مۆنیكا بیلۆتشی: من دەرەنجامی خەونەكانی خۆمم

مۆنیكا بیلۆتشی: من دەرەنجامی خەونەكانی خۆمم

لە سەروبەندی ئاهەنگی نمایشكردنی دوایین فیلمی خۆیدا بەناوی (كچێك لە نافوورە) خانمە ئەكتەری ناسراوی جیهانی مۆیكا بیلۆتشی لە دیمانەیەكدا باسی لە چەند لایەنێكی ژیانی تایبەتی خۆی كرد.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هۆكارەكانی سەركەوتنی لە بواری نواندندا مۆنیكا گوتی: «من دەرەنجامی خەونەكانی خۆمم، كاتێك منداڵ بووم حەزم دەكرد ببم بە ئەكتەر و بێمە نێو ئەم جیهانە بەرفراوانە، ئەمە سەرباری ئەوەی بوون بە ئەكتەر زۆر لە واقعی ژیانی من دووربوو».

مۆنیكا بیلۆتشی: من دەرەنجامی خەونەكانی خۆمم

سەبارەت بە فیلمی (كچێك لە نافوورە) كە هونەرمەندی سویدی (ئانیتا ئیكبرج)ی ڕۆڵی لە فیلمی (La Dolce Vita)دا دەبینی، مۆنیكا دەڵێت: «لەو كاتەدا ئافرەتانی ئیتاڵیا لە زۆربەی هەرەزۆری ماڵەكاندا هەبوون، كاتێك ئیكبرج گەیشت، كە لە ڕووی جەستەییەوە زۆر جیاواز بوو و، ڕێگەی بەخۆی دا كە زۆر ئازاد بێت، تەنانەت لە ڕووی ئابووریشەوە، كارەكە وەك بۆمبێك وابوو كە لە كۆمەڵگەدا تەقییەوە»،مۆنیكا تیشكی خستە سەر خزمەتەكانی ئەو ئافرەتە سویدییە هونەرمەندە و گوتی: «زۆر جار هونەر لە ئازارەوە هەڵدەقوڵێت، ئەم ئافرەتە زۆری پێشكەش بە سینەما كردووە، لەوانەیە بە نا هۆشیاری بێت، كە پڕ بوو لە ڕووناكی و جوانی، بەڵام لە كۆتاییدا بەشێكی زۆری ژیانی بە تەنیایی لەسەر كورسییەكی جوڵاو بەسەر برد و، لە خانەیەكی بەساڵاچوواندا كۆچی دوایی كرد، وا پێویست بوو كەرامەت بۆ ئەو ئافرەتە بگەڕێنینەوە».

مۆنیكا هەروەها باسی لە كاركردن لەگەڵ ئافرەتان و دەرهێنەرە پیاوەكانداكردووە، لەوبارەشەوە دەڵێت: «لەگەڵ دەرهێنەرە پیاوەكاندا كارم كردووە، بەڵام پەیوەندییەكانم لەگەڵ ئافرەتاندا جیاوازبوو، زۆر جار سەیری یەكتری دەكەین و باش لە یەكتری دەگەین، تەنانەت ئەگەر بێ قسەكردنیش بێت، ئافرەت ناتوانێت درۆ لەگەڵ ئافرەتێكی دیكە بكات، چونكە ئێمەی ئافرەت زۆر زیرەكین، من خۆم پیاوم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام ئافرەتان زیاتر سەرنجم ڕادەكێشن، هەردوو ڕەگەزەكە پێویستە فێربن كە چۆن بەردەوام پەیوەندییان باشتر دەبێت، شەڕ نامانگەیەنێتە هیچ شوێنێك، ئێمە پێویستمان بە پیاوە، ئەوانیش پێویستیان بە ئێمەیە، ئەو پێشكەوتنەی كە ئێستا هەیە، بریتییە لە گەڕان بە دوای یەكسانیدا، ئێمە وا ڕاهاتبووین كە بەو شێوەیە سەیری پیاو بكەین، كە ئەو سوارچاكەیە دەتوانێت هەموومان ڕزگار بكات، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی پێی بڵێین دەتوانین یارمەتیت بدەین و، تۆ ناتوانیت بە تەنیا ئەم كارە ئەنجام بدەیت».

سەبارەت بە ژیانی منداڵیی خۆی ئەم خانمە ئەكتەرە دەڵێت: «یەكێك لە خۆشترین قۆناغەكانی ژیانم تەمەنی منداڵیم بوو، بۆیە منداڵم زۆر خۆش دەوێت و هەست بە سۆز و خۆشەویستییان دەكەم، منداڵان ناتوانن هەرچی لە ناخیاندایە بیدركێنن، بەڵام من دڵنیام كە هەست بە دەوروبەریان دەكەن و تێدەگەن كە چی دەگوزەرێت، بێ ئەوەی بتوانن ئەم هەستانەی خۆیان بە وشە دەرببڕن، ئەوان زیاتر بە چاوەكانیان قسە دەكەن، ئێمەش ئەمانەمان لە قۆناغی ناهۆشیاریدا تاقی كردووەتەوە، بەڵام لە بیرمان نەماوە، ئەمەش ڕەنگە لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بێت، بێ ئەوە هەستی پێ بكەین».

شایەنی باسە مۆنیكا ساڵی 1989 لە بواری نواندن خوێندنی تەواو كرد، دواتر بەشداریی لە چەند فیلمێكی ئیاڵیدا كرد وەك (La Riffa) لە ساڵی 1991 و ((Bram Stokers Dracula) لە ساڵی 1992، بە گشتی لە ژیانی هونەریی خۆیدا بەشداریی لە (81) كاردا كردوو لە نێوان زنجیرەی تەلەفزیۆنی و فیلم، بە چوار زمان قسە دەكات ئەوانیش : ئیتاڵی، فەرەنسی، ئیسپانی ئینگلیزی، گرنگترین كارە سینەماییەكانی فیلمی (Malena) بوو لە ساڵی 2000، چونكە تا ڕاددەیەكی زۆر گوزارشتی لە ژیانی تایبەتی خۆی دەكرد كاتێك ڕۆڵی ئافرەتێكی شۆخ و شەنگی بینی كە ئافرەتانی دەوروبەری هەستیان بە مەترسییەكانی كرد لەسەر ژیانی هاوسەرییان.

گرنگترین وێستگەكانی لە فیلمە ئەمریكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ فیلمی (ماترێكس) و لە زنجیرە فیلمەكانی جیمس بۆند لە ساڵی 2015.

سەرچاوە: «variety»

Top