سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە دەکات


ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا تاووتوێ کرا.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ڕووسیای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بە ڕۆڵی دیاری سەرۆک مەسعود بارزانی کرد کە ڕووسیا وەک پێشەوای نەتەوەیی کورد دەیبینێت، ھەروەھا باسی لە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی وڵاتەکەی لە گەڵ هەرێم کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە بیروبۆچوونەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ناوچەکە لە بەرچاو بگیرێت.
سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی سوریا و پرسی کورد لە ناوچەکەدا کرا، سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگیی هەبوونی نەخشەڕێگەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سوریا کردەوە کە دووربێت لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی و نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە کوردییەکانی سوریا بکات .

Top