ژەمی سیێەمی ڤاكسینی كۆڤید دژی ئۆمیكرۆن كاریگەرە

ژەمی سیێەمی ڤاكسینی كۆڤید دژی  ئۆمیكرۆن كاریگەرە

لە نوێترین توێژینەوەی سەنتەری ئەمریكی بۆ خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان CDC هاتووە، ژەمی سێیەم، یان ژەمی چالاككەرەوەی ڤاكسینی كۆڤید Booster shot لە جۆری فایزەر، یان مۆدێرنا كاریگەریی هەیە دژ بە گۆڕدراوی ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها لە دوو توێژینەوەی فەرمیی نوێی ئەمریكی دیكەدا جەخت لەسەر هەمان بابەت كراوەتەوە، ئەمەش ڕوونكراوەتەوە كە ژەمی سێیەمی ڤاكسینی كۆڤید ئەگەری كەوتنە نەخۆشخانە تا ڕێژەی 90% كەم دەكاتەوە، هەروەها ئەگەری پێویستی بە چارەسەری چڕ تا 82% كەم دەكاتەوە، هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی ئەگەری مردن، بەتایبەتی لە كەسانی تەمەن 50 ساڵ و بەسەرەوەدا. هەر لە توێژینەوەكاندا ئاماژە بەمە كراوە كە ئەو كەسانەی سێ ژەمی ڤاكسینی كۆڤید وەردەگرن، بەتایبەتی ڤاكسینی پفایزەر، یان مۆدێرنا، زیاتر پارێزراو دەبن لە گۆڕدراوەكانی ئۆمیكرۆن و دێلتا بەراورد لەگەڵ ئەو كەسانەی كە تەنیا دوو ژەمی ڤاكسین وەردەگرن، یان هیچ ڤاكسین وەرناگرن. سەنتەری ئەمریكی بۆ خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان ڕێنمایی دەكات كە پێویستە هەر كەسێك لە تەمەنی 12 ساڵ و بەسەرەوە ژەمی سێیەمی ڤاكسینی كۆڤید وەربگرێت، پاش پێنج مانگ لە وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاكسینی پفایزەر، یان مۆدێرنا، یان دوو مانگ پاش تاكەژەمی ڤاكسینی جۆنسن ئەند جۆنسن.

 

Top