هونەری تەلارسازیی كوردەواری

هونەری تەلارسازیی كوردەواری

ساڵی 1971 بوو، گۆڤاری ئەلعەرەبی (100 هەزار دانەی لێ دابەش دەكرا) ناودارترین گۆڤاری وڵاتانی عەرەب لە كوێت دەردەچوو، ئەو گۆڤارە بەدەم ڕێككەوتنی نێوان شۆڕشی كوردستان و دەوڵەتی عیراقەوە، ڕیپۆرتاژێكی لە بارەی باشووری كوردستان بڵاو كردەوە. زۆربەی ئەو وێنانەی لەو ڕیپۆرتاژەدا بڵاو كراونەتەوە، ئێستا ڕواڵەتیان لە كوردستاندا نابیندرێت. تەوژمی گۆڕان هەموو لایەنێكی ژیانی خەڵكی كوردستانی گرتووەتەوە، ئەنفالیش سیمای ڕابردووی گوندەواری كوردستانی سڕییەوە. لێرەدا من تەنیا باس لە یەك وێنەی ڕیپۆرتاژەكە، (وێنەی گەڵاڵە) دەكەم.

ئا/ تاریق كارێزی

هونەری تەلارسازیی كوردەواری

بە لای تیمە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەلعەرەبییەوە، بە لای (ئۆسكار میتری)ی وێنەگری تیمەكەشەوە، دیمەنی گەڵاڵە وەك ئاواییەكی كوردستان سەرنج ڕاكێش بووە، بۆیە وێنەیان گرتووە و بڵاویشیان كردەوە. لە شوێنانی دیكەی دنیا لەوە ناچێت شێوەی دروست بوونی شار و گوند بەو تەرزە بێت كە لە كوردستاندا دەبیندرێت. ماڵەكان وەك دیمەنێكی سەرنج ڕاكێش بە قەدپاڵی چیاوە چەشنی نەخشی مافوور چندراون. ئەم تەرزە بینا كردن و تەلارسازییە وابەستەی ژینگەی شاخاویی كوردستان و ڕایەڵی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و ژیانداریی نێوان مرۆڤەكانە، بەوەی لە زۆربەی وڵاتاندا چیا هەیە و ئەم تەرزە تەلارسازییە نییە، ئەمەش نیشانەیە بەوەی تەلارسازییەكی تایبەت بە كوردە.
هەورامان ناوەندێكی پاراستنی میرات و كولتووری كوردە، لە نێو سەختەنی جوگرافیای ئەو دەڤەرەدا ئەم جۆرە تەلارسازییە لە هەموو گوند و ئاواییەكدا ئامادەیە. دێرین شاری ئاكرێ بە هەمان شێوە تەلارسازی دروست كراوە. ئەگەر بە كوردستاندا بگەڕێین، لە زۆر شوێندا كە چیا و ئاوەدانی ئاوێزانی یەك دەبن، تەلار و بینا باڵانگژای بەژنی چیا دەبن. ئا لێرەدا خەسڵەتی هەرە دیاری ئەم تەرزە تەلارسازییەی كوردەواری خۆی دەنوێنێت. گەلی مایا لە ئەمریكای باشووردا چوونەتە سەر چیا و لە تەختەنی سەرچیادا بینا و تەلاریان دروست كردووە. لە كوردستاندا بینا وەك گەردانە بە قەدپاڵی بەرزایی چیادا ڕسكاوە. دوو شارستانیەت و دوو تەرزە تەلارسازیی جودا.

هونەری تەلارسازیی كوردەواری

لە شرۆڤە و لێكۆڵینەوەدا توخمەكانی ئەم تەلارسازییەی كوردەواری ڕوون دەبنەوە. ئێوە سەرنج بدەن. لە نێو چیادا زەویی كشتوكاڵ كەم دەبێت، گوندنشینان بۆ ئەوەی زەویی كشتوكاڵ بۆ چاندن و باخداری بەكار بهێنن، هاتوون بە لاپاڵی شاخدا ئاواییان دروست كردووە. لەم جۆرە ئاواییەدا ماڵان لە مەترسیی ڕێژنەی باران و لافاو دەپارێزرێت، هەوای ئاوایی پاك دەبێت، خەڵكەكەشی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەڵزنان بە قەدپاڵی بەرزایی و وەرزشێكی زۆری هاتن و چوون دەكەن. بەسەر یەكەوە كەڵەك بوونی ماڵانی ئاوایی لە شاخستانی كوردستاندا، بە شێوەیەكی هارمۆنی و سازندە، نیشانەی تەبایی كۆمەڵایەتییە لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا.
هەموو ماڵان پشت لە چیا و ڕوو لە ئاسۆ دروست دەكرێن. دەرگا و پەنجەرەش ڕوو لە ئاسۆن، كۆڵانی تەنگ و تەسك و باریك و پێچاوپێچ بەو جۆرەی لەگەڵ جوگرافیای سەختی لاپاڵدا دەگونجێت، ڕێچكەی هاتن و چوونی خەڵك دیاری دەكەن. كەرەستەی بینا بەرد و شاخە، كە لەگەڵ ژینگەی شوێنەكەدا تەبا و بۆ ژیانی مرۆڤ لە هەموو وەرزێكدا تەندروستن. ماڵانی ئاوایی وەك یەك سوود لە تیشكی خۆر و هەوای پاك و سازگار دەبینن. هەستی دەستەجەمعی و یەك ماڵی لە نێو دانیشتوواندا بەهێز دەبێت. لە خواری خوارێوە تا ئەو پەڕی سەرەوە، سەربانی ئەم ماڵ دەبێتە بەردەرگای ماڵەكەی پشتی. زبڵ و خاشاك لە هیچ شوێنێكی گونددا بەدی ناكرێت، ئاو و خۆراك و كەرەستە و كاڵای پێداویستی ژیانیش، لە دامەنی گوندەوە بەرەو ماڵانی قەدپاڵی چیا دەڕوات، هەر خێزانە و لە خەمی ماڵی خۆیدایە، لە پاڵ ئەوەشدا كۆمەك بە یەك و هەرەوەز بۆ كاتی پێویست، لە ئەو پەڕی تین و تاودایە.
ئەم نموونە تەلارسازی و گونجانە لەگەڵ سروشتدا دەكرێت وەك پلان و بەرنامەی ئاوەدانی بیری لێ بكرێتەوە. دەكرێت شاری مۆدێرن بە هەمان شێوە تەلارسازیی گوندی كوردەواری و بە تازەترین تەكنیك و ئەندازەی سەردەم، دروست بكرێن. ڕەنگە لە ڕووی دابین كردنی خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبا و هی دیكەشەوە، بە سوود وەرگرتن لە ترۆپكی چیا و لاپاڵ، ئاسانتر و كەم خەرجیتر دابین بكرێن.

هونەری تەلارسازیی كوردەواری
Top