سه‌ید سادق ئامانجى گه‌وره‌ی هه‌یه
سه‌ید سادق ئامانجى گه‌وره‌ی هه‌یه
تیپى تۆپى پێى یانه‌ى سه‌ید سادقی ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور له خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان ئه‌م وه‌رزه ده‌یه‌وێت به ئاست و به ئه‌نجامى بتوانێ ئاست و ئه‌نجامى شایسته پێشكه‌ش بكات، بۆ ئه‌م وه‌رزه ده‌سته‌ى كارگێڕى یانه‌كه جارێكى تر متماته‌ى داوه به ره‌مزی ساڵح بۆ ئه‌وه‌ى تیپه‌كه بكاته یه‌كێك له تیپه به‌هێزه‌كانى كوردستان، له‌م باره‌شه‌وه ره‌مزی ساڵح راهێنه‌رى یانه‌كه له باره‌ى ئاستى تیپه‌كه بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى: سوپاس بۆ خواى گه‌وره ئاستى تیپه‌كه‌مان به‌ره‌وو باشى ده‌ڕوات، هیواى ئێمه‌یه ئه‌وه‌یه یارى بۆ یارى ئاستى باشتر و ئه‌نجامى باشتر به‌ده‌ست بهێنین، به‌رنامه‌ى ئێمه ئه‌وه بوو له تیپه‌كانى خواره‌وه نه‌بین و تیپێكى به‌هێز بین له خوله‌كه و ببینه ژماره له خولى نایابى كوردستان، سوپاس بۆ خواى گه‌وره‌ش ئێستا بووینه تیپێك له خولى نایاب سه‌رجه‌م تیپه‌كان حیسابی تایبه‌تمان بۆ ده‌كه‌ن كه یارییان له‌گه‌ڵ ئێمه هه‌بێت، گوتیشى " ئه‌وه‌ى له توانا‌مان بێت بۆ تیپه‌كه ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، به‌رنامه‌ى ئه‌وه‌شمان هه‌یه تیپه‌كه له دابه‌زین به دوور بێـت له ریزه‌كانى پێشه‌وه‌ش بمێنینه‌وه، له‌باره‌ى هه‌بوونى گرفتى تیپه‌كه‌ش گوتى" سوپاس بۆ خوا هیچ گرفتێكمان نییه، سوپاسى ئه‌و هانده‌رانه‌ش ده‌كه‌ین كه به‌رده‌وام هاوكار و پاڵپشتى یانه‌كه‌ن له یارییه‌كان و ئه‌وان ده‌توانم بلێم یاریزانى ژماره 12ن، ئێمه وه‌كو ده‌سته‌ى راهێنه‌رانیش پلانى تایبه‌تمان هه‌یه بۆ به‌ره‌وو پێشبردنى ئاستى تیپه‌كه‌مان و تیپه‌كه‌ش بكه‌ینه یه‌كێك له یانه به‌هێزه‌كانى خولى نایابى كوردستان، یاریزانه‌كانیشمان ئه‌و دڵسۆزیه‌یان تێدایه و ده‌توانن ئه‌نجامى گه‌وره له سه‌ر ئاستى كوردستان به‌ده‌ست بهێنن.
كارزان كانه‌بی