کوشتنی ژنێک و سێ کچەکەی لە لوبنان

 کوشتنی ژنێک و سێ کچەکەی لە لوبنان

 

میدیاکانی لوبنان وردەکاریی تاوانی ترسناکی کوشتنی ژنێک و سێ کچەکەی ئاشکرا کرد.

بەپێی ماڵپەڕە لوبنانییەکان،  ژنێک لەگەڵ سێ کچەكەی لە ڕۆژی 2ی ئازارەوە بێسەروشوێن بوون، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر تەرمەكانیان لە ناو دووکانێکدا لە شاری ئەنسار لە باشووری لوبنان دۆزراونەتەوە. 

ماڵپەڕە لوبنانییەکان ئەوەشیان گوت: كە بكوژی ئەو ژنە و کچەکانی کەسێكی ئەم شارەیە كە پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لەو سێ کچە قوربانییانە هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەزگای هەواڵگریی سوپای لوبنان ئەو پیاوەی كە تۆمەتبارە بە کوشتنی ئەو ئافرەتە و سێ کچەکەی بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕابکات بۆ سوریا، بەڵام خێزانەکەی ناچاریان کردووە بگەڕێتەوە بۆ لوبنان و خۆی ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکان بكات.

ئەو دەنگۆیانە هەیە کە گوایە هۆکاری بکوژەکە بۆ ئەنجامدانی بەکارهێنانی ئەندامی جەستەی قوربانییەکان بووە لە بازرگانیدا، بەڵام بەپێی ماڵپەڕە فەرمییەکان ئەو دەنگۆیانە نەسەلمێنراون ماڵپەڕە لوبنانییەکان ئەوەشیان گوت:  كە پیاوێکی هاووڵاتیی سوریا  یارمەتی بکوژەکەی داوە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

 

Top