ئاستى یارى باله‌ى كچان لاوازه‌

ئاستى یارى باله‌ى كچان لاوازه‌

به‌هره‌ یاسین یاریزانى تۆپى باله‌ى یانه‌ى سیروانى شاره‌زوور
ئاستى یارى باله‌ى كچان لاوازه‌
یانه‌ى سیروانى شاره‌زووری سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێك له‌و یانه‌ى كه‌ گرنگى زۆر به‌ بوارى وه‌رزشى ئافره‌تان ده‌ده‌ن ، تیپى باله‌ى سیروانى شاره‌زوور یه‌كێك له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراقه‌، ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى خوله‌كانى باله‌ به‌رده‌وام له‌ كێبڕكێ دابوونه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى نازناوه‌كانى كوردستان و عێراق، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش كچه‌ یاریزان به‌هره‌ یاسین-ه‌ ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1998ى بۆ هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانى سیروانى شاره‌زوور و ئه‌فرۆدێت و ئافره‌تانى هه‌ولێر و بنه‌سلاوه‌ یارى كردوه‌ و خاوه‌نى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسه‌ ئێمه‌ش له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵى ئه‌نجامدا.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
* ئاستى یارى باله‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان ؟
-ئاستى یارى باله‌ى كچان لاوازه‌ به‌هۆى پشت گوێ خستنى لایه‌نى په‌یوه‌ندیداره‌وه‌، دواتر وه‌لاخستنى یاریزانه‌كان له‌لایه‌ن یانه‌كانه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا له‌ كاتى كردنه‌وه‌ى خوله‌كان كارییان به‌ یاریزانه‌كان ده‌بێت.
* چى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى یارى باله‌ بچێته‌ قۆناخێكى باشتر؟
-خولى زیاتر بكرێته‌وه‌ و قوتابخانه‌كان زیاتر بێت، گرنگى به‌ سێكته‌رى وه‌رزشیی بدرێت له‌ بایه‌خدان به‌ یاریزانان و یاریگا و پێداویستیه‌كان له‌لایه‌ن كه‌سانى دڵسۆز و شاره‌زاوه‌ دواتر پشتگیری كردن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌.
*كردنه‌وه‌ى كه‌مى پاڵه‌وانێتى ئێوه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئێوه‌ى یاریزانان كردوه‌؟
- كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بووه‌، چونكه‌ یانه‌كان دیارن و ئه‌وانیش به‌ ئه‌سته‌م یاریزانانیان پێ گه‌یاندوه‌ ئاماده‌ نین ده‌سته‌به‌ردارى یاریزانه‌كان ببن و كارێكى وا ناكه‌ن ببێته‌ هۆى دروست بوونى یاریزانى تازه‌، بۆیه‌ به‌ بۆچوونى من شتێكى دووباره‌ و بێ سووده‌.
* گرفتى یارى باله‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
-كه‌مى یانه‌ى باش و نه‌بوونى راهێنه‌رى دڵسۆز و نه‌بوونى شوێنى تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان.
* ئه‌م یارییه‌ قۆناغی باشى بڕیوه‌ وه‌كو تیپه‌كانى كچان؟
-ئه‌گه‌ر یاریزان و راهێنه‌رى باش بێهنن له‌ ماوه‌یه‌كى دیاركراودا سوودی لێ وه‌ربگیرێ ئه‌وه‌ تیپه‌كانى كچان ده‌گه‌نه‌ قۆناغی باشتر.
* له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كان پشت به‌ یاریزانى بیانى ببه‌ستن؟
-بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ كۆڵه‌كه‌ى یارى باله‌و و ته‌واو پشت به‌وان ببه‌سترێ نه‌خێر، چونكه‌ وه‌رزشكاری زۆر باشمان هه‌یه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌زموون سوودیان لێ وه‌ربگیرێ.
* هیوا و ئاواتت وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
- به‌هیواى ئه‌وه‌م ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان به‌رز بێته‌وه‌ و گرنگى به‌ وه‌رزشیی ئافره‌تان بدرێـت.
* به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو؟
-دروست كردنى شوێنێكى تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان و یارى باله‌ و پێكهێنانى لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند له‌ بواره‌مه‌ و له‌ كه‌سانى دڵسۆز و شاره‌زا بۆ دوا رۆژى ئه‌م یارییه‌.
*خه‌ون به‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان ده‌بینى؟
-بێگومان هه‌موو یاریزانه‌كان له‌ هه‌موو یارییه‌كدا ئه‌و هیواو و ئاواته‌یان هه‌یه‌، منیش به‌ شانازییه‌وه‌ هیواى ئه‌وه‌م هه‌یه‌.
*هیچ گرێبه‌ستێكت پێشكه‌ش كراوه‌ له‌ یانه‌كانى تر؟
- نه‌خێر چونكه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ ئاشنا بووم به‌ تۆپى باله‌، ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌م بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌.
*په‌یامت چیه‌ بۆ به‌رپرسانى وه‌رزشیی؟
- هیوادارم ئاورێك له‌ وه‌رزش و یاریزانان و راهێنه‌ران بده‌نه‌وه‌ .
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- ده‌ست خۆشى بۆ گۆڤارى گوڵان كه‌ به‌رده‌وام و به‌بێ جیاوازى خزمه‌تى سه‌رجه‌م وه‌رزشكارانى شاره‌كانى كوردستان ده‌كات.

 

Top