خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ بگه‌م به‌ هه‌موو پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌

خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ بگه‌م به‌ هه‌موو پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌

چاوان به‌هادین یاریزانى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى
خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ بگه‌م به‌ هه‌موو پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌
پارێزگاى سلێمانى زۆربه‌ى كات به‌وه‌ ناوى ده‌كردوه‌ كه‌ له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان ومه‌یدان پێشه‌نگ بووه‌ له‌ دروست كردنى چه‌ندین یاریزانى به‌توانا له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و بگره‌ له‌ عێراقیش، یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌و یانانه‌ى كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵى پێگه‌یاندنى یاریزانانى ئاسته‌كانى ته‌مه‌ن ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بێته‌ خاوه‌ن باشترین پێكهاته‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان ، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش چاوان به‌هادین-ه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان به‌تایبه‌ت له‌ یارى یه‌ك باز و سێ باز به‌شدار بووه‌ و خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 1995ى شارى سلێمانیه‌ و ته‌نیا بۆ یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى یارى كردوه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*چۆن بوو خۆت له‌ نیو دونیاى وه‌رزشیی دۆزییه‌وه‌؟
-خولیایه‌كى منداڵیم بووه‌، وه‌ به‌ پاڵپشتى خوشكه‌كانم بووه‌ كه‌ وایان كردوه‌ كه‌ من زیاتر نزیكتر ببمه‌وه‌ له‌ وه‌رزش له‌ 2008 تاكو ئێستا له‌ وه‌رزش كردن به‌رده‌وام له‌م یارییه‌.
*بۆچى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدانت هه‌ڵبژارد؟
-حه‌ز و خولیایم بوو، وه‌ خۆشه‌ویستییه‌كى تایبه‌تم بۆ ئه‌م یارییه‌ هه‌بووه‌، ئه‌ویش له‌ به‌ر خۆشه‌ویستى خوشكه‌كانم بووه‌ زیاتر.
*هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م یارییه‌ بۆ كچان وه‌رزشێكى كه‌مێك قورسه‌؟
- راسته‌ یارییه‌كى قورسه‌، به‌ڵام ئه‌و یارییه‌ى من هه‌ڵم بژاردوه‌ به‌ بووكی یارییه‌كان داده‌نرێت، یارییه‌كى ئاسانه‌ و خۆشه‌ لاى من، چونكه‌ هه‌ڵبژارده‌ى خۆمه‌ خۆشم ده‌وێت.
*ئاستى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى چۆن ده‌بینى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
- به‌هۆى كه‌مى یانه‌كانه‌وه‌ هیچ ئاستێكى وا باش نابینم، ئه‌و یانانه‌ى كه‌ كه‌ هه‌ش بێـ ئاستیان زۆریش لاوازه‌، وه‌ له‌ كوردستان هه‌موو یارییه‌كان لاوازن به‌ تایبه‌ت له‌ رووى گۆڕه‌پان و مه‌یدانه‌وه‌ هیچ گرنگییه‌كى پێ نادرێـت.
*بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ بچێته‌ قۆناغێكى باشتر چى بكرێت باشه‌ ؟
-كردنه‌وه‌ى زۆرترین پاڵه‌وانێتى، وه‌ پشتگیری كردنى یاریزانان و یانه‌كانیش له‌ رووى ماددی وه‌ دابین كردنى پێداویستیه‌كانیان و راهێنه‌رى شاره‌زا له‌ بوارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان.
*خه‌ونى تۆ له‌ وه‌رزشیی گۆڕه‌پان و مه‌یدان چیه‌؟
-خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ بگه‌م به‌ هه‌موو پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ شكاندنى زۆرترین ژماره‌ى پێوانه‌یی و گه‌یشتن به‌ ئۆلۆمپیاد.
* بۆچى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانیت هه‌ڵبژارد؟
-ده‌ستپێكى من له‌و یانه‌یه‌ بووه‌ هه‌موو كات به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌لێم وه‌كو ماڵى دووه‌می منه‌ هه‌مووكات پاڵپشت و پشتیوان بووینه‌ سوپاسى هه‌موویان ده‌كه‌م.
* له‌ ئه‌نجامه‌كات رازی وه‌كو یاریزان؟
-له‌ ئاستى ته‌مه‌ن بچووكه‌كان پله‌ى یه‌كه‌م هه‌بووه‌ و ژماره‌ى پێوانه‌یی عێراقیش له‌ ئاستى پێشكه‌وتوانیش به‌هه‌مان شێوه‌، له‌ یارى یه‌ك باز و سێ باز زۆرترین پله‌ى یه‌كه‌میم به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ سێ باز ژماره‌ى پێوانه‌ییم شكاندنه‌وه‌ 11مه‌تر و 73سم ئه‌مساڵ توانیم رۆژێكى مێژوویی بۆ خۆم تۆماربكه‌م وه‌كو كچه‌ كوردێك.
* جگه‌ له‌م یارییه‌ چ یارییه‌كى تر ئه‌نجام ده‌ده‌ى؟
- به‌رزكردنه‌وه‌ى قورساییشم ئه‌نجام داوه‌ و خاوه‌نى پله‌ى یه‌كه‌م بوویمه‌.
*هیوا و ئاواتت وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
- له‌ داهاتوودا ببمه‌ راهێنه‌رێكى سه‌ركه‌وتوو تایبه‌ت به‌ خزمه‌تى یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان بكه‌م.
*هه‌ست چیه‌ كاتێك ریكۆردی گه‌وره‌ ده‌شكێنى؟
-هه‌ستێكى تایبه‌تم هه‌بووه‌ زۆریش خۆشحاڵ بوویمه‌، كه‌ ئه‌و ژمارانه‌ ده‌شكێنم هه‌ست ده‌كه‌م ماندوو بوونم به‌ فیرۆ نه‌رۆیشتووه‌، بۆكچێكى كورد كه‌م نییه‌ ژماره‌یه‌ك بشكێنێ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ نه‌شكاوه‌.
*گرێبه‌ستت له‌ هیچ یانه‌یه‌ك بۆ هاتاووه‌؟
-نه‌خێر تا ئێستا بۆم نه‌هاتووه‌، به‌ڵام به‌پێێ كات له‌وانه‌یه‌ هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك رووبدات.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن؟
-خانه‌واده‌كه‌م پاڵپشتى سه‌ره‌كیم سوپاسى هه‌موویان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ به‌رده‌وامه‌.
* ده‌ته‌وێ چى بلێ له‌ كۆتایی؟
-به‌هیواى ئه‌وه‌م له‌ داهاتوودا یاریگایه‌كى تایبه‌ت به‌م یارییه‌ دروست بكرێت بۆ یانه‌كانى كچان، هیوادارم له‌كوردستان زیاتر گرنگى به‌م یارییه‌ بدرێت، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى به‌ یاریزانانى شاره‌كانى كوردستان ده‌كات.

 

Top