ناتالیا بۆ گوڵان: هونەرمەندە نەمرەكان كاریگەرییان لەسەر ئێمە هەبووە

ناتالیا بۆ گوڵان: هونەرمەندە نەمرەكان كاریگەرییان لەسەر ئێمە هەبووە

هۆزان ناتالیا خانمە دەنگخۆشی كوردی ئەرمینیا، سەرەتا لە ئۆكراینا وەك گۆرانیبێژ دەركەوت، دواتر بەهۆی بارودۆخێكی تایبەتەوە ناچار بوو روو لە ئەڵمانیا بكات، ئێستا نزیکەی بیست ساڵە لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبات، سەرەڕای بارودۆخی نەخوازراوی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ناتالیا بەردەوام بووە لە كاری هونەری و بەرهەمی نوێی بلاوكردۆتەوە.

 

ناتالیا سەبارەت بە بەرهەمە نوییەکەی دەڵێ: دوای بڵاوکردنەوەی ئەلبومی یەکەمم کە بە ناوی (خه‌یاڵ) بوو لە ساڵی ٢٠٠٣، لەو ماوەیەدا من بەردوام بووم لە کاری هونەری، بۆیە بە پێویستم زانی ئەلبومێکی نوێ بڵاوبکەمەوە بە ناوی (ئەڤینا دلا) کە چەندین بەرهەمی جیاجیا لە خۆ دەگرێت لە نێوان کاری نوێ و فۆلکلۆر.

هەروەها دەڵێ: هونەرمەندە نەمرەكان پیاو و ئافرەتان كاریگەرییان لەسەر ئێمە هەبووە، چونكە بەردەوام گوێمان لە گۆرانییەكانیان دەگرت و بەردەوام دەمانگوتەوە و هۆكارێك بوون بۆ ئەوەی كاری هونەری ئەنجام بدەین.

ناتالیا دەربارەی گرنگی هونەر بۆ میللەتی کورد دەڵێ: بە درێژایی مێژوو هەمیشە میللەتی كورد لەلایەن دوژمنانی دووچاری كوشتن و ئاوارەیی و دەربەدەری بووەتەوە و خاك و وڵات و كەلتوور و زمانی بەر هێرشی داگیركەران كەوتووە، بۆیە پەنای بۆ هونەر بردووە بۆ پاراستنی كەلتوور و زمان و فەرهەنگی خۆی و توانیویەتی بیپارێزێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە گۆرانی وتن و هونەریش شۆڕشە، بەڵام شۆڕشە بە دەنگ و هونەر، ئەم كارە بۆ هونەرمەندانی وەكو ئێمە بە حوكمی ئەوەی لە دوورە وڵات دەژین تا راددەیەكی زۆر زەحمەت بوو، بەڵام لە هەمان زیاتر هانی دەداین كە بەردەوام بین لەسەر ئەو خەباتە.

دەربارەی ئاستەنگەکانی بەردەم هونەرمەندانی ئافرەت ناتالیا دەڵێ: بۆ ئافرەتی كورد بە گشتی ژیان سەختە و بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ و گرفت دەبێتەوە بۆ منیش ئاسان نەبوو، كاتێك رووم لە دەرەوەی وڵاتیش كرد ژیان ئاسان نەبوو و پێویستی بەوە بوو بژێوی ژیان پەیدا بكەم، لە هەمان كاتدا خۆشەویستیم بۆ هونەر وای لێكردم كە دەست لە كاری هونەری بەرنەدەم، ئەو دەرەفەتم بۆ هاتە پێش و تا ئێستاش بەردەوامم لە كاری هونەری، بەڵام پەیداكردنی بژێوی ژیان بۆ هونەرمەندێكی ئافرەتی كورد لە ئەوروپا كارێكی ئاسان نییە.

Top