هیوام كردنه‌وه‌ى فێرگه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ یارییه‌كه‌م

هیوام كردنه‌وه‌ى فێرگه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ یارییه‌كه‌م

دڵسۆزعوبێد یاریزانى گۆره‌پان و مه‌یدانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق

هیوام كردنه‌وه‌ى فێرگه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ یارییه‌كه‌م
شارى سلێمانى هه‌موو كات به‌وه‌ ناوى ده‌كردوه‌ كه‌ له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان ومه‌یدان پێشه‌نگ بووه‌ له‌ دروست كردنى چه‌ندین یاریزانى به‌توانا له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و بگره‌ له‌ عێراقیش، یانه‌ى سیروانى نوێ یه‌كێكه‌ له‌و یانانه‌ى كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵى پێگه‌یاندنى یاریزانانى ئاسته‌كانى ته‌مه‌ن بووه‌، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش دڵسۆز عوبید ئه‌و ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كانى كوردستان و عێراق ده‌بینرێ به‌تایبه‌ت له‌ یارى ڕاكردنى خێرا به‌ شداره‌ و خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 1990ى ناحیه‌ى پیره‌مه‌گروونه‌، بۆ هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانى پیره‌ مه‌گروون و سه‌رچنار و پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر و پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى و ئیمام متقین و فه‌تاتى به‌غداد یارى كردوه‌ ئێستاش یاریزانى یانه‌ى سیروانى نوێیه‌، ده‌رچووى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشییه‌ و ئێستا قوتابی ماسته‌ره‌ له‌ زانكۆى سلێمانى، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌ ناو یاری گۆڕه‌پان و مه‌یدانى ئه‌م یارییه‌ چى پێ به‌خشی؟
- وه‌ك ده‌زانن نزیكه‌ 12 ساڵه‌ من وه‌ك یاریزان له‌م بواره‌دام، ئه‌م یارییه‌ زۆر شتى وانى به‌من به‌ خشیوه‌ كه‌سانى باشم تێدا ناسیوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستكه‌وت و كۆمه‌ڵێ یادگاری جوان.
* بۆچى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدانت هه‌ڵبژارد ؟
-هه‌ستم كرد ده‌توانم له‌م یارییه‌دا خۆم ببینمه‌و، چونكه‌ پێشووتر یارى جیاوازترم ئه‌نجام دابوو.
*هه‌ست ناكه‌ى یارییه‌كى قورست هه‌ڵبژاردوه‌ ؟
-له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ بوونى ڕوحمایه‌، قورسه‌ به‌ڵام من خۆشم ده‌وێت دواى ماندووبوون دڵخۆشى به‌ خشیوه‌ پێم.
*ئاستى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-كۆمه‌لێ یاریزانى باشمان هه‌یه‌، چه‌ندان ئه‌نجام و ده‌ستكه‌وتی باشمان هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌م ساری لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار و گرنگى نه‌دان به‌ یارییه‌كه‌ نیگه‌رانى لاى ئێمه‌ دروست كردووه‌ زۆر كات.
*پێت باشه‌ چى بكرێت ، بۆبه‌ره‌ووپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ ئاستێكى به‌رز؟
-دابین كردنى یاریگاى تایبه‌ت ئه‌مه‌ گرنگترین شته‌ بۆ یارییه‌كه‌ى ئێمه‌، كه‌ ئه‌م كاره‌ بكرێ ئه‌م یارییه‌ ده‌چێته‌ قۆناغێكى تر.
*خه‌ونى تۆ له‌م یارییه‌ چییه‌؟
-خه‌ونى من وه‌ك هه‌موو یاریزانێك گه‌یشتنه‌ له‌ ئۆلۆمپیاد، به‌ڵام من پێكان ڕێگری لێكردم ماوه‌ى زیاتر له‌ یه‌ك ساڵ دابڕام.
*چۆن بوو یانه‌ى سیروانى نوێت هه‌ڵبژارد؟
-من نزیكه‌ى 10 ساڵه‌ له‌ یانه‌ى سیروانى نوێم بێگومان هه‌ڵبژاردنى ئه‌و یانه‌یه‌ش فه‌خر و شانازییه‌ بۆمن.
*باشترین ئه‌نجامه‌كانت وه‌كو یاریزان؟
-خاوه‌نى 6مه‌دالیاى زیوو برۆنزم له‌ پاڵه‌وانێتى ده‌ره‌وه‌، خاوه‌نى دوو ریكۆردی عێراقیم چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌م هه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌مى بوومه‌.
* جگه‌ له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان چ یارییه‌كى ترت ئه‌نجام داوه‌ ؟
-یارییه‌ سیانییه‌كانم ئه‌نجامداوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق، تۆپی ده‌ست و پاسكیلسوارى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى زانكۆ، فوتساڵ و تۆپى باله‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى په‌روه‌رده‌كان.
*هیواو ئاواتت له‌م یارییه‌؟
-هیوام كردنه‌وه‌ى فێرگه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ یارییه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز.
*بڕیارت نه‌داوه‌ روو له‌ بوارى راهێنه‌رى بكه‌ى؟
-جارێ بڕیارى ئه‌وه‌م نه‌داوه‌، ده‌مه‌وێت كاتێ بڕیار بده‌م كه‌ بڕوانامه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ڕاهێنه‌رایه‌تیم هه‌بێ.
*هیچ یانه‌یه‌ك داواى گرێبه‌ستى لێ نه‌كردووی؟
- بێگومان یانه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام مانه‌وه‌م له‌ سیروانى نوێ هه‌ڵبژاردووه‌.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن؟
-خانه‌واده‌كه‌م زۆر هاوكار و پاڵپشتمن بۆ وه‌رزشكردنم.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوباس بۆ گۆڤاری گوڵان به‌ هیواى ئه‌وه‌م سه‌رجه‌م یاریزانان به‌ سه‌ر بكرێنه‌وه‌.

 

Top