مامۆستا عەبدوڵا دەروەكۆتری  وتاربێژی مزگەوتی مەلاغەفوور لە ڕانیە بۆ گوڵان:   پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە كوردستاندا بەرهەمی زانا و مامۆستایانی ئایینییە

مامۆستا عەبدوڵا دەروەكۆتری   وتاربێژی مزگەوتی مەلاغەفوور لە ڕانیە بۆ گوڵان:     پێكەوەژیان و لێبووردەیی  لە كوردستاندا بەرهەمی  زانا و مامۆستایانی ئایینییە

 

 

ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینی ئاشتی و لێبووردەیی و پێكەوەژیانە، لەمەش زیاتر كە سەیری مێژووی بەرزی مزگەوت و حوجرە و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان دەكەین، هەموو كات سەرچاوەی ئیشق و میهرەبانی و خۆشەویستیی خودا بووە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مامۆستا عەبدوڵا دەروەكۆتری وتاربێژی مزگەوتی مەلاغەفوور لە ڕانیە كرد. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

* وەك مامۆستایەكی شارەزا لە فیقهی ئیسلامیدا، ئایا لێبووردەیی و پێكەوەژیان و ئاشتی لە دیدی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە چۆن ڕاڤە دەكەن؟

- پێكەوەژیان لە ئیسلامدا زۆر بە ڕوونی و جوانی بانگەشەی بۆ كراوە، لە ئیسلامدا پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستی و تەبایی و برایەتی و كاری خێرخوازی و باشە و دووركەوتنەوە لە زیانگەیاندن بە بەرامبەر دامەزراوە، هەروەكو لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكاندا هاتووە و بە ڕوون و ئاشكرایی داوا لە موسڵمانان دەكات ڕێز لە بەرامبەر بگرن و توندوتیژی بەرامبەر یەكتر نەكەن، ئەمەش بەو واتایە دێت كە هەر كەسێك لە ناو موسڵماناندا بژی و زیانی بۆ موسڵمانان نەبێت و دژایەتی موسڵمانەكان نەكات و وڵاتیان تێك نەدات و ئاشوپ و پشێوی نەنێتەوە، دەبێت ڕێزی تایبەتی لێ بگیرێت، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)، واتا ئەی خەڵكینە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێ دروست كردووە و، ئێوەمان كردووە بە نەتەوە و هۆز و تیرەی جیاواز، بۆ ئەوەی یەكتر بناسن و هاوكاریی و یارمەتیی یەكتر بدەن و سەر زەوی ئاوەدان بكەنەوە، نەك كار بۆ دژایەتی و شەڕ و شۆڤێنییەت و ڕەگەزپەرستی بكەن، ئەمە كاری دونیاییە، بۆ قیامەتیش لای خودای گەورە بە تەقواترینتان باشترینتانە، هاوكات بە دەقی قورئانی پیرۆز خودای گەورەو میهرەبان ڕێنمایی بە پێغەمبەرمان (د.خ) دەكات و دەفەرموێت: (لاَّ يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِّن دِيَارِكُمْ أَن تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُواْ إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ* إِنَّمَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ قَاتَلُوكُمْ فِي الدِّينِ)، واتا خودای گەورە قەدەغەی ئەوەتان لێ ناكات، ئەوانەی شەڕیان لەگەڵ ئێوە نەكردووە و دوژمنایەتیی ئێوە ناكەن، لەسەر خاك و خانوو و وڵات و نیشتمانی خۆتان بەدەریان نەناون، چاكەیان لەگەڵ بكەن و لەگەڵیاندا دادگەر بن، خودای گەورە و میهرەبان دادگەرانی خۆش دەوێت. خۆ ئەگەر بە قووڵایی مێژووی ئیسلامدا ڕۆبچین، دەیان پەند و عیبرەتی جۆراوجۆر دێتە بەر چاومان، كە هەر هەموویان باسی ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان دەكەن، هەرخۆی لەخۆیدا پێغەمبەرمان(د.خ) كاتێك لە شاری مەدینە بوو، پەیمانی مەدینەی دەركرد و خۆی ئەو پەیماننامەیەی واژۆ كرد، كە لە نێوان دانیشتووانی مەدینەدا بە جیاوازیی ئایین و هۆز و تیرەكان دەركرا، ئەوەی حیسابی بۆ كرا لەو پەیماننامەیەدا، هاونیشتمانیانی ئەو شارە بوون كە دەكرا پێی بگوترێت پەیماننامەی هاووڵاتیبوونی مەدینە، بەجیاوازیی ئایین و ئایینزاكانیەوە. لەو پەیماننامەیەدا مافی ئازادی و بیروڕای جیاواز و ئایین و ئایینزایی دیاری كرا و، جیاوازی لە نێوان هیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەكدا نەكرا. لەو پەیماننامەیەی مەدینەدا مافی تەواو درا تەنانەت بەو جوولەكانەی كە زۆر دژایەتی پێغەمبەر (د.خ)یان دەكرد و بەشداریی هەموو ئەو پیلان و دوژمنكارییانەیان كردبوو، كە دژی پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵانی و موسڵمانەكان و ئایینەكە دەكرا، لە یەكێك لە بەندەكاندا نووسرابوو (للیهود ما للمسلمین و علیهم ما علیهم) واتا موسڵمانەكان چ مافێكیان هەیە، جووەكانیش هەمان مافیان هەیە و هەموو ئەو ئەركانەی دەكەوێتە سەر موسڵمانەكان لە پارێزگاری و لە ئیشوكاری كۆمەڵایەتی و كڕین و فرۆشتن و مافەكانیان، هەمان ئەرك و ماف دەكەوێتە سەر جووەكانیش.

* هەموو ڕێبەر و سەركردەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان، لە حوجرە و مزگەوت و تەكیە و خانەقاكاندا هەڵكەوتوون و ڕێبەرایەتییان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووە، هەمووشیان ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەریان (د.خ) كردووە بە دروشم كە دەفەرموێت: «خۆشەویستیی نیشتمان لە ئیمانەوەیە»، ئایا شەرعییەتی پارێزگاریگردن لە نیشتمان لە قورئان و شەریعەتی ئیسلامەوە چۆن ڕاڤە دەكەن؟

- لە ئیسلامدا هیچ ڕێگرییەك نییە لەوەی موسڵمانان خاك و وڵات و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت و پارێزگاری لێ بكەن، پێغەمبەر (د.خ) كاتێك لە مەككە دەركرا و خەڵكی مەدینە پشتیوانییان لێ كرد و، زۆریش پاڵپشت و هاوكاری بوون، بەڵام پێغەمبەرمان (د.خ) لەبەر ئەوەی مەككە شوێنی لەدایكبوون و منداڵی و گەنجێتیی خۆی بوو، سۆزی تایبەتی بۆ شار و خاكەكەی هەبوو، فەرمووی: «ئەی مەككە ئەگەر دەریان نەكردمایە، هەرگیز بەجێم نەدەهێشتی». ئیسلام تەنیا ڕێگەی لە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی گرتووە، ئایینی پیرۆزی ئیسلام پاراستن و بەرگریكردن لە خاك و وڵات بە كارێكی زۆر بەرز و پیرۆز دادەنێت و، پاراستنی ژینگە و پاكوخاوێنڕاگرتن و ڕێزگرتن لە سرووشت و دارودرەخت و ئاو و هەواكەی بە ئەركی سەرشانی موسڵمانانی داناوە و، نابێت ژیانی خەڵكی بخەیتە مەترسییەوە، بە شاهیدی دەزگاكانی ئاسایش كە وێڕای ئەوەی درێژترین سنوورمان لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هەیە، سوپاس بۆ خودا كە كەمترین خەڵكمان چوونەتە ناو ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەوە، ئەمە لە كاتێكدا لە وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا و جیهانەوە كە چەند دوورن لە سنوورەكانی داعش، كەچی بە دەیان كەس چوونەتە ناو ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەوە، لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا تەنانەت لابردنی بەردێكی لەسەر ڕێگادا بە خوداپەرستی داناوە، پێغەمبەر (د.خ) دەفەروێت: ئەگەر وتیان ئەوە ڕۆژی قیامەت هات، تۆش نەمامێكت بە دەستەوە بوو بیچێنە، ئەمەش هەمووی لە پێناو خاك و نیشتمان و ڕێزگرتن لە هاووڵاتیانە.

* لە كوردستاندا بێجگە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، چەندین ئایینی دیكەش هەن، بەڵام سوپاس بۆ خودا، لە كوردستاندا لێبووردەیی و پێكەوەژیان بە ئاستێكە لە جیهانی ئیسلامیدا نموونەی نییە، ئایا ئەو كەلتوورە‌ ڕەسەنەی موسڵمانێتیی كورد لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- جوانیی ئەو پێكەوەژیان و لێبووردەییەی لە كوردستاندا هەیە و چەندین ئایین و ئایینزا بە ئازادانە خواپەرستی خۆیان دەكەن، هەموو ئەمانە بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام و تێگەیشتنی میللەتی كورد دەگەڕێتەوە و، بۆ بنەماكانی پیرۆزی ئیسلام و ڕۆڵ و تێگەیشتنی زانایانی گەورەی كوردی موسڵمان، پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە مێژووی كۆنی كورددا هەبووە و، هەموو ئایین و ئایینزاكان پێكەوە ژیاون و گوندی مەسیحی لە تەنیشت گوندی موسڵمان بوون و تەبایی و ڕێزێكی زۆریان بۆ یەكتر هەبووە، ئەمەش هەمووی بۆ ئەو پەیامە جوانەی زانایانی كوردی ئیسلام دەگەڕێتەوە، كە دەرچووی حوجرە و تەكیە و مزگەوتەكانی كوردستان بوون، بە ناوی ڕەسەنی ئیسلام پەیامێكی زۆر جوانیان بە خەڵكی كوردستان ڕاگەیاندووە، كە بۆ پەیامی پیرۆزی ئیسلام دەگەڕێتەوە. دەرچووی حوجرەكان، ئەوانەی لەسەر دەستی زانایانی ئیسلام پەروەردە بوون، هۆكاری سەرەكیی ئەو سەقامگیری و ئاشتی و تەباییەن كە لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا هەیە. فەرموودەی پێغەمبەر(د.خ) هەیە كە نابێت بە گاڵتەش هیچ ئایینزایەكی دیكە بترسێنیت. پێغەمبەرمان (د.خ) نەهی لێ كردووە و تەنانەت نابێت پەیمانی لەگەڵ بشكێنی و ژیانی لێ تێك بدەیت و دەستدرێژی بكەیتە سەر ماڵ و سامانیان.

* زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هەموو كات لەسەر مینبەرەكانەوە پێشەنگ و پێشەوای كۆمەڵگە بوون، لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستاندا هەوێنی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیان بوون، ئایا لەم قۆناخەدا كە پێویستمان بە تەبایی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی هەیە، ئەركی سەر شانی زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لەسەر مینبەرەكان دەبێت چی بێت و، چۆن پارێزگاری لەو مێژووە دەكەن كە زانایانی ئیسلامیی پێش ئێوە لە كوردستان دروستیان كردووە؟

- گوتاری سەركەوتووی ئایینیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی وای كردووە كە توندوتیژی لەناو ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستاندا جێگای نەبێتەوە، كە زانایانی ئیسلام گەنجیان لەسەر پەروەردە كردووە لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەكان و گوتاری ئایینی و حوجرەی مزگەوتەكانەوە، سەقامگیری و ئاشتی و پێكەوەژیان بەرهەمی زانا و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، كە بە سەدان فەقێ لە حوجرەكاندا لەسەر دەستی ئەوان پەروەردە بوون، بۆیە دەبێت جارێكی دیكە هەموو ئەو حوجرانە ببووژێندرێنەوە و لەلای مامۆستا و زانای خۆماڵی كورد خوێندن بخوێنن، نەك بچنە پایتەختەكانی ئەم وڵات و ئەو وڵات و بە فكری دوور لە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پەروەدە بكرێن. تا خاوەنی تەریقەتی ئەو زانا و مامۆستا بەرز و لێهاتووانەی كورد بین، ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە كوردستان هەیە، هەر بەردەوام دەبێت و مومكین نییە هیچ فكرێكی توندوتیژی و توندڕەوی لەناو ئێمەی موسڵماندا جێگای ببێتەوە. ئەركی سەرشانی زاناو وتاربێژ و مامۆستایانی ئایینی بە ئایینە جیاوازەكانیشەوە كە نوێنەرایەتیی ئایین و ئایینزا و مەزهەبێكی دیاریكراو دەكەن، ئەوەیە كەوا كار بكەن لەپێناو پارێزگاریكردن لەو پێكەوەژیانە ئایینییەی كە لە كوردستان هەیە.

* ساڵانێكە بە هۆكاری سیاسی بێت، یان پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا، دیاردەیەكی نامۆ بە مێژووی بەرزی موسڵمانیەتیی كوردستان هاتووەتە كوردستانەوە، ئەویش دیاردەی توندڕۆیی و توندوتیژییە، ئایا زانایانی ئیسلامی كوردستان چۆن ڕێگە لەم دیاردە نامۆیە دەگرن؟

- زۆر لە ڕۆشنبیرانی ئێمە كارە قێزەوەنەكانی كەسان و گرووپێك بەسەر ئیسلامدا ساغ دەكەنەوە، ئەمە گەورەترین خزمەتە بەو گرووپە لادەر و تێكدەرانە، چونكە ئیسلام بێبەرییە لە كاری توندوتیژی و توندڕەویی و زیانگەیاندن بە خەڵك، ساڵانێك حزبی بەعس بە ناوی ئایەتێكی قورئانی پیرۆز كە ئەنفال بوو، دەهات گوندەكانی تێك دەدا و دەیسووتاندن و خەڵكەكەی ڕاپێچی بیابانەكان دەكرد و دەیكوشتن، لە كاتێكدا ئەم وشەیە لە دژی میللەتێكی موسڵمان هەرگیز بەكار نایەت، یان ئەوەی ئێستا تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دەدەن و بە ناوی ئیسلامەوە كارە قێزەوەنەكانیان جێبەجێ دەكەن و، گەورەترین تاوان لە دژی خەڵكی مەدەنی و گوندنشین و مەڕدار و بەشمەینەت ئەنجام دەدەن، لە كوێی ئیسلامدا هاتووە تۆ بچیت گوللە قازیفە بنێیت بە ماڵێكەوە ژن و منداڵی تێدا بێت، ئەمە تاوانێكی قێزەوەنە، ئێمەی مامۆستایانی ئایینی بە توندی ڕیسوای دەكەین و ڕەتی دەكەینەوە.

 

Top