جۆری گۆڕاوی گامای كۆڤید19 چییە؟
هەموو ڤایرۆسەكان بە تێپەڕبوونی كات خۆیان دەگۆڕن، واتە گۆڕان لە سیستمی جینی ڤایرۆس روودەدات، كە دەبێتە هۆی گۆڕان لە نووكە پرۆتیینەكانی ڤایرۆس. ئەگەرچی هەندێك گۆڕان كاریگەریی كەمیان لەسەر سرووشت و سیفاتە گشتییەكانی ڤایرۆسدا دەبێت، بەڵام هەندێك گۆڕان هاندەر دەبن بۆ دژوارتربوون و خێراتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس، هەر وەكو جۆرە گۆڕاوەكانی دێلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا. گۆڕاوی گاما Gamma variant یان (P1) جۆرێكی دیكەیە لە گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە پەیوەندی بە خێراتر بڵاوبوونەوە و سەختتربوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆڤید19 هەیە، جۆری گۆڕاوی گاما مانگی كانوونی یەكەمی 2021 بۆ یەكەم جار لە بەرازیل دەركەوت، بۆیە بە گۆڕاوی بەرازیلی Brazilian variant ناوزەد كرا، ئینجا لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا بە شێوەیەكی فراوان بڵاوبوویەوە. توێژەرانی بەشی تەندروستیی كۆمەڵ لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی جەختیان كردۆتەوە، كە جۆری گۆڕاوی گامای ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیوەندیی بە زیادبوونی رێژەی مردن لە تووشبوواندا هەیە، جەختیان لەوەش كردۆتەوە كە پەیدابوونی هەر جۆرێكی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەر وڵاتێكدا، پاش ماوەیەك بۆ وڵاتانی دیكەی جیهان دەگوازرێتەوە.