پۆرترێت هێڵكاری
لە هونەری نیگاردا (ڕەنگ و هێڵ) جووتە توخمی سەرەكین. ئەگەر هونەرمەند لە هێڵكاری و ڕەنگسازیدا توانا و كارامە نەبێت، هونەرەكەی كاڵ و كرچ و ناتۆكمە خۆ دەنوێنێت. نیگاركێش بە هەر ڕێباز و ڕێچكە و ستایلێك تابلۆ بكێشێت، ئەوە بڕیار و بژاردەی خۆیەتی، گرنگ بۆ منی بینەر و كڕیاری هونەرەكەی، جوانی و داهێنانە، بە توێكڵ و كاكڵیانەوە. لە خوێندنی ئەكادیمیشدا، یەكەمین شت شاگردی هونەر لە ڕووی كردارییەوە فێری هێڵكاری دەكرێت، لە هەنگاوی دووەمدا فێری ڕەنگ كردن و ڕەنگسازی دەكرێت. بەدەست هێنانی شارەزایی لەو جووتە توخمەدا، مەبەستمان هێڵ و ڕەنگە، كەسی شەیدای هونەر لە هەوادارییەوە دەباتە باری هونەرمەندی.
ئا/ تاریق كارێزی
محەمەد ئیسماعیل (خەڵكی هەولێرە و لە تاراوگەدا دەژی) یەكێكە لەو هونەرمەندانەی گەشەیەكی زۆری بە هونەری هێڵكاری داوە، هێندە ئەزموونی خۆی لەو بارەیەوە بە قووڵدا بردووە، دەبینین هێڵكاری لە لای ئەو بووە بە تەرزە شێوازێك بۆ گەڵاڵە كردنی تابلۆ. تابلۆیەك كە پشت بە تەنیا توخمی هێڵ و تەكنیكی هێڵكاری دەبەستێت. لەم ڕووەوە ئێمە ئەزموونی ئیسماعیل خەیاتیشمان هەیە، بەوەی لە كۆتایی ساڵانی شەست لە سەدەی ڕابردوو بە دواوە، تەنیا بە هێڵ و هێڵكاری تابلۆی دەنەخشاند، تا ئەو كاتەی لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا نەچووە نێو ژیانی هاوسەرییەوە، لە تابلۆدا ڕەنگی بەكار نەهێنا.
گرنگە لێرەدا ئاماژە بە تایبەتمەندیی ئەزموونەكەی محەمەد ئیسماعیل بكەین، بەوەی زیاتر بە پۆرترێت هێڵكارییەوە پەیوەست بووە، لەو ڕووەشەوە زۆر پێگیری شێوازی ئەكادیمی و ڕیالیزمە، ئەمەش بەهایەكی باڵا بە بەرهەمی ئەو دەدات، چونكە ئەم جۆرە شێوازە پڕە لە وردەكاری و پێوانەی وردی ئەندازە، هەر سەرچیخ چوونی هێڵێك، ناحەزییەك بە تەوێڵی بەرهەمەكەوە دەنێت، چاوی بینەر و كڕیاریش هەر زوو لە یەكەم نیگادا، ئەو ناحەزییە بەدی دەكات و دەیخوێنێتەوە.
بەكار هێنانی ڕەش قەڵەمی دار بە زۆری، بڕێ جاریش قەڵەم داری ڕەنگی، ئازادییەكی زۆری بە هونەرمەند داوە، تا ئەوەی زۆر ئازادانە مانۆری هونەر بكات، بێ پەروا بەیاری ڕووبەر بە نووكی قەڵەم بكێڵێت، بە تایبەتی هێڵ كێشان بەم جۆرە قەڵەمە بە چركە كاتی دەوێت، دەست و پەنجەش هێندە شەكەت و ماندوو ناكات. ئەمەش بۆ خۆی دەرفەتێكی باشە بۆ كار كردن.
ئێمە بەوە زیاتر هۆگری دیتن و تەماشا كردنی پۆرترێت هێڵكارییەكانی محەمەد دەبین، بەوەی زۆر وردن، هەر بە تاكە ڕەنگی ڕەش، لە تیرەوە بۆ كاڵ گەمە بە تۆنی ڕەنگ دەكات، فۆرم و فیگەر و ڕووبەر گەڵاڵە دەكات، بە یەك ڕەنگ (تەنیا ڕەش) فرە ڕەنگی دروست دەكات، بە گوێرەی پێكهاتەی مۆدێلی پۆرترێتەكەی، بە وردی ڕوانگەش ڕەچاو دەكات. لەم ڕووەوە كێشانی هەندێك شوێنی پۆرترێت، چ ڕووی بە ئاراستەی پێشەوە بێت، یان بە لاری و لا تەنیشت بێت، ئەزموونی زۆری دەوێت تا نیگاركێش بتوانێت بە سەریاندا زاڵ بێت، بە وردی و دوور لە شێوانی ئەندازە و فۆرمیان، گەڵاڵەیان بكات. بۆ نموونە پەنجەكانی دەست، ژێر مل و چەناگە، دەست و لاق كاتێك بە ئاراستەی پێشەوە بن. محەمەد ئیسماعیل توانیویەتی بەسەر تێكڕای ئەو كەند و كۆسپانەدا زاڵ بێت، بۆیە هەر پۆرترێت قەڵەمكێشییەكی ئەو بەهایەكی بەرزی هونەریی دەبێت.