• كاكڵ Nuts و تۆوەكان كە دەتوانرێت لە پلەی گەرمی ژووردا بۆ ماوەی 1-4 مانگ خەزن بكرێن.

• دانەوێڵەی وەكو گەنم، برنجی قاوەیی، شوفان یان ساوار كە دەكرێ لەپلەی گەرمیی ژووردا بۆ ماوەی چەند مانگێك تا چەند ساڵێك هەڵبگیرێن.

• هەنگوین كە ئەگەر لە قوتووی شووشەدا خەزن بكرێت ئەوا بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێت و چێژی ناگۆڕێت.

• سركەی سێو، پیاز و سیر، سەوزە و میوەی فریزكراو، گیای وشككراو و بەهارات وەكو دارچین و زەنجەبیل و زەردەچوو یان كاری، ترشیات، كەرەی گوێزی هیندی، هەوێن، سركەی بەلسەمی، خەردەل، ساسی تیژ، هەندێك سەوزە و میوە كە درەنگ تێكدەچن بە مەرجێك لە شوێنی سارد و وشك یان لە سەلاجەدا هەڵبگیرێن وەكو چەوەندەر، كەلەرم، سێو،پەتاتەی شیرین، هەنار، گێزەر، میوە مزرەكان، كولەكەی زستانی.

• زەیتی تەندروست وەكو زەیتی زەیتوون، زەیتی گوێزی هیندی كە دەشێ لە پلەی گەرمی ژووردا بۆ ماوەی ساڵێك هەڵبگیرێن.

• گۆشت و پەڵەوڕ و ماسیی فریزكراو كە دەتوانرێت بۆ ماوەی یەك ساڵ لەپلەی گەرمی 17 ی ژێر سفردا هەڵبگیرێن، هێلكە كە دەتوانرێت تا 5 هەفتە لە (سەلاجە) دا هەڵبگیرێت، ماستی فول كرێم كە تا 3 هەفتە لە (سەلاجە) دا تێكناچێت.

 

Top