گرفتی ئه‌م یارییه‌ نه‌بوونى پاڵپشتى داراییه‌

گرفتی ئه‌م یارییه‌ نه‌بوونى پاڵپشتى داراییه‌

سۆما فازل یاریزانى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی و له‌شجوانى

نه‌بوونى پاڵپشتى داراییه‌ له‌لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار
له‌ له‌ ئێستادا له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكان و قه‌زا و ناحیه‌ و شاره‌كانى كوردستان یارییه‌كانى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی و له‌شجوانى و زوومبا و ئایۆبیك بۆته‌ یه‌كێك له‌و یارییانه‌ى كه‌ خانمان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م حه‌ز و خولیاكانیان به‌جێ بهێنن، هه‌میش ببنه‌ خاوه‌ن له‌ش ولارێكى رێك، له‌ شاره‌كانى كوردستانیش ئه‌م یارییه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندن دایه‌ و ئافره‌تانیش به‌ شێوه‌یه‌كى زیاتر له‌ جاران روو له‌ وه‌رزشه‌كه‌ ده‌كه‌ن، له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش یه‌كێكه‌ له‌م شارانه‌ى كه‌ خانمان زیاتر روو له‌ وه‌رزشى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی و له‌ش رێكى و وه‌رزشه‌كانى دیكه‌ ده‌كه‌ن ، یه‌كێك له‌و ئافره‌ته‌ یاریزانانه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان ئه‌ویش سۆما فازل عابد-ه‌ ،ناوبراو وه‌كو یاریزان له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید یارى ده‌كات ، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1998ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیده‌ ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* هه‌ڵبژاردنى وه‌رزشى ئاسن لاى تۆ چۆن بوو؟
- حه‌زو خۆشه‌ویستیم بۆ وه‌رزش به‌ تایبه‌ت یارى له‌شجوانى و هێزی له‌ش واى لێم كرد ئه‌و یارییه‌ هه‌ڵبژێرم.
* بۆ خانمان ئه‌م وه‌رزشه‌ تا راده‌یه‌ك قورس نییه‌؟
- راسته‌ وه‌رزشێكى قورسه‌ تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ى كچ، به‌ڵام گرنگ له‌وه‌یه‌ بڕوابوونه‌ به‌ تواناى خۆت و كۆڵنه‌دانه‌.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كاتدا ئه‌نجام ده‌ده‌ى له‌ش جوانى و هه‌ڵگرتنى قورسایی له‌كامه‌ى خۆت به‌ سه‌ركه‌وتووتر ده‌زانی؟
- تاڕاده‌یه‌كى باش توانیومه‌ له‌ هه‌ردوو یاری سه‌ركه‌وتوو بم به‌ شێوه‌یه‌كى هاوسه‌نگ له‌ ژیانى رۆژانه‌مدا.
*هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م یارییه‌ پێشوازێكى باشى لێ نه‌كراوه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌ تایبه‌تى بۆ ئافره‌تان؟
- به‌داخه‌وه‌ كه‌وایه‌ هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێنمه‌وه‌ كه‌ تا ئیستا به‌ ترسه‌وه‌ له‌ یارییه‌كه‌ ده‌ڕوانین به‌ گونجاوى دانانێن بۆ ئافره‌ت.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ هه‌ردوو ئاستى كوڕان و كچان له‌ به‌ره‌و پێشچوونه‌ تایبه‌ت بۆكوڕان كه‌ حه‌ز و خولیان زیاتره‌ خاوه‌ن توانایه‌كى زیاترن.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تی وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
- پێم وایه‌ گرنگترین كاریان پشتگیری كردنیان و هاندانیان، وه‌ ئاشنا كردنیان به‌ وه‌رزشه‌كه‌ بۆ به‌رچاو روونی زیاتر.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
- له‌ سه‌ر ئاستى عێراق به‌شدارى پاڵه‌وانێتیه‌كان بكه‌م، پشتیوان به‌ خواى گه‌وره‌ له‌ داهاتوودا بتوانم به‌شدارى پاڵه‌وانیتێك بكه‌م له‌سه‌ر ئاستى ئاسیا.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
-گرفتى ئه‌م یارییه‌ تایبه‌ت له‌ كاتى پاڵه‌وانێتیه‌كه‌كان بۆ كچان نه‌بوونى پاڵپشتى داراییه‌ له‌لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، تۆ كه‌ یاریزانى بتوانى به‌ ئاستێكى به‌رز ئاماده‌كاری بكه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى بكات و ئه‌نجامى باشى هه‌بێت. نه‌بوونى پاڵپشتى گرفته‌.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونی من ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا پله‌یه‌كى به‌رز به‌ده‌ست بهێنم بتوانم خزمه‌تى كچانى هه‌ڵه‌بجه‌ى پێ بكه‌م به‌ تایبه‌ت.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن بۆ وه‌رزش كردن؟
- گومانى تێدا نییه‌ من به‌بێ پاڵپشتى ئه‌وان نه‌م ده‌توانى بگه‌م به‌م ئاسته‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك بوار بۆ كچان نه‌ڕه‌خساوه‌ له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كانه‌وه‌ بگره‌ هه‌ندێك جار رێگرن له‌ به‌رده‌م ده‌رخستنى تواناكان و به‌دێهاتنى خه‌ونه‌كانیان.
*به‌ نیازی ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان دروست بكه‌ى له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌؟
- له‌ ئێستادا بیرم لێ نه‌كردۆته‌وه‌، چونكه‌ پێویستى به‌ توانایه‌كى ماددی زۆر هه‌یه‌، پشتیوان به‌ خواى گه‌وره‌ له‌ داهاتووا هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌م.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-سوپاسى ستافى گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و دیمانه‌یه‌ به‌هیواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وام هیوادارم لایه‌نى وه‌رزش به‌ره‌وو پێش ببه‌ن و به‌رده‌وامبن له‌م خزمه‌ته‌ زۆره‌ى به‌ ئافره‌تانى وه‌رزشكارى شاره‌كانى كوردستان ده‌كه‌ن .

 

Top