نیشانەكانی كەمیی پرۆتین لە لەشدا

نیشانەكانی كەمیی پرۆتین لە لەشدا

بۆ كەسانی پێگەیشتوو پێویستە كە 10% ی وزەی خۆراكی ڕۆژانە لە پرۆتینەوە بێت، یان 0.8 گرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش، یان ڕۆژانە 56 گرام بۆ پیاو و 46 گرام بۆ ئافرەت، هەروەها لەكاتی دووگیانی و شیردانی سرووشتیدا پێویستە كە ئافرەت ڕۆژانە 71 گرام پرۆتین لە خۆراكەوە وەربگرن. كەمیی پرۆتین لە خۆراكی ڕۆژانەدا بە تێپەڕبوونی كات هۆكارە بۆ گەلێك گرفتی تەندروستی وەك: ئاوسانی لەش Edema كە باوترین نیشانەیە، بەتایبەتی لە دەوری سك و دەست و پێیەكاندا، لەبەر كەمبوونی پرۆتینی ئەلبومین Albumin، گۆڕانی مەزاج بە شێوەی خەمۆكی، یان زیاد ناڕەحەتبوونی دەروونی، كەمبوونەوەی بارستایی و پووكانەوەی ماسوولكەكان، هەستكردن بە برسیبوون، وشكبوون و تفركردنی پێست، پەیدابوونی هێڵی بەرجەستە لەسەر نینۆك، ناسكبوون و تەنكبوونی قژ، بێهێزیی گشتی لەش، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، لاوازبوونی بەرگریی لەش بەرانبەر بە هەوكردنە ڤایرۆسی و بەكتریاییەكان، زیادبوونی ڕێژەی چەوریی جگەر، سستبوونی گەشەی گشتیی لەش لە منداڵدا، زیادبوونی ئەگەری شكانی ئێسك بە زەبری سووك یان مامناوەندی، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین، كەمبوونەوەی ڕێژەی بەكتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە. سەرچاوە خۆراكییەكانی پرۆتین: گۆشتی سوور و پەلەور، ماسی، هێلكە، شیر و بەرهەمەكانی، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو، پاقلەمەنییەكان و نیسك و سۆیا.

Top