بۆچی نۆرەی دڵ لە زستاندا زیاترە؟

بۆچی نۆرەی دڵ لە زستاندا زیاترە؟

 ئایا دەزانی كە كەشوهەوای سارد كاریگەریی دەكاتە سەر دڵ، بۆنموونە ئەگەری نۆرەی دڵ Heart attack زیاد دەكات. ئەم ئەگەرەش بۆ ئەو كەسانی بەساڵاچوون و تەمەنیان 65 ساڵ و بەسەرەوەیە، یان نەخۆشییان لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا هەیە زیاترە. لە كەشی سارددا وەكو كاردانەوەیەكی سرووشتی بۆ پارێزگاریكردن لە گەرمیی لەش، بۆڕییەكانی خوێن تەسك دەبنەوە، بەمەش هاتووچۆی خوێن لە ناویاندا كەم دەبێتەوە، ئەمەش بارگرانی دەكەوێتە سەر ماسوولكەی دڵ بۆ پاڵنانی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش، هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو لە ناو بۆرییەكانی خوێندا، كە هۆكارە بۆ ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك. لەگەڵ بەساڵاچووندا، توانای لەش بۆ پارێزگاریكردن لە پلەی گەرمی كەم دەبێتەوە، بۆیە كاریگەریی سەرما لەسەر لەش زیاتر دەبێت، هەروەها بارستایی ماسوولكەكان كەم دەبێتەوە، كە لە كاریگەریی ساردی لەسەر لەش زیاتر دەكات. جگە لەمانە، سیستمی بەرگریی لەش كز دەبێت، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلوەنزا و هەوكردنی شانەی سییەكان Pneumonia زیاتر دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر كەسانی بەساڵاچوو كە ماوەی مانەوەیان لە شوێنی سارددا سنووردار بكەن و بە هەموو ڕێگایەك گەرمیی لەشیان بپارێزن، هاوكات لەگەڵ وەرگرتنی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا.

 

Top