جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوادەكات هێزە عێراقییەكان تۆكمەتر بكرێن

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوادەكات هێزە عێراقییەكان تۆكمەتر بكرێن

 

 

لە پەیامێكدا شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پرۆتستۆی ئەو کردەوە تیرۆريستییەی كرد کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی کرایە سەر هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی عوزێمی پارێزگای دیالە وتێیدا ژمارەیەك سەربازی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لەناحیەی عوزێم گیانیان لە دەست دا. ناوبراو لە پەیامەكەیدا دەڵێت: داوا دەکەین ڕێوشوێنی مەیدانی بگیرێتەبەر لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان و پێداچوونە بە دۆسیەی ئەمنیی و گۆڕانگاریکردن لە فەرماندەکان، كە بتوانرێت ڕووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆرستانی داعش ببنەوە.

 

هەر لە درێژەی قسەكانیدا شاخەوان عەبدوڵڵا داوا دەكات دووبارە  هێزەکانی سوپا بڵاوەیان پێ بكرێت لەو ناوچانەی بە باشی كۆنتڕۆڵ نەكراون، داواشی كرد هەوڵەکانی کۆکردنەوەی زانیاری لەپێناو ڕاوەدونانی شانە نووستوەکانی داعشی تیرۆرست زیاتر و بەرفراوانتر چڕبکرێنەوە.

شایانی باسە دوێنێ چەند چەکدارێكی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرێکی سریەی یەکی فەوجی یەکەی لیوای دوو لە فیرقەی یەکی عێراق لەنێوان هەر دوو گوندی تاڵعە و ئوم کەرامی لە ڕۆژئاوای ناحیەی عوزێمی پارێزگای دیالە، لە ئەنجامدا 11 سەرباز و ئەفسەرێك گیانیان لە دەست دا.

Top