هیواى من ئه‌وه‌یه‌ كچانى كوردستانیش بتوانن ئه‌نجامى باشیان هه‌بێ

هیواى من ئه‌وه‌یه‌ كچانى كوردستانیش بتوانن ئه‌نجامى باشیان هه‌بێ

كالێ كامران یاریزانى شمشێربازی یانه‌ى ئه‌فرۆدێت
هیواى من ئه‌وه‌یه‌ كچانى كوردستانیش بتوانن ئه‌نجامى باشیان هه‌بێ
یارى شمشێربازی یه‌كێك له‌و یارییه‌ تاكه‌كانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان تاكو ئێستا گرنگیه‌كی ئه‌تۆى پێنه‌دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانى زۆرتر روو له‌م یارییه‌ بكه‌ن،به‌شێك له‌ یانه‌كانى كوردستانیش ته‌نیا چه‌ند یاریزانێكیان له‌م یارییه‌ هه‌یه‌ و ئاشنایه‌تیان له‌گه‌ڵى دروست كردوه‌، یاریزانانى یانه‌كانى كوردستانیش نه‌بوونى پاڵه‌وانێتى و گرنگى نه‌دان به‌م یارییه‌ به‌هۆكار ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ پێشوه‌چوونى زیاتر به‌خۆی نه‌بینی، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى كوردستانیش كچه‌ یاریزان كالێ كامه‌ران-ه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌ شارى سلێمانى خه‌ریكی ئه‌نجامدانى ئه‌م یارییه‌ له‌ ریزى یانه‌ى ئه‌فرۆدێت، ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 1996ى شارى سلێمانییه‌ ناوبراو ، گۆڤاری گوڵانیش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*چۆن بوو له‌ نێو دونیاى وه‌رزشییه‌وه‌ یارى شمشێربازیت هه‌ڵبژارد؟
- له‌ كۆتایی ساڵى 2007 بوو كه‌ هاورێیه‌كانم ده‌بینی ده‌چوونه‌ یانه‌ و ڕاهێنانیان ده‌كرد، بۆیه‌ منیش له‌م كاته‌دا ه‌زم بۆ یارییه‌كه‌ دروسا بوو له‌م كاته‌وه‌ تاكو ئێستا له‌ ناو ئه‌م وه‌رزشه‌ به‌رده‌وام و به‌شدارى زۆرترین پاڵه‌وانێتى و چاڵاكییه‌كانم كردوه‌.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان ؟
-ئاستى ئه‌م یارییه‌ش وه‌كو هه‌موو یارییه‌كانى تر له‌گه‌ڵ دروست بوونى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى كه‌ كوردستانى گرته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ره‌و دواوه‌ رۆیشتوه‌ و به‌ ئێستاشه‌وه‌ له‌ دابه‌زین دایه‌.
* هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م یارییه‌ گرنگى ئه‌وتۆى پێ نادرێت له‌ گشت روویه‌كه‌وه‌؟
- له‌ ڕاستیدا گرنگى پێدانى ئه‌م یارییه‌ به‌ گشتى له‌ ده‌ستى كار به‌ده‌ستان و لایه‌نه‌ وه‌رزشییه‌كانه‌ كه‌ تا چه‌ند ده‌توانن به‌ كارهێنانى بارى دارایى بۆی.
*كێشه‌و گرفتی ئه‌م یارییه‌ زیاتر له‌ چى ده‌بینی؟
-كێشه‌كان زیاتر ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى پێداویستى یارى كردن ، وه‌ رێكنه‌خستنى پاڵه‌وانێتى و كه‌مى راهێنان بۆ یاریزانان.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ به‌ره‌ووپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان؟
- بۆ به‌ره‌و پێشچوونى ئه‌م یارییه‌ پێویستى به‌ گرنگی پێدانى زیاترى ستافی ئه‌م یارییه‌ له‌ گه‌وره‌ تا بچووك بۆ سه‌ر له‌ نه‌وێ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاستى جارانى.
*جگه‌ له‌ شمشێربازی چ یارییه‌كى تر ئه‌نجام ده‌ده‌ى؟
-جگه‌ له‌ وه‌رزشه‌كه‌ى خۆم مامۆستام له‌ قوتابخانه‌ى فه‌ره‌نسى له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ركاربوونم له‌گه‌ڵیان توانیم له‌ یارى تۆپى پێى چاڵاكى قوتابخانه‌كان پله‌ى دووه‌م به‌ده‌ست بێنم، جگه‌ له‌وه‌ش به‌رده‌وام وه‌رزشیی شاخه‌وانى ئه‌نجام ده‌ده‌م.
*هه‌ست ناكه‌ى رێژه‌ى كچ كه‌مه‌ له‌م یارییه‌؟
- ئاستى كچان وه‌كو ساڵانى پێشوو نییه‌، ئێستا شان به‌ شانى كوڕان به‌شدارى پاڵه‌وانێتیه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌نجامى باش به‌ده‌ست دێنن.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند گرنگى به‌ تواناكانى تۆ ده‌ده‌ن وه‌كو یاریزان؟
-بێگومان پشتگیری خانه‌واده‌ له‌ پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ كچان منیش هه‌موو كات به‌ متمانه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ یارى ده‌كه‌م.
*هیواو و ئاواتت وه‌كو كچه‌ یاریزانێكى شمشێربازی؟
-هیواى من ئه‌وه‌یه‌ كچانى كوردستانیش بتوانن ئه‌نجامى باشیان هه‌بێ و له‌ هه‌موو یارییه‌كان و ناویان له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ جیهانیه‌كان هه‌بێت.
*ئه‌نجامه‌كانت وه‌كو یاریزان؟
-زۆر ترین چاڵاكى و پاڵه‌وانێتى و یارى دۆستانه‌ به‌شداریم كردووه‌ ئاست و ئه‌نجامم به‌رچاو بووه‌، وه‌كو كچانى سلێمانى و وه‌كو تاكیش چه‌ند جارێك پله‌كانى دووه‌م و سێیه‌م به‌ده‌ستهێناوه‌.
*پلانى داهاتووت چیه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-پلانى داهاتووم به‌ستۆته‌وه‌ به‌ قوتابیه‌كانى قوتابخانه‌كه‌م كاری زۆر باشم كردووه‌ بۆ ئه‌وان پشت به‌خواى گه‌وره‌ بۆ كچان و كوڕانیش بۆ ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كانیش.
*بڕیارت نه‌داوه‌ تیپێكى شمشێر بازی دروست بكه‌ى؟
- بۆ دروست كردنى تیپێك له‌م كاته‌دا ده‌بێت لایه‌نى ماددی باشت هه‌بێت یان چاوه‌ڕێ بكه‌ى كه‌سێك پشتگیرین بكات بۆ ناساندنى تیپه‌كه‌ و دابین كردنى پێداویستیه‌كانى یارییه‌كه‌ له‌م كاته‌دا هیچیان ئاسن نییه‌.
*خاوه‌نى چه‌ند بڕوانامه‌ى وه‌رزشیی؟
-ژماره‌یه‌ك بڕوانامه‌ى وه‌رزشیشم به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌وانه‌ بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى (IATD لە (لیاقە بەدەنی ،ئایرۆبیک)، وه‌ بڕوانامه‌ى فریاگوزاری سه‌ره‌تا جگه‌ له‌وه‌ى په‌یمانگاى وه‌رزشیم ته‌واو كردوه‌ و یه‌كێكم له‌ یه‌كه‌مه‌كانى كۆلێى په‌روه‌رده‌ى جه‌سته‌ی و زانسته‌ وه‌رزشیه‌كان.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ خزمه‌تى وه‌رزشكارانى ناوه‌خۆ، هیوادارم به‌رده‌وام بن له‌ خزمه‌تكردنى وه‌رزشكارانی كوردستان.

 

Top