ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا7

ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا7

ئۆمیگا7 كۆمەڵێك ترشەچەورییە ناتێرەكان دەگرێتەوە، كە لەپێكهاتە كیمیاییەكانیاندا حەوت ئەتۆمی كاربۆن لە كۆتایی زنجیرەی كاربۆندا لەخۆدەگرن، سێ باوترین جۆری ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا7 بریتین لە ترشی پالمیتۆلیك Palmitoleic acid و ترشی ڤاكسێنیك Vaccenic acid و ترشی ڕومێریك Rumeric acid كە لەبەر سیفەتی پاراستنی شێداریی زیاتر، دەخرێنە ناو ئاوێتەكانی جوانكارییەوە. ترشە چەوریی ئۆمیگا7 ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، هەروەها ڕێگرتن لە گۆڕانە میتابۆلیزمەكان كە دەبنە ئەگەری نەخۆشییەكانی پەیوەست بە بەساڵاچوون. سەرچاوە خۆراكییەكانی چەوریی ئۆمیگا 7 بریتین لە: شیر و بەرهەمەكانی، میوەی ئاڤۆكادۆ، زەیتی زەیتوون لەگەڵ چەند ڕووەكێكی دەریایی. سوودەكانی بریتین لە: پاراستنی تەندروستی و فرمانەكانی دڵ و مێشك، كەمكردنەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ LDL و بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی باش HDL لە خوێندا، هاندانی كاردانەوەی سستمی بەرگریی لەش، ڕێگرتن لە وشكبوونی پێست و پەردە لینجەكانی دەم و لووت و ڕێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرس، هاوسەنگكردنی فرمانەكانی كۆئەندامی هەرس، دواخستنی زوو چرچبوونی پێست، هەروەها پاراستنی تەندروستیی و ڕەونەقی قژ و نینۆك، بۆیە گەلێك جار بە ئۆمیگای جوانی Beauty omega ناوزەد دەكرێت.

Top