گرنگترین ئامانجم به‌ ئه‌كادیمی كردنی ئه‌م وه‌رزشیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی

گرنگترین ئامانجم به‌ ئه‌كادیمی كردنی ئه‌م وه‌رزشیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی

هه‌ژار هه‌ڵه‌بجه‌یی یاریزانى یانه‌ى ئاسمانى هه‌ولێر
گرنگترین ئامانجم به‌ ئه‌كادیمی كردنی ئه‌م وه‌رزشیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی
له‌ ئێستادا له‌ زۆره‌ى شاره‌كانى كوردستان گروپ و رێكخراوی جۆراوجۆرى بۆ یارییه‌ ئاسمانییه‌كان دروست بووه‌ و هه‌فتانه‌ سه‌ردانى شاخه‌كانى كوردستان ده‌كه‌ن و به‌شێكیان سه‌ركێشى ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن له‌ لوتكه‌ى چیاكانى كوردستان و هه‌ڵدانى ئاڵاى پیرۆزی كوردستان له‌ سه‌ر به‌رزترین لوتكه‌ به‌رزه‌كانى كوردستان و بگره‌ جیهانیش به‌ شێكیش له‌م یاریزانانه‌ چێژ له‌ فڕین له‌ ئاسمان وه‌رده‌گرن له‌ چیا به‌رزه‌كانى كوردستان ده‌فڕن، یه‌كێك له‌م یاریزانانه‌ كه‌ خولیایه‌كى زۆرى بۆ یارییه‌كانى فڕین به‌ ئاسمان و چه‌ندین وه‌رزشیی تایبه‌ت به‌ پاراگلایده‌ر هه‌یه‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵى ئه‌نجامدانى چاڵاكى جۆراوجۆری وه‌رزشیی پاراگلایده‌ر و فڕینى مه‌ودا درێژ و فڕینى گه‌شتیاری و پێكانى پۆینت ئه‌ویش هه‌ژارجه‌زا هه‌ڵه‌بجه‌یی-ه‌ له‌ دیك بووى ساڵی 1990ى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیده‌، هه‌م وه‌رزشكار هه‌م مامۆستایه‌ خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دیبلۆم له‌ وه‌رزش و پێكانی پۆین ، گۆڤاری گوڵان له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ؟
-ئه‌م یارییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتى به‌ره‌و پێشچوونێكى باشى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، سه‌ڕه‌رای كۆمه‌لێكى زۆر گرفتى گه‌وره‌ی به‌ره‌وپێشچوون، له‌وانه‌ نه‌بوونى بودجه‌ى تایبه‌ت و ڕاهێنه‌رى تایبه‌ت به‌م یارییه‌، وه‌ له‌ هه‌مووى گرنگتر نه‌بوونى ڕۆشنبیری وه‌رزشیی له‌ یارییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگاوه‌.
*به‌رده‌وام له‌م وه‌رزشه‌ پاریلایده‌ر به‌دیار ده‌كه‌وێ له‌م شار بۆ ئه‌و شار هۆكاری چیه‌؟
-من له‌ زۆر بوارى وه‌رزش كارم كردوه‌ و ده‌رچوونى په‌یمانگاى وه‌رزشییم و مامۆستاى وه‌رزشم، باشتر له‌ كه‌سێكى تر تێده‌گه‌م، له‌ چ بوارێكی وه‌رزش خۆت ده‌بینیته‌وه‌ و پێشكه‌وتن به‌ خۆته‌وه‌ ده‌بینی، 14ساڵ یاریزانى باله‌ بووم له‌ زۆر له‌ یانه‌كانى كوردستان یاریم كردوه‌ له‌م ماوه‌یه‌ هه‌وڵى زۆرمدا بگه‌مه‌ هه‌ڵبژارده‌یى عێراق نه‌گه‌یشتم، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى سێ ساڵ له‌م وه‌رزشه‌ ئاسمانییه‌ 2جار گه‌یشتمه‌ نوخبه‌ى عێراقی جارێك پله‌ى سێیه‌م و جارێكیش پله‌ى یه‌كه‌می عێراقیم به‌ده‌ستهێناوه‌، من له‌م ماوه‌یه‌ خۆم باشتر له‌م وه‌رزشه‌ دۆزییه‌وه‌.
*زۆر كارى زه‌حمه‌ت و سه‌ركێشیت كردوه‌ له‌م یارییه‌ هۆكاری چییه‌؟
- ئه‌م وه‌رزشه‌ خۆشییه‌كى بێ كۆتای هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌یشتن به‌م خۆشیه‌ ئاسان نییه‌ و قوربانی ده‌وێت، هه‌ر له‌ ڕاهێنانه‌وه‌ تا ده‌گه‌یته‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌وا تێكه‌ڵ و پێكه‌له‌ى ئاسمان و ئه‌و سایته‌ سه‌قه‌تانه‌ى كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌، كه‌ هیچ ستانده‌رێكى نێوده‌وڵه‌تى نییه‌ و زۆربه‌ى شكسته‌كانى به‌هۆى ئه‌و شوێنه‌ ناڵه‌باره‌نه‌وه‌ بووه‌ كه‌ تووشى یاریزان دێت.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ ئاسمانییه‌ له‌ چى ده‌بینی؟
- گرفتى زۆره‌ نه‌بوونى راهێنه‌رى تایبه‌ت نه‌ك له‌ كوردستان له‌ عێراقیش ڕاهێنه‌رێكى ڕاهێنراوی تایبه‌تمان نییه‌ كه‌ بتوانێت خۆى یه‌ك لاى بكاته‌وه‌ و بیكاته‌ كارى سه‌ره‌كى و به‌دواى زانستى ئه‌م یارییه‌ بگه‌رێت، گه‌وره‌ترین كێشه‌ى ئه‌م وه‌رزشه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ چه‌ند كه‌سێكى خۆبه‌خشن جێگره‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ن و خۆشیان یاریزانن له‌ ناچاری ئه‌وانه‌ى دواى خۆیان پێ ده‌گه‌ینن، نه‌بوونى كه‌لوپه‌لی تایبه‌ت و گرانى كه‌لوپه‌له‌كان، یاریزان هه‌یه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌ 40هه‌زار دۆلاری سه‌رف كردیه‌ ته‌نا بۆ خۆى ئه‌مه‌ش تێچوویه‌كی زۆره‌، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ ترسى ئه‌م پاره‌یه‌ نایه‌ته‌ ناو ئه‌م وه‌رزشه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌رنگ گه‌یشتنى بۆ ده‌ستى یاریزان به‌ زۆر فلته‌ر ده‌ڕوات.
*بڕیارت نه‌داوه‌ تیپێك دروست بكه‌ى له‌م یارییه‌؟
-تیپ دروست كردن ئاسان نییه‌، زه‌حمه‌تى زۆرى تێدایه‌ له‌ ئێستادا من یانه‌ى ئاسمانى هه‌ولێربه‌ باشترین شوێن ده‌زانم بۆ بره‌ودان به‌ تواناكانى خۆم سه‌ڕه‌رای نه‌بوونى هیچ پاڵپشتییه‌ك له‌لایه‌ن په‌یوه‌ندیدار بۆ یانه‌كان.
*ئێستا زیاتر به‌ شێوه‌ى سه‌رپه‌رشتیار ده‌رده‌كه‌وی هۆكارى چیه‌؟
-من یاریده‌ده‌رى راهێنه‌رى یانه‌ى هه‌ولێرم ئه‌ركی من گراوندهاندلینگه‌ واته‌ سه‌ره‌تای دروست بوونى یاریزان ئه‌ركی من قورسه‌ تا پێگه‌یاندنی یاریزان به‌ شێوه‌یه‌كی باش كه‌ هیچ نه‌بێت كه‌مێك له‌ شێوه‌ى یاساییه‌كه‌ى بچێت.
*له‌ چه‌ند پاڵه‌وانێتى و خولى پێشكه‌وتووت دیوه‌؟
-من دووجار له‌ ده‌ره‌وه‌ى وولات خولى s.I.v دیوه‌ دوو جاریش به‌شدارى خولى كرۆسكانتریم كردوه‌، له‌ چوار پاڵه‌وانێتى به‌شداریم كردوه‌ هه‌م له‌ سه‌رئاستى كوردستان و عێراق له‌ سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌م پله‌ى باشم به‌ده‌ست بهێنم، له‌ پاڵه‌وانێتى هه‌ڵه‌بجه‌ كلاپ كه‌ وه‌كو یانه‌ سێیه‌می ئاستى نوێده‌وڵه‌تى بووین.
*ئه‌نجامه‌كانت وه‌كو یاریزان؟
-به‌لێ ئێستا من پاڵه‌وانى عێراقم له‌ پۆینت و یانه‌كه‌شم پله‌ى یه‌كه‌مى عێراقه‌ وه‌كو ئاستى نموونه‌یی.
*خه‌ونى تۆ وه‌كو یاریزانێكى یارییه‌ ئاسمانییه‌كان؟
-خه‌ونى زۆر گه‌وره‌م ئه‌وه‌یه‌ بگه‌مه‌ ئاستێكى به‌رز له‌ ئاستى وولاتان پله‌ى یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم، قورسیش نییه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پاڵپشتمان بێت.
*ئامانجت چیه‌ له‌م وه‌رزه‌شه‌؟
-گرنگترین ئامانجم به‌ ئه‌كادیمی كردنی ئه‌م وه‌رزشیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی و تۆكمه‌ و فڕۆكه‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی دروست بێ و دووربن له‌ پێكان.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایی؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رچاوه‌ى به‌ وه‌رزشیی ناوه‌خۆ ده‌كات،داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ ئاورێك له‌ خه‌مه‌كانى ئه‌م وه‌رزشه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ هیچیان كه‌متر نییه‌ له‌ وه‌رزشه‌كانى دیكه‌ له‌م ماوه‌ كورته‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌م وه‌رزشه‌ ئاسمانییه‌ له‌ رووی نێودوڵه‌تیه‌وه‌ كوردستان به‌ دونیا بناسێنین.

 

Top