چی دەزانیت سەبارەت بە جۆری گۆڕاوی C.1.2 ڤایرۆسی كۆرۆنا؟
جۆری گۆڕاوی C.1.2 ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ یەكەمجار لە باشووری ئەفریقا پەیدابوو، پاشان چەند وڵاتێكی دیكەی گرتەوە، ئەم جۆرەی كۆڤید هەمان ئەو گۆڕانانە لەخۆ دەگرێت كە لە جۆرەكانی ئەلفا، بیتا، دێلتا لەگەڵ جۆری گامادا بەدی دەكرێن. ئەم گۆڕانانە وایان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كردووە كە خێراتر بڵاوبێتەوە و، زیاتر بەرگەی سستمی بەرگریی لەش بگرێت. ئەم جۆرە گۆڕاوە، گۆڕان لە نوكە پرۆتینەكانی Spike protein ڤایرۆسی كۆرۆنا لەخۆ دەگرێت، كە بنەمای زۆربەی گۆڕاوەكانی دیكەیە. گۆڕانەكان لەم جۆرەی C.1.2 دا توانای بەرگەگرتنی ئەو بەرگرییەی لەشیان هەیە كە لە ئەنجامی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆڤیدەوە پەیدادەبێت، ئەمەش وای لێ دەكات كە وەكو جۆری گۆڕاوی دێلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا توانای بڵاوبوونەوەی زیاتر و خێراتری هەبێت. هەندێك سەرچاوەی پزیشكی باس لەوە دەكەن كە ئەم جۆرە گۆڕاوە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆڵێكی نوێی سەختی پەتای كۆڤید19 لە ئایندەدا، هەروەها لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە ئەم جۆرەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەر ساڵێكدا توانای دروستكردنی 41.8 گۆڕانی هەیە، نیشانەكانی پەیوەست بە تووشبوون بەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتین لە: زیادبوونی دەردراوەكانی لووت، كۆكەی بەردەوام، ئازاری توندی قوڕگ، ئازاری گشتیی لەش، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، نەمانی هەستی بۆن و چێژ، سووربوونەوەی چاوەكان، سكچوون، گرژبوون و ئازاری ماسوولكەكان.