نزیکەی ١٨٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دۆلار لە سێ وڵاتەوە دەگەڕێندرێتەوە عێراق

  نزیکەی ١٨٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دۆلار لە سێ وڵاتەوە دەگەڕێندرێتەوە عێراق

 

میدیا ناوخۆییەکانی عێراق لە زاری ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بڵاویان كردەوە كە حکومەتی فیدڕاڵی بەنیازە رێککەوتنامەیەک لەگەڵ ئوردن و میسر و سویسرادا واژۆ بکات.

لعێبی دووپاتی كردەوە كە رێککەوتنەکە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بەشێک لەو پارانەیە کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی سەرۆكی ڕژێمی پێشووی عێراق سەدام حسێن بەناوی کەسایەتییە هەواڵگرییەکانی ئەوکاتی حکومەتەوە براونەتە دەرەوە و لە ئێستادا دەستیان بەسەرداگیراوە و بلۆک کراون.

 

وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەشی بەوە كرد كە هەوڵدەدرێت پارەکە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی سکاڵاوە لە نووسینگەکانی وەزارەتی داد و سندوقی گێڕانەوەی سامانە براوەکان لە دەستەی دەستپاکییەوە بگەڕێندرێتەوە.

 

شایانی باسە بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دادی عێراق، لە ئێستادا هیچ ئامارێکی ورد و دروست لەبەردەستدا نییە لەبارەی بڕی تەواوی ئەو پارانەی براوەتە دەرەوەی وڵات،كە بە  نزیکەی ١٨٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

Top