كۆڤید 19 و نەمانی هەستی بۆنكردن

كۆڤید 19 و نەمانی هەستی بۆنكردن

ونكردن، یان نەمانی هەستی بۆنكردن Anosmia، یان كەمبوونەوەی هەستی بۆنكردن Hyposmia یان گۆڕان لە هەستی بۆنكردندا بۆ ماوەیەكی كورت، نیشانەیەكی باوە لە حاڵەتەكانی هەڵامەت و ئەنفلوەنزادا، هەروەها لە حاڵەتەكانی هەوكردنی گیرفانەكانی لووت و هەستەوەریی لووتدا، نەمانی هەستی بۆن لە زۆربەی حاڵەتەكانی كۆڤید19 دا نیشانەیەكی باوە، تەنانەت بەبێ بوونی نیشانەی وەكو كۆكە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، زۆر جاریش هاوكاتە لەگەڵ نەمانی هەستی چێژكردندا، نزیكەی 20-50%ی تووشبووانی كۆڤید19 دوچاری ئەم گرفتە دەبنەوە، بەتایبەتی تووشبووە گەنجەكان، بەگشتی نەمانی كتوپڕی هەستی بۆنكردن پەیوەستە بە كۆڤید19، تەنانەت بەبێ بوونی نیشانەكانی دیكە، بەتایبەتی كۆكە و تا. نەمانی هەستی بۆنكردن لە تووشبووان بە كۆڤید 19، بە گشتی دوو هەفتە دەخایەنێت، پاشان لە ماوەی 10 رۆژدا بە تەواوی هەستەكە دەگەڕێتەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتە هۆی هەوكردن لە ناوپۆشی لووت و دەمارەخانەكانی هەستی بۆنكردن Olfactory neurons بەبێ گیرانی لووت، كە لە حاڵەتی هەڵامەت و ئەنفلوەنزادا بەدی دەكرێت و دەبێتە ئەگەری نەمانی هەستی بۆنكردن.

 

Top