پێویستە هەموو نەخۆشانی شەكرە پابەندی ئەم پێنج ڕێسایە بن
لەوانەیە كە هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن بە بەردەوامی لەژێر كۆنترۆڵدا كارێكی ئاسان نەبێت، چونكە كۆمەڵێك هۆكار دەبنە ئەگەری هەڵبەز و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، بەڵام پەیڕەوكردنی چەند ڕێسایەك، بە توندی هاندەر دەبن كە هەوڵی زۆر بدەیت بۆ هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن لەژێر كۆنترۆڵدا، وەك:
• بەسەركردنەوەی تەندروستیی گورچیلەكان بەشێوەیەكی دەوری، چونكە نەخۆشیی گورچیلە یەكێكە لە ئاڵۆزییە باوەكان كە دوچاری نەخۆشانی شەكرە دەبێت و، لەوانەیە كە ببێتە هۆی پەككەوتنی گورچیلە Renal failure.
• ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی و زیاد جووڵانەوە، لەگەڵ پابەندبوون بە خۆراكی تەندروست و پارێزی تایبەت بە نەخۆشیی شەكرە، بۆنموونە كاتی ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك ڕێك بخرێت و، ماوەی نێوان ژەمەكان تەنیا 4-5 كاتژمێر بێت.
• پاراستنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن لە سنووری ئاساییدا، چونكە نەخۆشیی شەكرە پرۆفایلی چەورییەكانی خوێن دەشێوێنێت، كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری نەخۆشیی دڵ، یان جەڵتەی مێشك.
• كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش بە شێوەی كەمكردنەوەی كێشی زیاد و ڕێگرتن لە زیادبوونی كێش، لەوكاتەی كە كێشی زیاد و قەڵەوی نەخۆشانی شەكرە زیاتر ڕووبەڕووی نەخۆشیی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەكاتەوە.
• پابەندبوونی تەواو بە بەكارهێنانی دەرمان.