ئایا سۆشیال میدیا زیانی هەیە؟

ئایا سۆشیال میدیا زیانی هەیە؟

لەم 10 ساڵەی دواییدا، سۆشیال میدیا Social media ڕێگەی پەیوەندیكردنی خەڵكی بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕیوە، بۆنموونە نزیكەی یەك بلیۆن كەس بەكارهێنەری ئاكتیڤی سۆشیال میدیان، وا پێدەچێت كە ئەم ژمارەیە لە ئایندەدا زۆر زیاتر بێت، ئەگەرچی سۆشیال میدیا گەلێك ڕووی پۆزەتیڤی هەیە، بەڵام زیاد بەكارهێنانی گرفتی دەروونی لێ دەكەوێتەوە. گەلێك توێژینەوە جەختیان كردووەتەوە كە زیاد بەكارهێنانی سۆشیال میدیا هاندەرە بۆ ئەگەری پەستی، خەمۆكی، ترس لە ونبوون Fear of missing out یان دووركەوتنەوە لە زانیاری، كەمبوونەوەی باوەڕبەخۆبوون، هەروەها هەستكردن بە چەند هزر و بیری نێگەتیڤ، بەتایبەتی لە نەوجەواناندا كە زیاتر فەیسبووك، سناپ چات، یان ئینستاگرام بەكاردەهێنن. لە دوا توێژینەوەی زانكۆی پەنسلڤانیادا هاتووە كە بە سنوورداركردنی كاتی بەكارهێنانی سۆشیال میدیا لە قوتابییانی زانكۆ، ئەگەری خەمۆكی و تەنیابوون كەمتر دەبێتەوە. تۆش هەوڵ بدە كە ماوەی بەكارهێنانی سۆشیال میدیا كەم بكەیتەوە، مۆبایلەكەت لەسەر ئێرپلەین مۆددا Airplane mode بنێ لەكاتی ژەمی خواردن و كاتی ئیشدا، سۆشیال میدیا بەكارمەهێنە لەكاتی چوونە سەر تەختی نووستن، ناوە ناوە سۆشیال میدیا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەكارمەهێنە، واباشە كە هەرگیز نەهێڵیت سۆشیال میدیا ببێتە جێگرەوەی پەیوەندییەكانی ژیانی ڕاستەقینەت.

Top