نیازی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌شدارى پاڵه‌وانێتى گه‌وره‌ بكه‌م

نیازی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌شدارى پاڵه‌وانێتى گه‌وره‌ بكه‌م

ئیسرا موحسین یاریزانى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی یانه‌ى هه‌ولێر
نیازی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌شدارى پاڵه‌وانێتى گه‌وره‌ بكه‌م
تیپى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی یانه‌ى وه‌رزشیی هه‌ولێر خاوه‌ن مێژووییه‌كى گه‌وره‌ن له‌ سه‌ر ئاستى عێراق وكوردستان و بگره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراقیش، كچانى شارى هه‌ولێر به‌رده‌وام له‌ مه‌شق و ئاماده‌كاریدان بۆ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی له‌ هه‌ر شوێنێك به‌رێوه‌ بچێت، هه‌ولێرییه‌كان خاوه‌ن چه‌ندین نازنازن له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌ جۆراوجۆره‌كان، یه‌كێك له‌ كچه‌ به‌ تواناكانى یانه‌كه‌ش كه‌ چاوه‌ڕوانى پاشه‌ڕۆژى باشى لێ ده‌كرێت له‌ یارى به‌رز كردنه‌وه‌ى قورسایی ئه‌ویش ئیسرا موحسین-ی یاریزانى یانه‌ى وه‌رزشیی هه‌ولێر له‌ پاڵه‌وانێتى به‌رزكردنه‌وه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بی توانى سێ مه‌دالیای زێر به‌ده‌ست بهێنێت له‌ كێشى 45كگم پله‌ى یه‌كه‌مى به‌ ده‌ست هێنا ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 2000 قوتابی په‌یمانگایه‌ شارى هه‌ولێره‌ و باوكی یه‌كێك له‌ وه‌رزشكاره‌ دیاره‌كانى شارى هه‌ولێر بووه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
- ئاستی خراپه‌ چونكه‌ گرنگى به‌م وه‌رزشه‌ نادرێت.
* ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌وو پێش نه‌چێت ؟
- له‌ راستیدا كه‌مى پاڵه‌وانێتى یاریزانان سارد ده‌كاته‌وه‌، وا ده‌كات له‌م یارییه‌ دووركه‌ونه‌وه‌.
*پێت باشه‌ چى بكرێت ، بۆبه‌ره‌ووپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ ئاستێكى به‌رز؟
-پێویسته‌ گرنگى به‌م وه‌رزشه‌ بدرێت، به‌رده‌وام پشتگیری بكرێن بۆ ئه‌وه‌ى یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی به‌ره‌ووپێش بچێت.
* گرفتی ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینی؟
- گرفتی زۆره‌ یه‌كێك له‌گرفته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی عێراق پشتگیریت بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌ گه‌وره‌كانى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ى.
*چ هه‌ستێكت هه‌یه‌ وه‌كو كچه‌ یاریزانێك كه‌ یارییه‌كی قورس ئه‌نجام ده‌ده‌ی؟
- یه‌كجار زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام حه‌زێكى زۆرم هه‌بوو ئه‌م وه‌رزشه‌ لام ئاسایی بوو، ئێستاش یارییه‌كى خۆشه‌، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ بۆ ئافره‌ت.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووى خۆت؟
- نیازی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ به‌شدارى پاڵه‌وانێتى گه‌وره‌ بكه‌م وه‌كو ئاسیا و جیهان.
*له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌كان پشت به‌ راهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن؟
- نه‌خێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ دانیم راهێنه‌ر هه‌ر عێراقی بێ باشتره‌ و سوودى زیاتره‌ بۆ یاریزانان.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسی وه‌رزشیی؟
-داواكاریم له‌ به‌رپرسه‌كانى وه‌رزش ئه‌وه‌یه‌ پشتگیریمان بكه‌ن، پاڵپشتى باشمان بكه‌ن تا بتوانین به‌ره‌و پێش بچین و مه‌دالیاى زێر به‌ده‌ست بهێنین.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ به‌شدارى پاڵه‌وانێتى جیهان بكه‌م.
* به‌ هیواى ئه‌وه‌ى رۆژێك له‌ رۆژان هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان له‌م یارییه‌ دروست بكرێ؟
- بێگومان حه‌زده‌كه‌م منیش یه‌كێك بم له‌ یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی كوردستان.
*پاڵه‌وان بوون لای تۆ چى ده‌گه‌ینێ؟
- پاڵه‌وان بوون هه‌ستێكى زۆر خۆشم پێ ده‌به‌خشێ كه‌ بۆمن شانازییه‌ ئاڵاى كوردستان و عێراق به‌رز ڕابگرم.
*گرێبه‌ستت پێشكه‌ش كراوه‌ له‌لایه‌ن یانه‌كانى تر بۆ یارى كردن؟
- نه‌خێر بۆم نه‌هاتووه‌، من ئێستا یاریزانى یانه‌ى هه‌ولێرم.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارى گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ى له‌ شاره‌كانى كوردستان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.

 

 

Top