نیشانەكانی كەمیی مەگنسیۆم لە لەشدا
كەمیی مەگنسیۆم Hypomagnesemia لە زۆربەی حاڵەتەكاندا تا نەگاتە ئاستێكی توند، نیشانەكانی زۆر بەرجەستە نابن، بۆیە زوو دەستنیشان ناكرێت، ئەگەر پشكنینی ڕۆتینی بۆ ئاستی مەگنسیۆم لە خوێندا ئەنجام نەدرێت. جگە لەوەی كە كەمیی مەگنسیۆم لە لەشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و سكچوونی درێژخایەن زیاد دەكات، گەلێك نیشانەش پەیدا دەكات، كە بریتین لە: گرژبوون و بێهێزبوونی ماسوولكەكان، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی دەروونی و جەستەیی، پەستی و گرفت لە فرمانەكانی مێشكدا، لاوازبوون، یان پووكانەوەی ئێسك Osteoporosis، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، گرفت لە هەناسەدا لەبەر نیشتنی كالسیۆم لە ناوپۆشی ڕێڕەوەكانی هەناسە و تەسكبوونەوەیان، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ. پێویستیی ڕۆژانەی مەگنسیۆم بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 400-420 ملگم بۆ پیاو و 310-320 ملگم بۆ ئافرەت، سەرچاوە خۆراكییەكانی مەگنسیۆم: باوی، شوكولاتەی تاریك، فاسۆلیا، گەنمەشامی، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، قاوە، كاكاو، كازو، بندق، شوفان، لەگەڵ تۆوی كەتان.