دەنگ و رەنگی ژنانە

دەنگ و رەنگی ژنانە

هەرچەندە شێوەكاری پیاو بیەوێت وەك زمانحاڵی ژن بێتە دەنگ، پێم وا نییە بتوانێت بە تەواوی پەی بە قووڵایی دنیای مێیینە ببات، پێچەوانەی ئەوەش هەر راستە. خەسڵەتی جڤاكی ئێمەش وایە، بەو جۆرەی لە هەموو بوارێكدا دەروازە بە رووی نێرینەدا كراوەیە، ئافرەتان لە بازنەیەكی زۆر تەسكدا لە گەلێك بواردا دەجووڵێنەوە.

تاریق كارێزی

بۆ ئاشنا بوون بە هەستی ژنانە، وا پێویست دەكات گوێ لە دەنگی ئەوان بگرین و تەماشای رەنگ و سیمای داهێنانی ئەوان بكەین، لەنێو شێوەكارییشدا نیگار پێگەیەكی تایبەتی هەیە، خەسڵەتێكی نەرم و نیانی هەیە و، رەنگ و هێڵ دەخاتە خزمەتی هونەرمەندی كارامەوە، بۆ ئەوەی زمانی داهێنەرانەی خۆی گەڵاڵە بكات، لەمەشدا مەرج نییە هەموو كاتێك بەرهەمی خانمی شێوەكار بە دەوری جوغزی خەمی ژنانەدا بسووڕێتەوە، زۆر خانمی شێوەكار هەن دوور لە بابەتی رەگەز كار دەكەن و، لەنێو خولگەی مرۆڤانەدا وەك مرۆڤ بیر دەكەنەوە و داهێنان دەكەن.

دەنگ و رەنگی ژنانە

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیخەمە روو، بەرهەمەكانی خانمە شێوەكارێكی شاری كفرییە (گوڵاڵە حەمید) ئەو لە روانگەیەكی قووڵی هزرییەوە هاتووەتە گۆ، لە دنیای مێیینەوە خۆی بە گۆڕەپانی هونەری شێوەكاریدا كردووە، لە گەرمیانی زێدی گوڵاڵە خاندا، تراژیدیا رواڵەتی هەرە دیار و بەرجەستەیە بە دۆخی ژنانی ئەو دەڤەرەوە. گەرمیان بە مكوڕ بوونێكی زۆرەوە توانیویەتی ناسنامەی خۆی بەرانبەر بە هەموو شاڵاوەكانی ریشەكێشكردنی كورد وەك بوون و كولتوور بپارێزێت، ئەو بەرەنگارییەی مرۆڤی ئەو دەڤەرەی كوردستان دژ بە داگیركەرانی خاكی نیشتمان نواندوویەتی، باجێكی قورسی (لە نموونەی شاڵاوی ئەنفال) ویستووە، لێرەوە رایەڵێكی دژواری تراژیدیای مرۆڤ خۆی نواندووە، لە بەرهەمی گوڵاڵەشدا بەرجەستە بووە.

دەنگ و رەنگی ژنانە

گوڵاڵە حەمید بەرهەمی خۆی تەنیا بە تراژیدیای ئافرەتانی دەڤەرەكەی خۆی قەتیس نەكردووە، بەڵكو وەك خانمێكی شێوەكار لە هەر شوێنێك پڕكێشی كرابێتە سەر شكۆی خانمانی وڵاتەكەی، لە هەر گۆشەیەكەوە تاریكایی و لێڵایی تەم و گومانی بەسەر دنیای ئافرەتەوە دیبێت، هاتووەتە دەنگ، زمانی ستاتیكای خۆیی كردووەتە گوتارێكی كارا و كاریگەر، بۆ ئەوەی خەمی قووڵی ژنانەی پێ بخاتە روو.

لە رووی تەكنیكەوە كاری بەو ئاراستەیە كردووە، شێواز و ستایلی خۆی هەبێت، ئەم هەوڵەی ئەویش تا رادەیەك بە ئاكام گەیشتووە و، رایەڵێكی بەتین لەنێوان مرۆڤ و شوێن دروست دەكات، بە جۆرێك وەك دوو فیگەر ئاوێزانی یەك دەبن، ئەوان دەبن بە دوانەیەكی لە یەكدی دانەبڕاو و ئاوێتە بە یەك، كە لە تەواوی ئەو هەوڵەی خۆیدا دەیەوێت هونەر زادەی ژینگە و خەیاڵی نێو دەوروبەر بێت، ئەمەش مۆركی خۆماڵی و تایبەتمەندی بە هونەر دەدات، بۆیە دەبینین پەنجە مۆری شوێن و رواڵەتی ژیان و ژینگە بە چڕی خۆی لە تابلۆی ئەودا دەنوێنێت.

دەنگ و رەنگی ژنانە

ئەم هونەرمەندە لە قۆناغێكی گەورەی ئەزمووندایە، قسەی ئێمە لە بارەی كۆی بەرهەمەكانی نییەتی، بەڵكوو ئێمە باسی دوایین پیشانگای ئەو دەكەین كە لە شاری كفریدا كردیەوە، ئەو لە جۆشدانیی شوێن و شوێنەوار و بەكارهێنانی وەك تانوپۆی تابلۆدا سەركەوتوو بووە، گوتارێكی چڕی دیدەیی و جوانییەكی باڵا پیشان دەدات، بەڵام هەندێك جاریش، مۆركی پۆستەر گوتاری ستاتیكاییانەی ئەو لە جوغزی هزر دادەبڕێت و، بەرەو جیهانی پۆستەری دەبات، واتە بە زمانێكی زۆر راستەوخۆ دێتە گۆ، ئەمەش دۆخێكە كە پێویستە هونەرمەند تێی بپەڕێنێت.

Top