ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌موو یارییه‌كان

ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌موو یارییه‌كان

شێوا بورهان یاریزانى تۆپى باله‌ى ئه‌كاد
ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌موو یارییه‌كان
یانه‌ى وه‌رزشیى ئه‌كاد یه‌كێك له‌م یانانه‌ى كه‌ گرنگى به‌ یارییه‌كانى ئافره‌تان ده‌ده‌ن له‌ قه‌زاى عه‌نكاوه‌، تیپى تۆپى باله‌ى یانه‌كه‌ش یه‌كێك له‌ تیپه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانى سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌ و كچه‌ یاریزانانى به‌توانایه‌ ، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش كچه‌ یاریزان شێوا بورهان ئه‌و به‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ى هه‌موولایه‌كى سه‌رسام كردووه‌ كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى له‌ هه‌ردوو خولى نایابى تۆپى باله‌ى كوردستان و عێراقیش ، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 2000ى شارى سلێمانیه‌ پێشووتر له‌ یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى یارى ده‌كرد، ماوه‌ى دوو وه‌رزه‌ رووى له‌ یانه‌ی ئه‌كاد كردوه‌، ناوبراو قوتابی قۆناغی سێیه‌مى به‌شى ئینگلیزییه‌ له‌ زانكۆى سلێمانى ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاڕاسته‌ى كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بى
*ئاستى یارى تۆپی باله‌ چۆن ده‌بینى ؟
- به‌ گشتى یارى باله‌ پشتگوێ خراوه‌ له‌ كوردستان و عێراق به‌ تایبه‌تى بۆ كچان، هه‌روه‌ها گرنگى پێویستى پێ نایه‌ن.
*كه‌مى پاڵه‌وانیه‌تى تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌وو پێش نه‌چێت؟
- خوله‌كان زۆر به‌ كه‌می ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌موو یارییه‌كان نه‌ك ته‌نیا بۆ یارى باله‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى یاریزان باشتر و باشتر گرنگى به‌تواناى خۆی بدات، وه‌ به‌توانێ ئه‌نجامى باشتر به‌ده‌ست بهێنێت زیاتر حه‌زی بۆ یارییه‌كه‌ى هه‌بێت.
* چى بكرێت بۆ زیاتر گرنگیدان به‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كان؟
- ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى و كردنه‌وه‌ى خول زۆر گرنگه‌ بۆ یاریزانان بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى به‌ره‌ووپێشه‌وه‌ بچێت، یاریزانان بچنه‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بۆ به‌شدارى له‌ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌.
*گرفتى یارییه‌كانى تۆپى باله‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- كێشه‌و گرفتمان هه‌موو سالێك به‌س كردنه‌وه‌ى خوله‌، هه‌موو سالێك ده‌لێن قه‌یرانى داراییه‌ ته‌نیا بۆ یارى باله‌ش قه‌یرانه‌ ناكرێ.
* له‌لایه‌ن یانه‌كانى كوردستان گرێبه‌ستت پێشكه‌ش كراوه‌؟
-له‌ زۆرى یانه‌كانى كوردستان ئه‌فرۆدێت و كۆیه‌ و ئافره‌تانى هه‌ولێر و ده‌ربه‌ندیخان و ئه‌كاد و چه‌ندین یانه‌ى تر گرێبه‌ستم پێشكه‌ش كراوه‌.
*به‌نیازى چى بۆ داهاتووى خۆت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-به‌رده‌وام ده‌بم وه‌كو یاریزانێك هه‌وڵ ده‌ده‌م بۆ نازناوى زیاتر له‌ ژیانى وه‌رزش و له‌ داهاتووشدا ده‌مه‌وێ ببمه‌ راهێنه‌رى تیپێكى باله‌، هه‌ر چه‌نده‌ خۆم راهێنه‌رى جیمم.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ كوردستان یانه‌كان پشت به‌ ڕاهێنه‌ر و یاریزانى بیانى ببه‌ستن؟
- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م گرنگى به‌ یارى باله‌ بده‌ن و با راهێنه‌رێكى بیانى به‌توانا و به‌ ئه‌زموون بهێنن، ئه‌گه‌ر له‌ راهێنه‌ره‌كانى خۆمان باشتر بێ ئاساییه‌، له‌ زۆربه‌ى ووڵاتانى دونیاش كاری هاوشێوه‌ بوونى هه‌یه‌
*بۆچى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانیت جێهێشت؟
- له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ رێك نه‌كه‌وتم، ئێستاش یارى بۆ یانه‌ى ئه‌كاد ده‌كه‌م و زۆریش دڵخۆشم له‌م یانه‌یه‌.
*داواكارى و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشى؟
- گرنگى زیاتر به‌ یارى باله‌ بده‌ن، وه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵ بده‌ن به‌ كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌وانێتى به‌ تایبه‌ت بۆ كچان، گرنگى زیاتر به‌ یاریزانان بدرێت.
* چ خه‌ونێكت هه‌یه‌ له‌ ژیانى وه‌رزشیت ؟
- رۆێك له‌ر ۆژان ببینم كه‌وا گرنگى به‌ یارى باله‌ ده‌درێت، ئه‌م یارییه‌ش بگاته‌ ئاستى ووڵاتانى ده‌وروبه‌ر ئاستى یانه‌ و یاریزانان به‌رز بێته‌وه‌ و حه‌زو خولیا و بۆ ئه‌م یارییه‌ زیاتر بێ.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ نیت رۆژێك له‌ رۆان هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ؟
-ئه‌وه‌ هیواى من و خه‌ونى منه‌ وه‌كو یاریزان بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تێك به‌ هه‌ڵبژارده‌ى ووڵاته‌كه‌م بكه‌م.
*هیچ گرێبه‌ستت پێشكه‌ش نه‌كراوه‌ له‌ یانه‌كانى تر؟
-تاكو ئێستا نه‌خێر ، چونكه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ له‌م وه‌رزشه‌م.
*له‌ هه‌ڵبژارده‌ى باله‌ى عێراق داواكراوی؟
- به‌ لێ به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و نه‌خۆشى كۆرۆناوه‌ به‌شدار نه‌بووینه‌، تاكو ئێستاش به‌شداری هیچ خولێكى ده‌ره‌وه‌مان نه‌كردووه‌.
*خوێندن و وه‌رزش له‌ یه‌ك كاتدا گرتى بۆ دروست نه‌كردووى؟
-به‌ ته‌ئكید كێشه‌م بۆدروست بووه‌ هه‌ردوو كار له‌ یه‌ك كاتدا قورسه‌، به‌ڵام سوپاسى خانه‌واده‌كه‌م و ماڵه‌وه‌م ده‌كه‌م كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشت بووینه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌م به‌رده‌وام بم له‌ وه‌رزش كردنم.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى كه‌ ئه‌نجامى ده‌دات بۆ وه‌رزشكارانى كوردستان جێگاى ده‌ست خۆشییه‌.سوپاس بۆ راهێنه‌ر و خانه‌واده‌كه‌م بۆ پشتگیری به‌رده‌وامیان.

 

Top