زیانەكانی دواخستنی بەتاڵكردنەوەی میزڵدان

زیانەكانی دواخستنی بەتاڵكردنەوەی میزڵدان

میزڵدان Bladder پێش ئەوەی بە تەواوی پڕ ببێت، توانای بەرگەگرتنی نیو لیتر (500 میللیلیتر) میزی هەیە لە ئافرەتاندا و نزیكەی 700 میللیلیتر لە پیاواندا، نزیكەی 9-10 كاتژمێر پێویستە بۆ كۆبوونەوەی ئەم قەبارەیەی میز. بوونی میز بە قەبارەی 200-350 میللیتر لە میزڵداندا هەستی میزكردن دەداتە مێشك، هەرچەندە دەتوانرێت تا ماوەیەكی دیاریكراو دوابخرێت، بەڵام كە قەبارەكە زیاتر بوو و دواخستنی بەتاڵكردنەوەی میزڵدان هەر دواخرا، ئەوكات گرفتی تەندروستی لە كۆئەندامی میزەڕۆدا پەیدا دەكات. دواخستنی بەتاڵكردنەوەی میزڵدان بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە ئەگەری لاوازبوونی ماسوولكەكانی دیواری میزڵدان و كشانی میزڵدان، كە ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی توانا بۆ كۆنترۆڵكردنی میز و بەتاڵكردنەوەی تەواوی میزڵدان، لە لایەكی دیكەوە هێشتنەوەی میز بۆ ماوەیەكی زۆر لە میزڵداندا، هاندەرە بۆ دروستبوونی هەوكردن لە ڕێڕەوەكانی میزەڕۆدا، هەروەها ئەگەری نەخۆشیی گورچیلەش زیاد دەكات و، لە هەندێك حاڵەتی كەمدا دەبێتە هۆی تەقین، یان دڕانی میزڵدان، كە لەوانەیە كوشندە بێت. زیانەكانی دیكەی دواخستنی میزكردن، بریتین لە: هەستكردن بە ئازار، یان ناڕەحەتی لە میزڵدان، یان تەنیشتەكاندا، گرفت لە ماسوولكەكانی زەمینەی حەوزدا Pelivic floor، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە.

 

Top