هیوادارم لایه‌نى وه‌رزشیی، وه‌رزش تێكه‌لاَوى سیاسه‌ت نه‌كه‌ن

هیوادارم لایه‌نى وه‌رزشیی، وه‌رزش تێكه‌لاَوى سیاسه‌ت نه‌كه‌ن

سۆز كازم یاریزانى فوتساڵى یانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌
هیوادارم لایه‌نى وه‌رزشیی، وه‌رزش تێكه‌لاوى سیاسه‌ت نه‌كه‌ن
پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید خاوه‌نى چه‌ندین تیپى جۆراوجۆره‌ له‌ یارییه‌ وه‌رزشیه‌كان،تیپى فوتساڵى كچانى یانه‌كه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ داهاتوو چاویان له‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌یه‌، یانه‌كه‌ش به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یاریى فوتساڵ له‌ سنوورى پارێزگاكه‌ تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ بتوانێ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌نجامى شایسته‌ بكات له‌ خولى فوتساڵى یانه‌كانى كوردستان ، سۆز كازم یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى كچانى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و پێشووتریش یاریزانى فوتساڵى ئه‌فرۆدێت بووه‌، ناوبراو له‌دایكبووى ساڵى 2001ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
* ئاستى یارى فوتساڵ چۆن ده‌بینى كه‌ ساڵانه‌ خوڵتان بۆ ده‌كرێته‌وه‌؟
- تاڕاده‌یه‌كى زۆ باشه‌ بۆ ئاستى كچان، هیوادارم له‌وه‌ زیاتر گرنگی پێ بدرێت، به‌ڵام تا بلێ یارییه‌كى خۆش و چێژبه‌خشه‌ یارییه‌كى باشه‌ بۆ ئێمه‌ى كچان.
* ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌وو پێش نه‌چێت؟
-تاكه‌ هۆكارێك بۆ پێشخستنى ئه‌م یارییه‌ كردنه‌وه‌ى خول و ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى زۆره‌ بۆ ئاستى كچان.
* پێت باشه‌ چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى یارى فوتساڵ ئاستى به‌رز بێته‌وه‌؟
-گرنگترین هۆكار بۆ پێشخستنى یارى ففوتساڵى كچان به‌رزكردنه‌وه‌ى رۆشنبیری خه‌ڵكه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانى یارى كچان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كاندا، هۆكارى مادی و مه‌عنه‌وی یاریزانان بكرێت تا بتوانن یارى ئه‌نجام بده‌ن.
* گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ڕه‌نگده‌داته‌وه‌؟
-نه‌بوونى ئاستى ڕۆشنبیری كه‌ تا ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كچان هه‌ندێك شت هه‌یه‌ ئه‌نجامى بده‌ن، تاكه‌ هۆكاره‌ بۆ دواكه‌وتنى ئه‌م یارییه‌.
* له‌هیچ یانه‌یه‌ك گرێبه‌ستت پێشكه‌شكراوه‌؟
-به‌لێ له‌ چه‌ندین یانه‌ گرێبه‌ستم بۆ هاتووه‌.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتووى خۆت؟
-خۆم هه‌میشه‌ هه‌وڵ بۆ هه‌ر شتێك كه‌ كچان و ئافره‌تانى ئێمه‌ نه‌توانن ئه‌نجامى بده‌ن من هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌نجامى بده‌م، نه‌ك ته‌نها یارى فوتساڵ بگره‌ له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان و تێنسى سه‌رمێز و یارى باله‌ و ده‌ست ئه‌نجام ده‌ده‌م.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كان پشت به‌ یاریزانى ده‌ره‌وه‌ ببه‌ستن؟
-ئه‌و بڕه‌ پاره‌ییه‌ى له‌ یاریزانانى ده‌ره‌وه‌ خه‌رج ده‌كه‌ن، له‌ ناوه‌خۆ به‌ كارى بێنن زۆر باشتره‌، یاریزانى خۆمان زۆر باش و ئاست به‌رزن، به‌ڵام ناتوانین به‌كارییان بهێنین، ئاستى یاریزانانى خۆمان له‌ یاریزانانى ده‌ره‌وه‌ باشتره‌.
* داواكارى و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرس؟
-هیوادارم لایه‌نى وه‌رزشیی، وه‌رزش تێكه‌لاوى سیاسه‌ت نه‌كه‌ن، هیوادارم له‌ خه‌مى وه‌رزش بن و سه‌ركه‌وتووبن.
*خه‌ونى وه‌رزشییت چیه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
- حه‌ز ده‌كه‌م له‌ داهاتوودا ببمه‌ راهێنه‌رى كچانى هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ ئاستى خوێندنیش ببمه‌ مامۆستا زانكۆ له‌ بوارى وه‌رزش.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ نیت هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ له‌م یارییه‌؟
- شانازییه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆمن كه‌وا بتوانم نه‌ك ته‌نها یاریكردن، به‌ڵكو بتوانم خزمه‌تێكی بچووك به‌ وڵاته‌كه‌م كوردستان بكه‌م.
*به‌ كام یاریزانى جیهانى سه‌رسامیت؟
- كریستانۆ رۆنالدۆ و نیماری به‌رازیلی.
* ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى به‌ وه‌رزشكاران ده‌كات له‌ كوردستان، هه‌رده‌م له‌ خزمه‌تى وه‌رزشوانان دان.

Top