ڕەوشی ئەفغانستان (ئەنجلینا جولی) دەباتە ئانستگرام

ڕەوشی ئەفغانستان (ئەنجلینا جولی) دەباتە ئانستگرام

بۆ یەكەمجار ئەنجلینا جولی دەبێتە یەكێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئانستگرام .

ئەكتەری سینەمایی و ئەستێرەی دیاری هۆڵیوود(ئەنجلینا جولی) بۆ یەكەم هەژمارێكی تایبەت بەخۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام دادەنێت,

وەك ئاشكرایە بارودۆخی جیهان و گۆڕانكاری لە ڕەوشی ناوەخۆی ئەفغانستان كاریگەری زۆری لەسەر ئەنجلینا هەبوو, بەڕادەیەك كە یەكەم بڵاوكراوەی لە ئەنستگرام بریتی بێت لە نامەی كچێكی ئەفغانی .

ئەنجلینا جولی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی نامەكە دەنووسێت: لە ئێستادا خەڵكی ئەفغانستان بێ بەشبوون لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناتوانن بە ئازادیی ڕای خۆیان دەرببڕن, هاتمە ئەنستگرام تاوەكو چیرۆك و دەنگی ئەوانە بڵاوبكەمەوە كە تێدەكۆشن لە پێناو مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا .

هەروەها لە درێژەی نووسینەكەیدا ئەنجلینا جولی ئاماژەی بەوەدا كە ناكرێ وڵاتانی جیهان بە بچووكی لە ئاوەرەكانی ئەفغانستان بڕوانن چونكە ئەوان گەر تەنها ئامرازو ڕێگایەكیان هەبێت دەتوانن زۆر شت بۆخۆیان بونیاد بنێن, كچان و خانمانی ئەفغانستان نەك خوێندنیان ڕەت نەكردۆوتەوە بەڵكو لە پێناویدا قوربانیان داوە .

ئەنستاكەی ئەنجلینا جولی تەنها لەماوەی 13 كاتژمێردا 4.4 ملیۆن فۆڵۆوەرسی بۆ هاتووەو پۆستەكەی لەو ماوەیەدا نزیكەی یەك ملیۆن و نیو ڵایكی هەیە .

ئەنجیلنا جولی جگە لەوەی كە ئەستێرەیەكی دیاری سینەماییە, زۆر كاری خێرخوازی و مرۆیی ئەنجامداوە, ئەم كەسایەتییە دوای ئەوەی سەردانی وڵاتی كەمبۆدیا دەكات بۆ وێنەگرتنی فیلمی(لاری كرۆفت) لە نزیكەوە خەڵكی ناوچەكە دەبینێت كە بەمەش ئەنجلینا ڕوودەكاتە كاری خێرخوازی و هەوڵدان بۆ باشتر كردنی باری گوزەرانی خەڵكی هەژار, كە لە دواییدا ئەنجلینا بووە باڵیۆزی نیازپاكی لە (UNHCR) كە ڕێكخراوێكی جیهانییە تایبەت بە پەنابەران, هەروەها ئەنجلینا توانی سەردانی بیست وڵاتی جیهان بكات و لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ژیانیانی ئاوارەكان بێت, نموونەی ئەو وڵاتانەش كە سەردانی كردووە( سودان كەمبۆدیا پاكستان كینیا لوبنان سۆماڵ سلڤادۆر دارفور), ئەنجلینا جولی جگە لە پاڵپشتی بواری تەندرووستی و كاركردن لەپێناو پاراستن و ڕەوشی منداڵان بە ملیۆنان دۆلار پاڵپشتی خۆی دەربڕیوە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەو دابینكردنی پێداویستی پزیشكی .

هۆكاری زۆر ناوهێنانی ئەنجلیناو (براد پیت)ی هاوسەری پێشووی تەنها لەبەر دەركەوتنییان نەبووە لە سینەماو شاشەكاندا, بەڵكو ئەوان دوای هاوسەرگیریان توانیان بە شێوەیەكی هاوبەش ڕێكخراوێكی خێرخوازی تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن .

ئاسۆ كاكەیی

Top