چۆن گورچیلەكانت دەپارێزیت؟

چۆن گورچیلەكانت دەپارێزیت؟

گورچیلەكان ئەندامی زۆر گرنگن بۆ پاڵاوتنی خوێن لە پاشەڕۆ و ماددە زیانبەخشەكان، هەنگاوەكانی پاراستنی گورچیلەكان بریتین لە:

• دووركەوتنەوە لە زیاد بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان بە بێ ڕێنمایی دكتۆر.

• هەڵبژاردنی خۆراكی تەندروست و دووركەوتنەوە لە بڕی زیادی شەكر و خوێ و چەوری.

•  ڕۆژانە خواردنەوەی بڕی زیادی ئاو زۆر گرنگە بۆ گورچیلەكان، یەكەی فلتەرە وردەكانی گورچیلە بە بێ بڕی باشی ئاو دوچاری هەوكردن دەبن و، ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەبێت.

• مەشقی وەرزشی ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییانەی كە زیان بە گورچیلەكان دەگەینن، وەك زیادبوونی كێش و قەڵەوی، نەخۆشیی شەكرە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

• دووركەوتنەوە لە خواردنەوە ئەلكهولییەكان، چونكە دەبنە ئەگەری كەمبوونەوەی شلەی لەش، كە كاریگەریی نەرێنی بۆ گورچیلەكان دەبێت.

• دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، چونكە هاندەرە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە و كەمبوونەوەی هاتووچۆی خوێن بۆ گورچیلەكان، ئەویش لە ڕێگەی تێكدانی بۆڕییەكان خوێن كە دەگەنە گورچیلە.

• بەسەركردنەوەی تەندروستیی گورچیلەكان بە شێوەیەكی دەوری، بەتایبەتی لە تووشبووان بە نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، یان بوونی مەیلی خێزانی(بۆماوەیی) بۆ پەككەوتنی گورچیلە.

 

Top