گۆهدار شێخۆ  سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ گوڵان:   بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ بۆ خەڵكی زاخۆ خەونێك بوو كابینەی نۆیەم هێنایەدی

گۆهدار شێخۆ   سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ گوڵان:     بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ  بۆ خەڵكی زاخۆ خەونێك بوو كابینەی نۆیەم هێنایەدی

 

 

شاری زاخۆ جیا لەوەی كە بە درێژایی شۆڕشەكانی كوردستان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدان بووە، لە هەمانكاتدا سیمایەكی جوانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی لە خۆیدا كۆكردووەتەوە. زاخۆ شاریكی دێرینە و خاوەنی چەندین شوێنەواری شارستانیەتە و لە سەرووی هەموویانەوە شوێنەوارە بەناوبانگەكەی «پردی دەلال»ـە و سرووشتی جوان و دڵڕفێنی ئەم شارە دەرگای بۆ دەیان پڕۆژەی گەشتیاری كردووەتەوە و، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتیی نەوت و، هەڵكەوتە جوگرافیاكەشی كە هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی توركیا و سووریا، ئەم شارەی كردووەتە شارێكی گەورەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا كە زاخۆ ببیتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی دەرفەتی باشتر بۆ خزمەتكردنی ئەم شارە بێتە ئاراوە، بۆ قسەكردن لە سەر هەیكەلەییەتی تازەی ئیدارەی سەربەخۆ و چۆنیەتی خزمەتكردنی هاووڵاتیانی، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ گۆهدار شێخۆ ئەنجام دا و، بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتەئاخاوتن.

 

* شاری زاخۆ له‌لای جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی تایبه‌تمه‌ندیه‌كی خۆی هه‌یه‌ و، به‌ دڵ و رۆحی خۆی ناوی ده‌بات و، هه‌ر به‌ڕێزیشی په‌یمانی پێدان كه‌ بكرێته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌مساڵیش كابینه‌ی نۆیه‌م بڕیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆی جێبه‌جێكرد و به‌ڕێز مسرور بارزانی خۆی هاته‌ زاخۆ و بڕیاره‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد، ئایا بوونی زاخۆ به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئێوه‌ چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟

- بۆ ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی زاخۆ جێگه‌ی شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ شاره‌كه‌مان جێگه‌ی بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندی بارزانی باب و ئیستا جێگه‌ی بایه‌خی سه‌رۆك بارزانی یه‌و ده‌ڵێت: «زاخۆ رۆح و دڵی منه‌»، به‌مه‌ش ئێمه‌ سه‌ربه‌رزین كه‌ به‌xێزیان ئه‌م وه‌سفه‌ به‌رزه‌ی بۆ زاخۆ كردووه‌ و، په‌یمانی پێداین كه‌ زاخۆ بكرێته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ و، سوپاس بۆ خوا كه بڕیاری بوونی زاخۆ به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌م و به‌ڕێز كاك مسرور بارزانی جێبه‌جێ كراو، زۆر خۆشحاڵیش بووین كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی هاته‌ زاخۆ و له‌ مه‌راسیمی راگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ئاماده‌بوو، ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ڵكی زاخۆ جێگه‌ی ته‌قدیر و رێزێكی گه‌وره‌ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئەم بڕیاره‌ بۆ ئێمه‌ خه‌ونێكی گه‌وره‌بوو، خه‌ڵك هه‌موو چاوه‌ڕێی ئه‌وه ‌بوون كه‌ په‌یمانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بێته‌ جێبه‌جێكردن، بۆیه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ ئێمه‌ رۆژێكی مێژوویی بوو.

* ئه‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كیانه‌ چی بوون كه‌ بیر له‌وه‌ كرایه‌وه‌ زاخۆ بكرێته‌ ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ؟

- خۆتان ده‌زانن خاڵی گرنگ له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی خێرا خزمه‌تگوزاری بگاته‌ هاوڵاتیان، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا زۆر جار خه‌ڵكی ئێمه‌ گله‌یی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌تی ئه‌م شاره‌ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا، راسته‌وخۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكرێت و، خزمه‌تگوزاریان پێشكه‌ش بكرێت و، به‌ هه‌مان شێوه‌ش راسته‌وخۆ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت، له‌و ماوه‌یه‌شی كه‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ سنوره‌كه‌ی هه‌ردوو قه‌زای ( ناوه‌ندی زاخۆ و باتیفا) ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌ستمان به‌كاركردووه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان و فه‌رمانگاكان شۆڕبوونه‌ته‌وه‌ و، راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئێمه‌ش راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سه‌رووی خۆمان كه‌ وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانه‌ كاره‌كانی خۆمان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین.

* دوای بوونی زاخۆ به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، بێگومان چه‌ند ئه‌وله‌ویه‌تێك هه‌یه‌، كه‌ كردووتانه‌ به‌ به‌رنامه‌ی كاری خۆتان، ئه‌و ئه‌وله‌ویاته‌نه‌ چین كه‌ زۆر گرنگن بۆ ئه‌م شاره‌؟

- هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونمان وه‌ك ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و سێكته‌رانه‌ بكه‌ینه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش سێ سێكته‌رمان كردووه‌ به‌ ئه‌وله‌ویه‌ت كه‌ ئه‌وانیش بریتی بوون له‌:

1- سێكته‌ری په‌روه‌رده‌

2- سێكته‌ری ته‌ندروستی

3- سێكته‌ری  شاره‌وانی و خزمه‌تگوزاری گشتی و سه‌ره‌كی.

بۆ چاره‌سه‌ری بە په‌له‌ی كه‌موكورتیه‌كانی ئه‌م سێ سێكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت هاوكاری بۆ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی زاخۆ خه‌رجكرد، له‌وانه‌ (ته‌رخانكردنی بڕی نزیكه‌ی سێ ملیار دینار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتیه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌زاخۆ، هه‌روه‌ها كه‌موكورتی دیكه‌شمان له‌م سێكته‌ره‌ هه‌بوو وه‌ك نه‌بوونی پزیشك و كارمه‌ندی تایبه‌تمه‌ند له‌ نه‌خۆشخانه‌كان كه‌ پێشتر له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی زاخۆ بوونیان نه‌بووه‌، داوامانكردووە بە گرێبەست زیاد بكەین.

له‌ بواری په‌روه‌رده‌ش، كه‌ شاری زاخۆ نزیكه‌ی 100 هه‌زار قوتابی هه‌یه‌ ، هه‌وڵماندا له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، ره‌زامه‌ندنی بۆ ته‌واوكردنی 3 قوتابخانه‌ وه‌ربگرین كه‌ پێشتر ده‌ستی پێكرابوو به‌ڵام كاره‌كانی راوه‌ستابوو و ئێستا بڕیار دراوە كاركردن له‌و سێ قوتابخانه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م سێكته‌ره‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ بڕی 800 ملیۆن دیاری دیكه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 32 قوتابخانه‌ی دیكه‌ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ له‌م رۆژانه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له ‌بواری چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتی و سه‌ره‌كیه‌كانیش، چه‌ند ساڵیك بوو له‌ زاخۆ كێشه‌ی ریسایكلینی زبڵ و خاشاك هه‌بوو، توانیمان به‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و شاره‌وانیی زاخۆ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی دیكه‌  له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایە كۆببینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و كێشه‌یە ئێستا تا رادەیەك باشترە.

هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌ خاڵێكی گرنگ بكه‌م ، به‌ریز كاك مسرور بارزانی كه‌ ده‌ست به‌كاربوو وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی كابینه‌ی نۆیه‌م یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ شاری زاخۆ بوو، له‌م سه‌ردانه‌یدا بڕی 50 ملیار دیناری بۆ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی وه‌ك «ئاوه‌رۆ و شه‌قام و ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی جۆراوجۆری دیكه‌» بۆ ته‌رخانكردین، ئه‌م پرۆژانه‌ ته‌واوی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌ هه‌ردوو قه‌زای ناوه‌ندی زاخۆ و باتیفه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و به‌شێكی زۆر باش له‌م پرۆژانه‌ ته‌واو بوون به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شیان كاركردن تیایاندا به‌رده‌وامه‌.

* ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، پێشتر به‌شێك بووه‌ له‌ پارێزگای دهۆك و، دوای بوونی به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وا پێویستان به‌ دروستكردنی چه‌ندین فه‌رمانگەی تازه‌ ده‌بێت، ئایا له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ پارێزگای دهۆك چۆنه‌ و ده‌تانه‌وێت به‌ڕێوه‌به‌راتیه‌كانتان چی لێ بكه‌ن؟

- هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ پارێزگای دهۆك هه‌بێت، به‌سوپاسه‌وه‌ دكتۆر عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی باشی كردووین و توانیمان پێكه‌وه‌ هه‌یكه‌لیه‌تی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دروست بكه‌ین، به‌رده‌وامیش بۆ راهێنانی كادره‌ كارگێڕیه‌كانمان و وه‌رگرتنی راو بۆچوونه‌كانیان سه‌ردانیان كردووین و هاوكاریان كردووین هه‌تا ئه‌وانیش بتوانن له‌سه‌ر پێی خۆیان رابوه‌ستن و، تائێستا ئه‌م كارانه‌مان كردووه‌:

1- توانیوومانه‌ له‌رووی هه‌یكه‌لی ئیدارییه‌وه‌ هه‌ر دوو قه‌زای ناوه‌ندی زاخۆ و قه‌زای باتیفا رابگه‌یه‌نین و ئێستا قائیمقامی باتیفامان به‌ وه‌كاله‌ت ده‌سنیشان كردووه‌، هه‌روه‌ها ناحیه‌ی بێگۆڤا-ش كه‌ پێشتر بڕیاری له‌سه‌ر درابوو، ئه‌و ناحیه‌یه‌ش راگه‌یه‌نراو به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌ ده‌ست به‌كار بووه‌.

2- بڕیاردا كه‌ بۆ هه‌ر چوار سێكته‌ری (ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، شاره‌وانی و كشتوكاڵ) چوار بەڕێوەبه‌رایه‌تی گشتی بونیاد بنرێن، هه‌تا ئێستا هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی (ته‌ندروستی و شاره‌وانی) له‌ قۆناخی كۆتاییدان و به‌م نزیكانه‌ ستافه‌كه‌شی راده‌گه‌یه‌نین، دوو به‌ڕێوه‌به‌راتیه‌ گشتیه‌كه‌ی دیكه‌ش (په‌روه‌رده‌ و كشتوكاڵ)  له‌ پرۆسه‌دان و كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش جێبه‌جێ ده‌كرین، ئامانج له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌م چوار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ بتوانن راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وەزاره‌ت و ده‌سته‌كانی حكومه‌ت مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و كێشه‌ی هاوڵاتیان چاره‌سه‌ربكه‌ن.

3- بڕیاردرا كه‌ هه‌ردوو بەڕێوه‌به‌رایه‌تی (وه‌به‌رهێنان و نه‌خشه‌دانان) كه‌ پێشتر له‌ زاخۆ نه‌بوون‌، بونیادبنرین، ئه‌م دوو بهڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ ته‌واو بوون و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان ده‌ستبه‌كار بوون.

4- بڕیاری بونیادنانی هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی (تۆماری كۆمپانیاكان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی) دراون و، ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر دراوه‌، خه‌ریكین ئه‌و دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ش بونیاد ده‌نێین.

5- پلانمان هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندنی (ژووری بازرگانی زاخۆ) له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆكی ژووره‌ بارزگانیه‌كانی هه‌رێم قسه‌مان كردووه‌ كه‌ به‌زووترین كات ژووری بازرگانی له‌ زاخۆ دابمه‌زرێت.

لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م، ڕاسته‌ هه‌ندێك وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بونیادنراون و هه‌ندێكیش وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، به‌ڵام هه‌ردوولایان راسته‌وخۆ ده‌توانن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانی  حكومه‌ت به‌دواداچوون بۆ مامه‌ڵه‌ و كاروباری هاوڵاتیان بكه‌ن و راسته‌وخۆ كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

* زاخۆ شارێكی جوان و گونجاوه‌ بۆ بواری وه‌ربه‌رهێنان به‌تایبه‌تیش له‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزار، ئایا به‌رنامه‌تان بۆ په‌ره‌پێدانی وه‌به‌رهێنان  چۆنه‌؟

- دوای ته‌وابوونی ئه‌و سێ سێكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌ (ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، شارەوانی) كه‌ پێشتر ئاماژه‌م پێكرد، هه‌وڵمانداوه‌ دوو سێكته‌ری دیكه‌ش گرنگی پێبده‌ین كه‌ بریتین له‌ (وه‌به‌رهێنان و بازرگانی) ، ئاشكرایه‌ زاخۆ شارێكی ستراتیژییه‌ و هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی (سوریا و توركیا) و رۆژانه‌ ئاڵوگۆڕی بارزگانیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ بایه‌خ به‌ سێكته‌ری بازرگانی بدرێت، خۆشبه‌ختانه‌ بارزگانه‌كانی خۆمان زۆر باش هاتوونه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ وه‌به‌رهێنان بده‌ن و له‌ بواری پیشه‌سازی وه‌ك دروستكردنی كارگه‌، هه‌روه‌ها دروستكردنی پرۆژه‌ی گه‌شتوگوزاری و بارزگانی و نیشته‌جێكردن، له‌سه‌ر ئه‌م بوارانه‌ ئاماده‌باشی باشیان پیشانداوه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتی گه‌شت و گوزار، به‌داخه‌وه‌ پێشتر بایه‌خ به‌وه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ ناوچه‌ شوێنه‌واره‌كانیش هه‌ر ناوچه‌ی گه‌شتیارین، ئێمه‌ زۆر شوێنه‌واری گرنگمان هه‌یه‌ وه‌ك (پردی ده‌لال ، قشڵه‌ی زاخۆ، بازاری كۆنی زاخۆ)، هه‌روه‌ها هه‌وڵمانداوه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت و بەڕێز نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگیراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێنج پۆندی گه‌شتیاری له‌سه‌ر ڕووباری خابوور له‌ سنوری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دروست بكرێت، دوای ئه‌وه‌ش پلانمان هه‌یه‌ پرۆژه‌ی گه‌شتیاری له‌ هه‌ردوو به‌ری ڕووباری خابوور جێبه‌جێ بكه‌ین ، ئه‌و پرۆژانه‌ش بریتی ده‌بن له‌ پرۆژه‌ی گه‌شتیاری هه‌مه‌جۆر و كافێ و چێشتخانه‌و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی گه‌شتیاران.

گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی (توركیاو په‌كه‌كه‌)‌یه‌، له‌ سنوری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، چه‌ندین گوندمان هه‌یه‌ چۆلكراون و هه‌مووشیان ناوچه‌ی گه‌شتوگوزارین و به‌ هۆی گێچه‌ڵی توركیا و په‌كه‌كه‌ ناتوانین وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاریان تێدا بكه‌ین.

* هه‌ر له‌سه‌ر بواری گه‌شتیاری شوێنه‌وار، هه‌واڵێك هه‌بوو به‌وه‌ی گوایه‌ ئه‌مریكیه‌كان هاوكاریتان ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌و هاریكاریه‌ چۆنه‌؟

- پێش ماوه‌یه‌ك جێگری باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و كۆنسوولی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆیی زاخۆیان كرد و ئاماده‌باشیان پیشاندا بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی (پردی ده‌لال و قشڵه‌ی زاخۆ) یارمه‌تیمان بده‌ن و، به‌م نزیكانه‌ شاندێكی ته‌كنیكیان دێنه‌ زاخۆ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارمان بن ده‌ست به‌و دوو پرۆژه‌ گرنگه‌ بكه‌ین.

*  له‌بواری په‌ره‌پێدانی كه‌رتی بارزگانی، ئێستا ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دراوسێی پارێزگای شرناخه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی بارزگانی له‌گه‌ڵ زاخۆ هه‌یه‌، ئایا به‌رنامه‌تان هه‌یه‌ هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ پارێزگای شرناخی توركیا بكه‌ن؟

- پێشتر دكتۆر عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ شاندێكی بارزگانی ئه‌وان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و شاندێكی ئێمه‌ش سه‌ردانی ئه‌وان ده‌كه‌ن، گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ به‌ هۆی هاوسنوری زاخۆ له‌گه‌ڵ شه‌رناخ په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی ئاڵوگۆری بارزگانی له‌نیوان هه‌ردوو شاره‌كه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد به‌م نزیكانه‌ ژووری بارزگانی زاخۆ داده‌مه‌زرێت، بێگومان ژووری بازرگانی زاخۆ ده‌بێته‌ ده‌رگایه‌كی بازرگانی فراوان له‌ نێوان زاخۆ و شرناخدا.

* دیاره‌ زاخۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانی سروشتی په‌ترۆل و نه‌وتێكی باشی هه‌یه‌، ئایا داواتان نه‌كردووه‌ بڕێك پاره‌ی پترۆ دۆلار بۆ زاخۆ دابین بكه‌ن؟

-  له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامن و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له‌هه‌ر شارێك نه‌وت به‌رهه‌م بهێنێت، ده‌بێت كۆمپانیاكه‌ به‌شێك لە بودجه‌ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و شاره‌ ته‌رخان بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای DNOی نه‌رویجی كه‌ لێره‌ نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت و دوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان، بڕیاردراوه‌ ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌ی بۆ زاخۆ ته‌رخانكراوه‌ كه‌مه‌ و ده‌بێت زیاد بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌لێنێك بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان پڕ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا دیار نییه‌ ئه‌و بڕه‌ چه‌ند ده‌بێت.

* ئێستا باس له‌ كێشه‌ی بێكاری لاوان ده‌كرێت، ئایا هیچ پرۆژه‌تان هه‌یه‌ بۆ بایه‌خدان به‌ لاوان و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆیان؟

- بۆ ئه‌م پرسه‌ هه‌ڵمانداوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند ئامارێك له‌سه‌ر ئه‌و لاوانه‌ بكه‌ین كه‌ خاوه‌نی بروانامه‌ن و كاریان نییه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی سنوری خۆشمان كۆبووینه‌وه‌ و باسمان له‌م كێشه‌یه‌ كردووه‌ و گوشارمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ده‌ستی كاری لاوه‌كانی خۆمان بده‌ن ، هه‌روه‌ها له‌ زاخۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كمان هه‌یه‌ به‌ناوی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راهێنان) ئه‌مه‌ش واته‌ راهێنان به‌ لاوان بكرێت و بۆ پیشه‌یه‌ك ئاماده‌بكرێن، ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكی گرنگه‌ و ئاسانكاری گه‌وره‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی كار دروست ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك پیشه‌یه‌ك بزانێت زووتر كاری ده‌ست ده‌كه‌وێت و داهاته‌كه‌شی باشتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها لایه‌نێكی دیكه‌ كه‌ هه‌ڵمان بۆداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌نجه‌كانی زاخۆ كه‌ خاوه‌نی بروانامه‌ن، داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ كه‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌رووی كارگێڕییه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ری زۆر كه‌مه‌، ده‌بێت دەرفەتێك بدرێته‌ زاخۆ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجی خۆمان به‌ گرێبه‌ست دابمه‌زرێنین.

* سیمایه‌كی دیكه‌ی جوانی زاخۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زاخۆ (كوردستانێكی بچووكه‌ بۆ پێكه‌وه‌ ژیان و لێبورده‌یی) و هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان له‌م شاره‌ بوونیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی ئاواره‌یه‌كی زۆریش له‌ زاخۆ هه‌ن، ئایا به‌رنامه‌تان بۆ  پاراستنی ئه‌م مۆزاییكه‌ جوانه‌ چییه‌؟

- زاخۆ له‌ مێژوودا سه‌لماندوویه‌تی كه‌ شاری ته‌بایی و پێكه‌وژیانی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان بووه‌، سروشتی زاخۆ جۆره‌ تێكه‌ڵاوییه‌كی دروستكردووه‌ كه‌ له‌ هیچ شوێنێكی كوردستان به‌و جۆره‌ ئه‌و تێكه‌ڵاوییه‌ نابیندرێت، ئێستا له‌سه‌ر ئاستی گەڕه‌كه‌كانی شاری زاخۆ، ماڵه‌كان تێكه‌ڵاون و ماڵیكی كریستیان و ئێزدی له‌گه‌ڵ ماڵێكی موسلمان دراوسێن و كه‌س هه‌ست به‌وه‌ ناكات كه‌ ئه‌و ماڵانه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ئایینێكی جیاوازی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئێستاش كاربەده‌ست و به‌رێوبه‌ره‌كانی ناو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌ هه‌موو ئایین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان بوونیان هه‌یه‌ و كار به‌ده‌ستن و ، نه‌ك هه‌ر هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوانیان ناكرێت، به‌ڵكو هه‌ست به‌وه‌ ناكرێت كه‌ ئایین و پێكهاته‌ی جیاوازن، هه‌فته‌ی رابردوو من خۆم به‌شدار بووم له‌ كردنه‌وه‌ی دێرێكی كریستیانه‌كان له‌ شاری زاخۆ و له‌و رێوره‌سمه‌دا په‌تریاكی كلدان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و جیهان ئاماده‌بوو، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری موسڵمانیش له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی ئه‌و دێره‌ ئاماده‌بوون.

سه‌باره‌ت به‌ ئاواره‌كانیش، هه‌موو لایه‌ك ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن كه‌ زاخۆ له‌شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش جیا له‌وه‌ی ده‌یان شه‌هیدی داوه‌ بۆ پاراستنی خاكی كوردستان له‌ هه‌مانكاتدا پێشوازی له‌ هه‌زاران ئاواره‌ كردووه‌ و ئێستا زیاتر له‌ 100 هه‌زار ئاواره‌ له‌ زاخۆ بوونیان هه‌یه‌، ئه‌و ئاوارانه‌ش ئێستا به‌ جۆرێك تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌ی زاخۆ بوون كه‌ هه‌ست ناكرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی زاخۆ هاتوون، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی زاخۆ چۆن خزمه‌ت ده‌كرێن و خزمه‌تگوزاریان بۆ دابین ده‌كرێت، ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ زاخۆ سروشتێكی مرۆڤدۆستی و میوان دۆستی هه‌یه‌، ئێمه‌ش ئه‌م سیما جوانه‌ی زاخۆ هه‌م ده‌پارێزین و هه‌میش فراوانتری ده‌كه‌ین.

* له‌دووماهیدا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ بكه‌م ، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا وه‌رگرتنی پۆست واته‌ بوون به‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵكه‌، ئایا تۆ بڕیارت داوه‌ چۆن خزمه‌تكاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ بكه‌یت؟

- شانازیكردن به‌ خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆت راسپارده‌ی بارزانی بابه‌ بۆ هه‌موومان و ئێستاش جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی هه‌ر ئه‌و داوایه‌مان لێده‌كات و له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌میش به‌ڕێز كاك مسرور بارزانی وتی: «من شانازی ده‌كه‌م خزمه‌تكاری خه‌ڵك بم»، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ بۆ من جێگه‌ی شانازییه‌ كه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ بتوانم خزمه‌تكاری خه‌ڵكی زاخۆ بكه‌م و، هیچ كاتێك خۆمان به‌ به‌رپرس نه‌زانیووه‌ و ناشزانین، ئێمه‌ خزمه‌تكارین له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت رایسپاردووین، بۆ ئێمه‌ جێگای شانازییه‌ بتوانین ئه‌و گوته‌ به‌رزه‌ی بارزانی باب (چه‌ند مه‌زنه‌ مرۆڤ خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆی بێت) پراكتیزه‌ بكه‌ین و، جێگه‌ی شانازییه‌ بتوانم خزمه‌تكاری خه‌ڵكی زاخۆ بم.

Top