تێستی كۆڤید19 بە دوو دڵۆپ لیكی دەم

تێستی كۆڤید19 بە دوو دڵۆپ لیكی دەم

 لە سەرەتای پەتای كۆڤید19دا، تێستی PCR تاكە تێستی جێگای متمانە بوو، بەڵام نرخەكەی گران و كاتی زۆری دەوێت، پاشان تێستی ئەنتیجین Antigen test كە خێراتر و هەرزانترە، بەڵام زۆر جێگای متمانە نییە، بۆیە زانایان لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی خێراتر و جێگەی متمانەدا بوون. بەم دواییە زانایان گەیشتنە بەردەستكردنی دەزگایەكی بچووك و سووك و هەرزان، كە بە تیشك كاردەكات بۆ تێستی دەستنیشانكردنی كۆڤید19 بە وەرگرتنی چەند دڵۆپێك لیكی دەم، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، باسیان لەمەش كردووە كە هەستییاریی تێستەكە دەگاتە 91.2%. ئەم دەزگا نوێیە تیشكی فلۆرێسێنت بەكاردێنێت بۆ دۆزینەوەی چڕیی ڤایرۆس لە شلەی لیكدا. تەنیا دوو دڵۆپ لیك لە ڕێگای تیوبێكی زۆر بچووكەوە وەردەگیرێت و لەگەڵ گیراوەیەكدا تێكەڵ دەبێت، كە دژەتەنی فلۆرێسێنتی تێدایە، پاشان گیراوەكە بە كەناڵێكدا تێدەپەڕێنرێت، كە بە تیشكی لەیزەر بەرنامەكراوە، لەكاتی بوونی ڤایرۆسی كۆڤید19 ئەوا بە سیگنالی فلۆرێسێنت پیشان دەدرێت، ئەنجامەكە لە ماوەی كەمتر لە 30 خولەك دەردەكەوێت. دەكرێت بەم دەزگا نوێیە ڕۆژانە 2000 تێست ئەنجام بدرێت، واتە هەرزان دەوەستێت، هەروەها دەتوانرێت كە دەزگاكە لە هەموو شوێنێك و بۆ هەر كەسێك بەكار بهێنرێت، دەزگاكە بۆ بەكارهێنانی هەمەجۆرەیە، واتە دەتوانرێت كە بۆ دەستنیشانكردنی ڤایرۆسی دیكەش بەرنامە بكرێت، وەكو ڤایرۆسی كۆرۆنای وەرزی، ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا، لەگەڵ بەكتریای ئی كۆلای E-coli

Top