كەم خەوی هاندەرە بۆ نەزۆكی لە ئافرەتدا
ئەمە روونە كە كەم خەوی دەبێتە ئەگەری گەلێك گرفتی تەندروستی كە نەزۆكیش دەگرێتەوە. لە راپۆرتەكانی كۆمەڵەی ئەمەریكیی پزیشكیی زاوزێ ASRM هاتووە كە كوالیتی خراپ لە ئافرەتدا رێژەی دووگیانبوون كەم دەكاتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو ئافرەتانەی كە پلان بۆ دووگیانی دادەنێن كە گرنگی زۆر بە خەو بدەن و لەكاتی بوونی خەوزڕان سەردانی دكتۆر بكەن. كوالیتی خراپی خەو كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، بەمەشەوە ریتم و دروستیی سووڕی مانگانە تێكدەچێت، لەوكاتەی كە سووڕی رێك و دروست گرنگیی زۆری هەیە بۆ زیادبوونی ئەگەری دووگیانبوون، بۆنموونە نووستن شەوانە بۆ ماوەی 7-8 كاتژمێر ئاستی هۆرمۆنەكانی پرۆجێستیرۆن، ئیسترۆجین، لێپتین، لەگەڵ هۆرمۆنی FSH جێگیر دەكات كە زۆر گرنگن بۆ دووگیانبوون. جگە لە سترێس و پەستی و هۆكارەكانی تری خەوزڕان، راپۆرتە پزیشكییەكان ئاماژەیان بەمە كردووە كە رووناكی شینی Blue light ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان رێگرە لەبەردەم كوالیتی باشی خەو، بەمەشەوە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر توانای دووگیانبوون. رووناكی شینی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ئاستی هۆرمۆنی میلاتۆنین Melatonin كەم دەكاتەوە ئەو هۆرمۆنەی كە هاندەرە بۆ نووستن و پاراستنی هێلكۆكەكان لە هێلكەدانەكانی ئافرەتدا، بە كەمی ئەم هۆرمۆنە كوالیتی هێلكۆكەكان خراپ دەبێت.