ئایا بۆیەی قژ زیانی هەیە؟

ئایا بۆیەی قژ زیانی هەیە؟

زۆربەی جۆرەكانی بۆیەی قژ Hair dye لەوانەیە كە ببنە ئەگەری هەستەوەری و هەوكردنی پێستی سەر و دەموچاو، هەستەوەریی چاو، هەروەها هەناسەتەنگی و كۆكە، بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە نەخۆشی، یان گرفتیان لە كۆئەندامی هەناسەدا هەیە، بەڵام هەندێك جۆری بۆیەی قژ لەوانەیە كە ماددەی كیمیایی وا لەخۆبگرن كە، زیان بە تەندروستی بگەیەنن، بۆ نموونە: پیرۆكسیدی هایدرۆجین H2O2، هەروەها قوڕقوشم، فینۆلەكان Phenols، ئامۆنیا، جیوە، PPD، كە دەبنە ئەگەری هەستەوەریی توند و قژهەڵوەرین، یان نەخۆشیی پێست و گرفت لە كۆئەندامی هەناسەدا. پیرۆكسیدی هایدرۆجین (كە بە ئۆكسجین ناسراوە) بۆیەی میلانین Melanin تێك دەشكێنێت، كە بە شێوەیەكی سرووشتی لە قژ و پێستدا هەیە. بەكارهێنانی بۆیەی قژ بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەگەری زیانە تەندروستییەكان زیاتر دەكات، بۆنموونە: هەستەوەری و پەڵەی سووری پێست كە لەوانەیە هەموو پێستی سەر و هەندێك جاریش هەموو پێست بگرێتەوە، وشكبوون و لوولبوونی Frizziness هەمیشەیی قژ، هەناسەتەنگی و نیشانەكانی هاوشێوەی نەخۆشیی ڕەبو. لە لایەكی دیكەوە ئاژانسی بەرنامەی ژەهرزانیی نیشتمانیی ئەمریكی NTP جەختی كردووەتەوە كە چەند ماددەیەكی كیمیایی ناو هەندێك جۆری بۆیەی قژ لەوانەیە كە ببنە ئەگەری شێرپەنجە.

Top