گرنگیی باشجوینی خۆراك لەكاتی ڕۆژووكردنەوەدا

گرنگیی باشجوینی خۆراك لەكاتی ڕۆژووكردنەوەدا

گەلێك ڕۆژوەوان لەكاتی ڕۆژووكردنەوەدا هەر لە پارووی یەكەمەوە تا دوا پاروو زۆر بە خێرایی خۆراك دەخۆن، بەبێ جوینێكی باش، ئەمە بێگومان تەندروستییانە نییە. جوینێكی باش و لەسەرخۆی خۆراك لە ژەمی بەربانگدا، جگە لەوەی كە هەستكردن بە تێربوونی تەواو پەیدا دەكات، تێكڕای كالۆریی وەرگیراو لە خۆراكیشدا كەم دەكاتەوە، ئەمەش هاندەرە بۆ كۆنترۆڵكردن، یان كەمكردنەوەی كێشی لەش. لە لایەكی دیكەوە، جوینی باشی خۆراك واتە تەواوكردنی دروستی هەنگاوی سەرەكیی هەرسكردن، هاوكات لەگەڵ ئاسانكردنی كرداری قووتدانی خۆراك، ئینجا پاش گەیشتنی خۆراك بە گەدە، ئەوا بە شێوەیەكی دروست هەرس دەكرێت و لە ڕیخۆڵەدا هەڵدەمژرێت، ئەمە سەرەڕای هاندانی هاتووچۆی خوێن بۆ گەدە. بێگومان یەكەم پارووی خۆراك لە پارووەكانی دواتر پڕچێژترە، پاشان بەرە بەرە چێژ كەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر هەر پارووێك 20 جار یان زیاتر بجورێت، ئەوا چێژی خۆراك باشتر دەبێت، هەروەها بڕی گشتیی خۆراكی خوراو لە ژەمەكەدا كەمتر دەبێتەوە، هاوكات لەگەڵ هەستێكی دروستی تێربوون بە كۆنترۆڵكردنی دروستی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكانی تێربوون و ڕێكخستنی ئارەزووی خواردن، وەك: هۆرمۆنی گهرێلین Ghrelin و لێپتین Leptin.

 

Top