هەستكردن بە گەرمبوونی پێیەكان
هەستكردن بە گەرمبوونی پێیەكان Burning sensation كە زیاتر لە ئەنجامی گرفت لە دەمارەكانی قاچدا ڕوو دەدات، نەخۆشیی شەكرە باوترین هۆكارە. هەستكردن بە گەرمبوونی پێیەكان هەندێك جار هاوكاتە لەگەڵ هەستكردن بە سڕبوون، یان تەزین، ئازار، یان هەستكردن بە سووتانەوە لە پێیەكاندا، بەتایبەتی لەكاتی پیادەڕۆییدا. هۆكارەكان: نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، هەوكردنی دەمارەكانی دەورووبەر Neuropathy، كەمیی ڤیتامینەكانی B6 یان B9(فۆلەیت) یان B12، ڕاهاتن لەسەر ئەلكهول، ئایدز، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، سستبوونی گلاندی دەرەقی، ژاراویبوون بە كانزای قوڕسی وەكو قوڕقوشم، یان جیوە، یان ئارسنیك Arsenic، هەوكردنی پێستی پێیەكان بە كەڕوو، هەوكردنی بۆرییەكانی خوێن Vasculitis لە پێیەكاندا. چارەسەركردنی هەستكردن بە گەرمبوونی پێیەكان بریتییە لە ڕێگرتن لە پەرەسەندنی تێكچوونی زیاتری دەمارەكان، هاوكات لەگەڵ دۆزینەوە و كۆنتڕۆڵكردن، یان چارەسەركردنی هۆكاری تێكدانی دەمارەكان، هەروەها بەكارهێنانی چەند دەرمانێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەستكردن بە تەزین، یان سڕبوون، پاشان دەرمان بۆ كەمكردنەوەی ئازار.