پاسكیلسوارى بۆته‌ كه‌لتوور

پاسكیلسوارى بۆته‌ كه‌لتوور

ئیناز جونه‌ید یاریزانى پاسكیلسوارى
پاسكیلسوارى بۆته‌ كه‌لتوور
شارى هه‌ولێر هه‌موو كات پێشه‌نگ بووه‌ بۆ پێگه‌یاندنى كچه‌ یاریزانانى كورد له‌ یارییه‌ جۆراجۆره‌كاندا، یارى پاسكیلسواریش یه‌كێكه‌ له‌و یارییانه‌ى كه‌ پایته‌ختى كوردستان شان به‌ شانى شاره‌كانى ترى كوردستان گرنگى باشى پێده‌درێت له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ یانه‌كانى ئه‌و شارانه‌ و كچه‌ یاریزانانى كوردستانیش خاوه‌ن چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌ن له‌ سه‌ر ئاستى ێراق و ووڵاتانى عه‌ره‌بی كچه‌ یاریزانانى یانه‌كانیش ئاست و ئه‌نجامیان به‌رچاو كه‌ پاشه‌ رۆژێكى باش چاوه‌ڕوانیان ده‌كات ، ئیناس جونید یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یارى پاسكیل سوارییه‌ له‌ یانه‌كانى كوردستان یارى كردوه‌ ، ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 1993ى شارى هه‌ولێره‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كان له‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق ، ناوبراو ده‌رچووى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشییه‌، پێشوتریش بۆ هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانى برایه‌تى و پێشكه‌وتن و هه‌ولێر و ئافره‌تانى هه‌ولێر یارى كردوه‌، بۆ ئه‌مساڵیش له‌گه‌ڵ هیچ یانه‌یه‌ك رێكنه‌وتووه‌ بۆ یارى كردن ، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى -دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*هه‌ڵبژاردنى ئه‌م یارییه‌ لاى تۆ به‌ چ شێوه‌یه‌ك بوو؟
- ته‌نها حه‌زو و ئاره‌زووه‌كه‌م بوو كه‌ بێمه‌ نێو جیهانى پاسكیلسوارى.
*له‌ ئێستادا ئه‌م یارییه‌ بۆته‌ كه‌لتوور لاى كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ كچان ئه‌م وه‌رزشه‌ ئه‌نجام بده‌ن؟
-به‌لێ بۆته‌ كه‌لتوور، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێگریمان زۆره‌.
*زۆر جار ئێوه‌ى كچان گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌قامه‌كان توانجتان لێده‌درێ، ئێستاش ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌رده‌وامه‌؟
-به‌لێ بێگومان زۆره‌، چونكه‌ ناتوانین به‌ ئاره‌زووی خۆمان مه‌شقه‌كانمان ئه‌نجام بده‌ین.
*له‌ كوردستان ئاستى یارى پاسكیلسوارى له‌ چ ئاستێكه‌؟
- له‌ ئاستێكى باشدایه‌ و یانه‌كان گرنگى تاڕاده‌یه‌ك به‌م یارییه‌ ده‌ده‌ن، به‌ تایبه‌تى چه‌ند یانه‌یه‌ك گرنگى تایبه‌تى به‌ كچه‌ یاریزانه‌كانیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ئاست و ئه‌نجامى شایسته‌ به‌ده‌ست بهێنن.
*وه‌ك كچه‌ وه‌رزشكارێك گرفت و ئارێشتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
-نه‌بوونی شوێنێكى گونجاو بۆ ئه‌نجامدانى یه‌كه‌ مه‌شقییه‌كان ئه‌وه‌ بۆته‌ گرفتێكى گه‌وره‌ بۆ یاریزانان، نه‌بوونى بودجه‌ى پێویست بۆ ئه‌م یارییه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووى گرفته‌.
*چى بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى پاسكیلسوارى بچێته‌ قۆناغێكى تر؟
- وه‌كو هه‌موو یارییه‌كانى تر په‌ره‌ى پێ بدرێت و پێشبكه‌وێت.
*په‌یامتان چیه‌ بۆ به‌رپرسانى وه‌رزشى له‌م یارییه‌؟
- وه‌كو وه‌رزشوانان په‌یمان ئه‌وه‌یه‌ خزمه‌تى زیاترى یارى پاسكیلسوارى بكرێت له‌ شاره‌كانى كوردستان و یانه‌كانیش گرنگی زیاتر به‌ ئاستى كچه‌كانیان بده‌ن و پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین بكرێ.
*هیواو ئاواتت چیه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێكى كورد؟
-بتوانم ببمه‌ یاریزانێكى ئاست به‌رز و ناوى كوردستان له‌ پاسكیلسوارى ئافره‌تان به‌رز بكه‌مه‌وه‌.
* له‌ هیچ یانه‌كه‌یه‌ك داوكاریت پێشكه‌ش نه‌كراوه‌ بۆ یارى كردن؟
- له‌ زۆربه‌ى یانه‌كان گرێبه‌ستم پێشكه‌ش كراوه‌.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك بۆ داهاتووى خۆت؟
-بتوانم زیاتر خزمه‌تى وه‌رزشیی كوردستان و به‌تایبه‌تى شارى هه‌ولێر بكه‌م و ئه‌وه‌ى له‌ توانم بێت بۆ سه‌رخستنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام بم.
*چیت ماوه‌ ؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤارى گوڵان به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر خزمه‌تى وه‌رزشكاران بكه‌ن.

 

Top