بۆچی پێویستە دووریی فیزیكی یەك تا دوو مەتر بێت؟
ئەوە روونە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی سەرەكی لە رێگای هەوادا بە هۆی دەرداو، یان پرووشكەكانی كۆئەندامی هەناسە Droplets لە یەكێكی تووشبوو بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە. هەندێك سەرچاوە ئاماژەیان بەوە كردووە كە لە تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنادا، پرووشكی ورد كە لەگەڵ كۆكەی تونددا دەردەچن، لەوانەیە كە بۆ دووریی زیاتر لە هەشت مەتر بڵاو بنەوە، بەتایبەتی لەكاتی كەمیی رێژەی شێداریی هەوا، چونكە كێشی پڕوشكە وردەكان زۆر سووكە. دیاركردنی دووریی فیزیكی بە چەند هۆكارێكەوە بەندە، سەرەتا دیاریكردنی دووریی كۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی دابەشبوون، یان پەرشو بڵاوبوونی پرووشكە گەورە و بچووكەكان دانراوە، كە لە كۆئەندامی هەناسە لەكاتی قسەكردن و پژمین و كۆكەدا دەردەچن و رۆڵیان لە گواستنەوەی ڤایرۆسدا هەیە. قەبارە و شێوەی پرووشكەكان لەگەڵ هەناسەدانەوە و كۆكە و پژمیندا بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەمەش رۆڵی گرنگی هەیە بۆ دیاریكردنی ئەو دوورییەی كە پرووشكەكان دەیبڕن، یان دەیگەنێ. رێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO بە مەبەستی كەمكردنەوەی ریسكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دووریی فیزیكی وا دیاری كردووە، كە لە یەك مەتر كەمتر نەبێت. واباشترە كە ماوەی دووریی فیزیكی لەگەڵ چەند فاكتەرێكی دیكەدا رێك بخرێت، بۆنموونە: پێویستە كە دووریی فیزیكی لە ژووری داخراودا بەلای كەم دوو مەتر بێت، ئەگەر زیاتریش بێت باشترە.