دكتۆر ئاراس خۆشناو پسپۆڕی كارگێڕی و دارایی بۆ گوڵان: سەرەڕای قەیرانی دارایی پڕۆژە ستراتیژییەكان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامییان هەیە
چاكسازی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژە ستراتیژی و گەورەكان و هەمەچەشنكردنی ئابووری و بارودۆخی دارایی بە گشتی تەوەرەی سەرەكیی دیمانەی گۆڤاری گوڵان بوون، لەگەڵ دكتۆر ئاراس خۆشناو پسپۆڕی كارگێڕی و دارایی و لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* سەرەتا دەمانەوێت بپرسین: لەگەڵ هەڵكشانی بەهای نەوتی خاو و زیادبوونی داهاتەكان یەكخستن و ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان؛ ئایا دەتوانین بڵێین دۆخی سەختی قەیرانی داراییمان تێپەڕاندووە؟ ئەگەر وایە ئەی بۆچی هێشتا كێرڤی هەڵاوسانی نرخ و ڕێژەی بێكاری و هەژاریمان بەرزە و ناوبەناو كێشە و گرفتی جۆراوجۆر سەرهەڵدەدات؟
- نە ئێمە و نە جیهان بە گشتی لە شوێنەوارە خراپەكانی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی بە ڕێژە و قۆناغی جیاجیا دەربازمان نەبووە، دەكرێت بڵێین لە كوردستان قۆناغە سەختەكەی قەیرانی داراییمان بەڕێ كردووە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە تا ئێستا قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان ماوە. پەتای كۆرۆنا شوێنەواری گەورە و مەترسی لە سەر ئاستی گەشەی ئابووریی جیهان و وڵاتان بەجێهێشتووە و، زیانەكانی وا بە ئاسانی قەرەبوو ناكرێتەوە، بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و پیشەسازی بە ڕاددەیەك كەم بووەتەوە، نرخی جیهانی خۆراكی بەرز كردووەتەوە. ساڵانەش لەسەر ئاستی جیهان هەڵاوسانێك هەیە لە نرخی كاڵا و شمەكەكان و خۆراكە سەرەكییەكان، كاتێكیش نرخ لەجیهاندا بەرەو زیادبوون دەچێت، لە وڵات و هەرێمێكی وەكو كوردستان كە زۆربەی كاڵاو خۆراك و دەرمان و كەرەستەكان لە دەرەوە دەهێنێت، لێرەش نرخەكانی ڕوو لە زیادبوون دەكات، بێگومان چەندین هۆكاری لاوەكییش هەن، بۆ نموونە ئێستا هەندێك بواری نوێی وەبەرهێنان هاتووەتە پێش وەكو تەكنەلۆژیای نوێ كە وای كردووە لە سەر ئاستی جیهان كەمتر ڕوو لەوەبەرهێنانی پیشەسازیی خۆراكی و كشتوكاڵی بكرێت، چونكە ئەو بوارانە قازانج و سوودێكی خێرا و گەورەتری هەیە، بە تەئكید نابێت گۆڕانكارییەكانی كەش و هەواش لە بیر بكەین، كە وای كردووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیانی گەورە بەر ژینگە و كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی پیشەسازیی خۆراكی كەوتووە، هەموو ئەم هۆكارە گشتی و ڕاستەوخۆ و لاوەكییانە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خێرا و بەردەوامی ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی كە هەمووی پێكەوە بوونەتە هۆی سستی و خاوبوونەوەی بووژانەوەی ئابووری و هەڵاوسان و گرانبوونی هەموو كاڵاكان بە تایبەتی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان.
* هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارام و ناسەقامگیردایە، بەتایبەتی ململانێكانی نێوماڵی شیعە و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و نامتمانەیی بە ئایندە و دواڕۆژ، ئایا ئەمە تا چەند كاریگەریی لە سەر بارودۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- هەرێمی كوردستان گەورەترین زیانمەندی ناسەقامگیری و نائارامیی بارودۆخی عێراق و قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی ئەم وڵاتەیە، چونكە ئێمە لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە هەرێمێكی فیدڕاڵین لە چوارچێوەی عێراقدا، نابێت هەرگیز ئەوە لە یاد بكەین كە قەیرانی دارایی ئێمە بۆ سەرەتاكانی 2014 دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی بەغدا پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجە بڕی، بەمەش كوردستان دوچاری چەند شۆكێكی ئابووری بووەوە، كە یەكێك لەو شۆكانە بەس بوو حكومەتێك بڕووخێنێت، وەك:
- شەڕی تیرۆرستانی داعش.
- بڕینی ناڕەوای بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
- داڕمانی نرخی نەوتی خاو و پووكانەوەی ئابووری.
- هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەناهەندە لە ناوخۆی عێراق و سووریا.
- هەندێك بارودۆخی ناسەقامگیریی ناوخۆی كوردستان.
هەموو ئەم هۆكارانە وای كرد، حكومەت لە كابینەی هەشتەم بە ناچاری كۆمەڵێك ئیجرائاتی دارایی بكات كە لە دەرەوەی ڕێڕەوی سرووشتی و ئاسایی بێت، چ لە ڕووی قەرزكردنی دەرەكی و ناوخۆیی و پەیڕەوكردنی سیستەمی پاشەكەوت و دەستپێوەگرتنەوەی زیاد و توند لە خەرجییە پێویستەكان و جێبەجێكردنی سیاسەتی دەستگرتنەوە و سكهەڵگوشین (تقشف) و دواتر پرۆسەكانی چاكسازیی دەستی پێ كرد.
* ئەگەر باسی پرۆسەی چاكسازی بكەین، كە وەكو باس دەكرێت، كاریگەریی باشی بۆ تێپەڕبوون لە دۆخی مەترسیداری سەختی قەیرانی دارایی هەیە، ئایا وەكو پسپۆڕێكی بواری كارگێڕی دارایی چۆن ئەم پرۆسەیە هەڵدەسەنگێنیت كە بێگومان وێڕای لایەنە باشەكانی ڕەخنەشی لێ دەگیردرێت؟
- پرۆسەی چاكسازی لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خێراتر و فراوانتر كرا، ئەوە بوو یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 دەرچوو، كە تایبەت بوو بە دەرماڵەكان و مووچە و شایستە داراییەكان و ئێستاش بەردەوامە لە بوارە جیاوازەكان و بە هەموو شێوازێك هەوڵ درا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان داهاتەكانی ڕێك بخاتەوە و، زیادیش بكرێت لە رێگای ڕێكخستنەوەی باج و ڕسوماتەكان، لەلایەكی دیكەشەوە خەرجییە ناپێویستەكان كەم بكرێنەوە و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییش بپارێزدرێت، ئەمەش ڕۆڵی باشی هەبوو بەوەی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی دەوروبەرمان باشتر بین، بەڵام هەموو ئەم هەنگاوانەش كاردانەوە و ئاستەنگ و شوێنەواری خۆی هەیە، بۆ نموونە یەكێك لەو ڕێكارانەی پەیڕەو كراوە، حكومەت كۆمەڵێك باج و ڕسومات و غەرامەی داوا كردووە، كە پێشتر هەندێكی بە یاسا هەبووە و وەرنەگیراوە، كاتێك ئەم داهاتاتە پێكەوە داوا دەكەیت، زۆرجار لای هەندێك چین و توێژ بووەتە بارقورسی لەسەر هاووڵاتیی خاوەن داهاتی كەم و مامناوەند، یان لەسەر بازرگان و وەبەرهێن و خاوەن كارگە و پیشەوەران. ڕێكخستنەوەی نرخی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكان و ڕسوماتەكانی هاتوچۆ و ...تادوایی، تەنانەت زۆربەی جار لای هاووڵاتیان وەكو قەرز كەڵەكە بووە و وەرنەگیراوە و، ئێستا هەر وەزارەتە و لە هەوڵی زیادكردنی داهاتدایە، بەوەش بارقورسی لە سەر خەڵكی دروست دەبێت، لە كاتێكدا تا ئێستا جموجووڵی بازرگانی و بازاڕ و ئابووری بە گشتی ئاسایی نییە، ئێمە تا ئێستا لە قەیرانەكەداین و پێویستمان بە پاڵپشتیی كەرتی تایبەت هەیە، بۆ ئەوەی نەكەوێت، بە هاوشێوەی سەرجەم وڵاتانی دنیا كە لە زۆربەی وڵاتان قەرەبوو كرانەوە و، سوودی بانكیان بۆ كەم كردنەوە و قەرزیان دەدانێ و ڕسوماتیان دەدانێ، كاتێك ئێمە نەتوانین ئەمە لە كوردستان جێبەجێ بكەین، ئەوە كەرتی تایبەتیش نرخ و كاڵا و خزمەتگوزارییەكانی لە سەر بەكاربەر و بەكارهێنەران و خەڵكی گران دەكات، كە هاوكاتە لەگەڵ یەكخستنەوەی ڕسومات و باجەكان و هەمووی پێكەوە ئەو بارقورساییە دروست دەكات و، دۆخێكی نائاسایی لێ دەكەوێتەوە، كە لەگەڵ بنەماكانی ئابووری و قەیران و زانستی كارگێڕی دارایی و واقیعی كوردستان یەك ناگرێتەوە و پێویستی بەوە هەیە دووبارە پێداچوونەوەی ورد بە هەموو ئەم ڕێكارانەدا بكرێتەوە:
1- سەرچاوەكانی داهات هەمەچەشن و فراوانتر بكرێن.
2- یەكخستن و بوارەكانی ڕسومات و غەرامە و باجەكان بە پلان و قۆناغ بە قۆناغ بێت و پەلەی تێدا نەكرێت و، كاریگەریی نێگەتیڤ و سلبی نەبێت لە سەر جووڵەی بازرگانی و ئابووری و بارگرانی و قورسایی نەكەوێتە سەر شانی هاووڵاتی ئاسایی.
* بەو پێیەی چاكسازی پرۆسەیەكی فراوان و بەردەوامە، ئایا تاچەند چاكسازی لە بواری نەوت و داهاتەكانی و یەكخستنەوە داهاتەكانی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان، بەتایبەتی باڵادەستیی حكومەت لە سەر ناوچەی سلێمانی سەركەوتوویی بەم پرۆسەیە دەدات؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان چاكسازیی باشی لە كەرتی نەوت و یەكخستن و كۆتاییهاتن بە دیاردەی قاچاخچێتی ئەنجام داوە، بەڵام هەروەكو باسم كرد، ئەوەی زیاتر خەڵكی هەستی پێ كردووە، ئەو ڕێكخستن و یەكخستنەوە و وەرگرتنی ڕسومات و باجانەیە كە ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەریان دەكات. بەپێی زانیارییەكانی من و ئەوەی حكومەت ڕایگەیاندووە پێداچوونەوەی گشتی لە گرێبەستە نەوتییەكان كراوە و، بەرهەمهێنان و داهات زیاد كراوە و، تێچوون كەم كراوەتەوە، نابێت ئەوەش لەبیر بكەین، بواری چاكسازی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان یاساییە و كاتێك گرێبەست كراوە، ئیلتیزامات كەوتووەتە سەر ئەستۆی حكومەت، ئەمەش لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن ئەنجام دراوە و دەدرێت و، كاتی زیاتر دەوێت. سەبارەت بە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك ئەمە هەنگاوێكی زۆر گەورەیە و بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان گرنگە، بەتایبەتی بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران و پیشەسازیكاران و تەنانەت بازرگانانیش، لەم ڕووەوە هەنگاوەكانی دروستكردنی سایلۆی گەورە و ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی و بەنداوەكان و هەڵكشانی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و دروستكردنی ڕێگاوبانەكان بایەخێكی لە ڕاددە بە دەری هەیە و، ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و دابینكردنی هەلی كار، دروستكردنی بەنداو بۆ بابەتی ئاو و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازی و ژینگەیی و گەشتیاریی زۆر گرنگن، كەواتە سەرەڕای قەیرانەكان پڕۆژە ستراتیژییەكان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامییان هەیە و لە دوو ساڵی ڕابردوو ئاراستەی كێرڤی هەڵكشانەكە ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە. بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، كاتێك باسی سیاسەتی كارگێڕیی دارایی دەكەین، هەر ئەوەندە نییە لە ڕووی ژمێریارییەوە باسی بكەین، بەڵكو تێچوونی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و دارایی و كۆمەڵایەتی و واقیعی هەڵدەسەنگێنیت، ئەوكات بڕیار دەدەیت، كام شێواز باشترە. خۆ ئەگەر ئیجرائای بەپەلە و خێرا كرابێت، لە پێناو كەمكردنەوەی لێكەوتەی قەیرانەكان، ئێستا دەبێت بێینەوە سەر هێڵە دروست و ڕاستەكە.
* باسی بارگرانی و كاریگەرییەكانی چاكسازی و یەكخستن و ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجیەكانت كرد، ئایا چۆن بتوانین هەم چاكسازییەكە ئەنجام بدەین و، هەم بارگرانی و نیگەرانی و ڕەخنەكانی ئەو چین وتوێژانەش كەم بكەینەوە كە دەكەونە بەر كاریگەریی ئەو ڕێكارانە؟
- جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكخستنەوەی هەر بوارێك نابێت تەنیا لایەنی ژمێركارییەكەی بكرێتەوە، پێویستە لە كاتی دەركردنی هەر بڕیارێكدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە كە كاریگەری لە سەر جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان و ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دەروونی و بارقورسی لە سەر مووچەخۆر و خەڵك و چین و توێژەكان چییە؟ ئایا جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە چەند لەگەڵ ستراتیژیی گشتی حكومەت یەك دەگرێتەوە؟ ڕاستە هەموو چاكسازییەك كە جێبەجێ دەكرێت، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكان دروست دەبێت و بێ ئازار نابێت، ڕەنگە هەندێك چاكسازیی ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەیت، چەندین ساڵی دیكە ئەنجامەكانی دەربكەوێت، لەم ڕووەوە تاكە تێبینیی من ئەوەیە نابێت هیچ باج و ڕسومات و غەرامەیەك دەربچێت، یان گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، بە بێ ڕێنمایی و بە بێ ئەوەی یاسای بۆ دەربكرێت، دەستووری عێراق و یاساكانی هەرێمیش وا دەڵێن. لایەنێكی دیكە دەبێت قۆناغ بە قۆناغ و هەنگاو بەهەنگاو بێت، بۆ نموونە هەشت ساڵە جگە لە یەكەمی زانكۆكان و هەندێك توێژ، كەس دانەمەزراوە، بۆیە دەبێت لە ڕێگەی كەرتی تایبەت لە كاری مامناوەند و بچووك و پڕۆژەی بچووك بدۆزینەوە، هەر لە دووكانێكەوە تاوەكو چێشتخانە و كافتریا و هوتێل و كارگە بچووكەكان، كاتێك ڕسومات زیاد دەكرێت، یەكەمین كاردانەوەی خاوەن كار، كەمكردنەوەی كارمەند و كرێكارەكانە و بەوەش بێكاری زیاتر دەبێت، ئەمە لەگەڵ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت یەك ناگرێتەوە.
* تاچەند بوونی سەقامگیریی سیاسی لە ناوخۆی كوردستان و عێراقیشدا بۆ هەڵسانەوەی ئابووری و دەربازبوون لە قەیرانەكان گرنگە؟ ئایا لەم بارودۆخەی ئێستا كە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، تاچەند ئومێدی گەیشتن بەو سەقامگیرییە هەیە؟
- بە بێ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، گەشەی ئابووری و دارایی دروست نابێت، ئەمە یەكێكە لە ژینگەكانی پەرەپێدانی ئابووری وەكو لایەنی یاسایی و حوكمڕانی و خزمەتگوزاری. قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی لە جیهاندا نموونەیەكی تاقانەیە، ئێمە لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشە و ململانێی توندی سیاسی و ناسەقامگیر و ئاڵۆزی مەزهەبی و سیاسی و سەربازی و ئەمنی و شەڕداین، بەڵام لەم هەرێمە سەرباری تێبینی و ڕەخنەكان و خەڵكی شایەنی زۆر زیاترە، دەبێت ئێمە وردتر چاوخشاندنەوە بە بارودۆخەكە و هەڵسەنگاندنی بڕیارەكانی حكومەت بكەین و، بزانین خەڵكی چەند لێی ڕازییە و تا چەند ڕەنگی لە سەر ژیانی داوەتەوە، بەتایبەتی لەسەر ژیانی گەنجان و دۆزینەوەی كارێكی گونجاو و كرێیەكی باش، بە خۆشحاڵییەوە خودی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو شێوازە كار دەكات و لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕەنگ دەداتەوە بە پێداچوونەوە بە كۆی گشتی ئەو بڕیار و پرۆسەیە لە ئێستادا هەڵسەنگاندنی زۆر ورد دەكرێت بۆ كۆی پرۆسەكان بە گشتی كە ئەو هەنگاوانە كاریگەرییان لەسەر سەرجەم بوارەكان و چاكە و كاردانەوەكان و شوێنەوارەكانی چی بووە. بەگشتی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانی كە پێی دەوترێت چاكبوونەوە و خۆگرتنەوە دەستی پێ كردووە و ڕوو لەباشی دەكات و، هەرێمی كوردستان چۆن لە ڕووی پێكەوەژیان و ئارامی و سەقامگیری باشە، دەبێت لە ڕووی ئابووری و وەبەرهێنانیشەوە لە ڕووی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری باش بێت و ئەوەش لە ژیانی هەر هاووڵاتییەك و مووچەخۆرێكیش ڕەنگ بداتەوە، بۆیە ڕێكار و هەنگاوەكانمان پێویستی بە كات و هەڵسەنگاندن و وردبوونەوەی زیاتر هەیە و پەلەكردن كاریگەریی سلبی دەبێت.