ئایا تەنیا بە ئەلارمی كاتژمێر لە خەو هەڵدەستیت؟

ئایا تەنیا بە ئەلارمی كاتژمێر لە خەو هەڵدەستیت؟

 ئایا هەموو بەیانییەك بەبێ دانانەوەی ئەلارمی كاتژمێر Alarm clock لەكاتی پێویست لە خەو هەڵدەستیت؟ ئەگەر وابێت ئەوا پێدەچێت كە شەوان تێر ناخەویت. ئەگەرچی رای پسپۆڕان سەبارەت بە ژمارەی كاتژمێرەكانی نووستن لە شەو و رۆژێكدا بۆ كەسانی پێگەیشتوو جیاوازە، بەڵام بەگشتی زۆربەیان لەسەر ئەمە كۆكن كە پێویست دەكات 6-8 كاتژمێر خەوی قووڵی بێ پچڕان كە چوار قۆناغی خەوی دروست لەخۆ بگرێت، لەوكاتەی كە هەر قۆناغێكی خەوی دروست 90 خولەك دەخایەنێت. لە لایەكی دیكەوە، زانا و پسپۆڕانی خەو پێیان وایە كە تا یەكێك تەنیا بە ئەلارمی كاتژمێر بیدار بێتەوە، ئەوا ئەو كەسە تێر خەو نییە، یان كوالیتی خەوەكەی باش نییە. لە رووی پێویستیمان بە ژمارەی كاتژمێرەكانی نووستن، هەموومان لە یەكتری جیاوازین، ئەم مەسەلەیە بەندە بە هۆكاری جینەكان(بۆماوە)، رەگەز، تەمەن، پیشە، ستایلی ژیانی رۆژانە، باری دەروونی، لەگەڵ تەندروستیی گشتیی لەش، بەڵام ئەوەی گومانی تێدانییە، ئەوەیە كە هەر كەسێك ئەگەر تێرخەو بێت، ئەوا بۆ لەخەوهەڵسان پێویستی بە ئەلارمی كاتژمێر، یان ئەلارمی مۆبایل نابێت.

Top