یلدونە بەرهەمێكی نوێی كرمانجی بڵاو دەكاتەوە

یلدونە بەرهەمێكی نوێی كرمانجی بڵاو دەكاتەوە

یەلدونە خانمە گۆرانیبێژی بە رەچەڵەك فارس و لە دایكبووی شاری تاران، كە ئێستا لە وڵاتی ئیسپانیا نیشتەجێیە، یەكیكە لە عاشقانی زمان و كولتوری كوردی، بەم دواییە گۆرانییەكی بە شێوەزاری كرمانجی بڵاو كردووەتەوە، تا ئێستا بە چەندین شێوەزاری كوردی گۆرانیی گوتووە وەك سۆرانی و كەلهوڕی و لە گرووپەكانی ئۆركسترای جیهانی، ئەوروپی، رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی، بەشداریی كردووە و لە هەمان كاتدا گۆرانیی گوتووە.

سەبارەت بە بەرهەمە نوێیەكەی لە لێدوانێكدا بۆ گوڵان، یەلدونە گوتی: «پێموایە زاراوەی كرمانجی هەستی زۆر ناسكی تێدایە، بۆیە بۆ كاری نوێم شێوەزاری كرمانجیم هەڵبژاردووە، لەوانەش گۆرانییەكی مامۆستا شڤان پەروەر بە ناوی غەریبی، چونكە دوورە وڵاتی و غەریبیی خۆم لە گۆرانییەكەدا بینی، هەستی ناسك و غوربەتی تێدایە و مامۆستا شڤان بە دەنگ و ستایلی تایبەتی خۆی زۆر بە جوانی ئەدای كردووە، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر من هەبوو، لەگەڵ مامۆستا (بەهائەدینی زەرین پەنجە) كە خەڵكی شاری سنەیە كارم كردووە، كە جگە لە كاری دەنگ، بە ژەنینی ساز، دەف، تەنبور و دیوان بەشداریی كردووە، كە لە وڵاتی ئەڵمانیا تۆمارمان كردووە».

یلدونە بەرهەمێكی نوێی كرمانجی بڵاو دەكاتەوە

یەلدونە هەروەها گوتیشی: «بە نیازبووین لە ماوەیەكی نزیكدا بە كلیپیش گۆرانییەكە بڵاو بكەینەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە بۆ ماوەیەك دوامانخست، بەو هیوایەین بتوانین لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تۆماری بكەین، هەرچەندە بە نیازبووم لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی كوردستان كۆنسێرت ساز بكەم، بەڵام ئەویش بە هۆی كۆرۆناوە ئەنجام نەدرا.»

شایەنی بیرهێنانەوەیە یەلدونە لە ساڵی ٢٠١٦وە لەگەڵ گرووپە هونەرییە جیهانییەكان كاری كردووە، وەك: بی بی سی ئۆن وۆرد موزیك، ئۆڤەرفیوس، القافیلە (رۆمانی)و، جگە لە كوردی و فارسی تا ئێستا بە ١٦ زمان و شێوەزار گۆرانیی گوتووە، لەوانە: ئیسپانی، كەتالۆنی، ئینگلیزی، هیندی، توركی، ئەفریقی، ئیتاڵی، یونانی و عەرەبی، ئیستاش گرووپێكی تایبەت بە خۆیی دامەزراندووە بە ناوی كابووك.

یلدونە چیرۆكی گۆرانییەكانی لە بابەتەكانی نیشتمان، ئافرەت، ئازادی، خۆشەویستی و ئەوین، خە بات دژ بە جیاكاری و گشت بابەتە مرۆییەكاندا دەبینێتەوە.

Top